
رۆژنامهوانى – كهركووك:
جیهان، لە سێی ئایاری هەموو ساڵێكدا یادی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری دەكاتەوە، ئەم رۆژە وەك بۆنەیەك بەكاردەهێنرێت بۆ ناساندنی بنەما سەرەكییەكانی ئازادیی رۆژنامەگەری بە جەماوەرو هەڵسەنگاندنی ڕوشی ئازادیی رۆژنامەگەری لە تەواوی جیهانداو دەركردنی راپۆرتگەلێك كە ئاستی ئەو ئازادییە لەهەر وڵاتێكو ئەو ئاستەنگو ئاڵنگییانەی كە روبەڕوی دەبێتەوە، روونبكاتەوەو یادی ئەو رۆژنامەنووسانەش بكرێتەوە كە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.
لە عیراق، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن ڕەوشی ئازادییو ڕۆژنامەگەری، لەچاو ساڵی رابردوودا، نەگۆڕاوەو عیراق، بە ژینگەیەكی زۆر مەترسیدار بۆ كاری رۆژنامەگەری دادەنرێت، كە كوژرانو برینداربوونی 55 رۆژنامەنووس لە ماوەی ساڵێكدا، تۆماركراوە.
ناوچەی سوور
زۆرینەی زۆری دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕیزبەندیی ساڵانەی ڕێكخراوی “پەیامنێرانی بێسنوور”دا لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا كە ڕۆژی 27ی نیسان بڵاوكرایەوەو 180 وڵاتی لەخۆگرتبوو، ئاستیان هاتووەتەخوارەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، عیراق لە پلەی 158دایە لەسەر ئاستی جیهان بەبێ تۆماركردنی هیچ پێشوەچوون یان هاتنەدواوەی ئاستەكەی لەچاو ساڵی پێشوودا، بەڵام خراوەتە ناوچەی سوورەوە كە مانای ئەوەیە رەوشی كاری رۆژنامەگەری تیایدا “گرانە”.
ڕاپۆرتەكە، پێنج پلەی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری داناوە كە بریتیین لە:”رەوشی باش (ڕەنگی سپی)، ڕەوشی تا ئاستێك باش (زەرد)، ڕەوشی هەستیار (پڕتەقاڵی)، ڕەوشی گران (سوور)، ڕەوشی زۆرگران (ڕەش)”.
بەپێی ئەو نەخشەیەی جیهان كە هاوپێچ لەگەڵ راپۆرتەكە بڵاوكراوەتەوە، عیراق بە سێ دەوڵەت دەورەدراوە كە بریتین لە وڵاتانی سعودییەو ئێرانو سوریا كە كەوتوونەتە ناوچەی “ڕەش”ی دابەشكارییەكە، كە مانای ئەوەیە رەوشی كاری رۆژنامەگەری لەو وڵاتانەدا “زۆر مەترسیدارە”، لەكاتێكدا توركیاو ئەردەن لە ناوچەی “سوور”دان، كوەیتیش بەوە جیادەكرێتەوە كە لەخانەی “پڕتەقاڵی”دا پۆلێنكراوە كە مانای ئەوەیە رەوشی رۆژنامەگەری تیایدا “هەستیارە”.
كوژرانو برینداربوونی 55 ڕۆژنامەنووس
بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی كە تیمی ڕوانگەی ئازادییە ڕۆژنامەگەرییەكان (JFO) لە ماوەی نێوان 3ی ئایاری 2016 تا 3ی ئایاری 2017دا ئەنجامیان داوە، دەركەوتووە كە ژمارەیەكی زۆری پێشێلكارییەكانی حكومەتەكان دژ بە كارمەندانی بواری ڕاگەیاندن، لەعیراقدا بووە. هەروەها توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە كە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن جیددیی نین لە پارێزگاریكردن لە سەلامەتیی ئەو كارمەندانەیان كە كار لەڕووماڵكردنی شەڕەكاندا دەكەن، سەرەڕای ئەوەش ئەوە تۆماركراوە كە هەڕەشەی نوێ بەرانبەر بەڕۆژنامەنووسان كراوە كە بریتییە لەنەریتە هۆزایەتیو عەشایەرییەكان كە هەندێك هۆز پێیهەستاون، هەروەها پرۆسەیەكی بەرتەسككردنەوەی ترسناك كە حكومەتە ناوخۆییەكان دژ بەڕۆژنامەنووسو چالاكوانە فەیسبووكییەكان ئەنجامی دەدەن، بوونی هەیە.
ڕوانگەی ئازادییە ڕۆژنامەگەرییەكان (JFO) كوژرانو برینداربوونی 55 ڕۆژنامەنووسو یاریدەدەری راگەیاندنیان تۆماركردووە كە بەهۆی كەمیی كەرەستەی سەلامەتیو كەمیی مەشقو ڕاهێنان لەسەر ڕووماڵكردنی ناوچە ناكۆكەكان، ڕوویداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەكە، یازدە حاڵەتی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان تۆماركراون كە لەچوار پارێزگادا ڕوویداوە، پێنج حاڵەت لە نەینەواو دوو حاڵەت لە كەركوكو دوو حاڵەت لەدهۆكو یەك حاڵەتیش لە سەلاحەددینو یەك حاڵەتیش لەئەنبار.
لە 21-10-2016دا، ئەحمەد هاجەر ئۆغلۆ (30ساڵ) بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ لەكەناڵی “توركمان ئیلی” لەكاتی ڕووماڵكردنی پێكدادانە چەكدارییەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو چەكدارانی داعشدا كە كتوپڕ هەڵیانكوتابووە سەر شاری كەركوكو ژمارەیەك باڵاخانەی حكومەتیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ كۆنتڕۆڵ كردبوو، كوژرا.
لە22-10-2016دا، عەلی ریسان، وێنەگری كەناڵی سۆمەرییە بەگولـلـەی نیشانشكێنەكانی ڕێكخراوی داعش لەناحیەی گەیارەی باشوری شاری موسڵ، كوژرا.
لە20-6-2016دا هێزێكی پۆلیس تەرمی ئەحمەد محەممەد حەمیدی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “مەدینە”ی هەفتانەیان لەشاری شەرگات دۆزییەوە كە سێ ڕۆژ پێشتر لەخۆرهەڵاتی تكریت فڕێندرابوو.
سەرچاوەیەكی ئاسایشی، بەڕوانگەی ئازادییە ڕۆژنامەگەرییەكان (JFO)ی ڕاگەیاند “هێزێكی پۆلیس تەرمێكیان پاش سێ ڕۆژ لەفڕاندنی، لەڕێگەی نێوان كەركوك – بەغدا لەنزیك ئامرلی، دۆزیوەتەوە”.
لە1-12-2016دا هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تەرمی “شوكری زەینەددین”ی وێنەگر لەكەناڵی (KNN)ی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانیان، لەقەزای ئامێدی باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دهۆك دۆزییەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو وێنەگرە پێشتر چەندجار هەڕەشەی لێكراوە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموكراتی كورستانەوە بۆ وازهێنان لەكارەكەی لەو كەناڵەدا.
لە 6-12-2016دا محەمەد سابت شەحازە، بەرپرسی یەكە لە ڕادیۆی “باباگوڕگوڕ” لەكاتی جێهێشتنی شوێنی كارەكەی، لەشاری كەركوك كوژرا.
هەروەها لە 25-2-2017دا شیفا گەردی، كچەپەیامنێری كەناڵی رووداو، لەكاتی رووماڵكردنی شەڕەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی گەڕەكی مەئموندا لەبەری ڕاستی شاری موسڵ، كوژرا.
لە22-3-2017دا نوجیان ئارهان، ڕۆژنامەنووسی كوردی توركی، كە وەك پەیامنێری پێگەی ئەلیكترۆنیی ئافرەتانی “سوجین”و ئاژانسی راگەیاندنی رۆژنیوزی سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستان، كاری دەكرد، كۆچی دوایی كرد. ئارهان بەهۆی سەختیی ئەو برینانەوە كۆچی دوایی كرد كە لەكاتی ڕووماڵكردنی پێكدادانەكانی شاری شەنگاری خۆرئاوای موسڵدا، بەركەوتبوو.
هەروەها وێنەگری كەناڵی ئاسمانیی غەدیر لە13-7-2016دا كوژرا، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە بەڕوانگەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری (JFO)یان ڕاگەیاند عەلی مەحمودی وێنەگریان بەبۆردومانێكی مووشەكی لەنزیك بنكەی گەیارە لە نەینەوا، كوژراوە.
لە 13-8-2016دا ویداد حسەین عەلی (28ساڵ) پەیامنێری ڕۆژنامەوان كە كاری بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز دەكرد كە پارتی كرێكارانی كوردستان پشتگیریی دەكات، روبەڕوی پرۆسەیەكی كوشتنی وەحشیگەرییانە بوویەوە پاشئەوەی كە لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان فڕێندراو لەسەرەڕێگا تەرمەكەی دۆزرایەوە كە پاشماوەی ئەوەی پێوەدیاربوو كە روبەڕوی ئەشكەنجەدان تا مردن بووەتەوە.
لە20-8-2016دا عەلی غەنی، ئەندازیاری پەخش كە كاری بۆ كەناڵی ئاسمانیی عەهد دەكرد بەبۆردومانی تۆپهاوێژەكان لەكاتی روماڵی شەڕی ئازادكردنەوەی دورگەی خالدییە لەپارێزگای ئەنبار، كوژرا.
هەروەها لە14-8-2016دا مستەفا سەعید وێنەگری تەلەفزیۆنی كە كاری بۆ كەناڵی ئاسمانیی كوردستان دەكرد كە خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان (PDK)، لەكاتی ڕووماڵكردنی شەڕدا لە شاری موسڵ، كوژرا.
لەلایەكی دیكەوە لەوكاتەوەی كە پرۆسە سەربازییەكان بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی كە ڕێكخراوی داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، دەستیپێكردووە، (44) ڕۆژنامەنووس لەكاتی رووماڵكردنی مەیدانیدا بریندار بوون. رۆژنامەنووسانی عیراقیو بیانی روبەڕوی مەترسیی ڕاستەقینە بوونەتەوە بەهۆی كەمیی كەلوپەلی سەلامەتیی جەستەیی كە خۆی لەهێلەكی گولـلـەنەبڕو كڵاوی پاراستنی سەرو كەمیی شارەزایی لەو ڕووماڵانەی شەڕو نەبوونی مەشقو ڕاهێناندا، دەبینێتەوە.
كوشتنو برینداربوونو تەنگپێهەڵچنینی یازدە ڕۆژنامەنووسی مێینە
سەكۆی ڕاگەیاندنكارە مێینەكانی عیراق، لەڕێی ئاگاداربوونی بەردەوامیان لەحاڵەتەكانی توندوتیژیی دژ بەڕۆژنامەنووسانی مێینە لەعیراقدا، یازدە حاڵەتی كوشتنو برینداركردنو هەڕەشەو توندوتیژییان تۆماركردووە كە لەماوەی نێوان 3ی ئایاری 2016 تا 3ی ئایاری 2017 لەشارە جۆربەجۆرەكانی عیراقدا، تۆمار كراون.
تەقوا حەیدەر، كچە پێشكەشكاری بەرنامە لە18-6-2016دا لەلایەن عەلا موحسین-ی بەڕێوەبەری بەرنامەوە لەكەناڵی “هنا بغداد”، لێیدرا.
لە1-7-2016دا ئەروا عەبدولكەریم تەمیمی، كچە ڕۆژنامەنووس لەكاتی ئامادەكارییەكانی شەڕی گێڕانەوەی موسڵدا، پێكرا.
هێرشكردنە سەر نور ئەلعەلی، كچە ڕۆژنامەنووس لەلایەن فەرمانبەرانی پرسگەی نەخۆشخانەی پارێزگای قادسیە لە20-7-2016، بەهۆی ڕووماڵكردنی خۆپیشاندانێكەوە.
هەروەها لە6-10-2016دا كچە ڕۆژنامەنووس سەحەر عەبدولكەریم عەوفی، لەلایەن بەڕێوەبەری كەناڵی نەهار لەبەغدا، لێیدرا.
لە 25-11-2016شدا چەند نەناسراوێك لەبەغدا هێرشیان كردە سەر ماڵی هدیل عەلی ئەلحەسون، پاشئەوەی كامێراكانی چاودێرییان شكاند.
لەناوچەی سەیدییەی بەغدا لە 25-12-2016دا كچە ڕۆژنامەنووس ئەفراح شەوقی لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە لەماڵەكەی خۆیدا فڕێندراو لە 4-1-2017 پاش هەفتەیەك لەفڕاندنی، ئازادكرا.
لە30-1-2017شدا كچە پێشكەشكارێك لەتۆڕی ڕاگەیاندنی عیراق، لەڕێی پێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە روبەڕوی هەڵمەتێكی ناوزڕاندنو سووكایەتی بوویەوە.
سەمیرە مواقی، كچە ڕۆژنامەنووسی جەزائیری لە 13-2-2017دا لەكاتی ڕووماڵكردنی پرۆسە سەربازییەكانی موسڵدا، لەسەرییەوە پێكرا.
لە 25-2-2017شدا شیفا گەردی، كچە ڕاگەیاندنكار لەیەكێك لەگوندەكانی موسڵ لەمیانەی پرۆسەیەكی سەربازییدا لەوێ، كوژرا.
لە 15-3-2017دا كچە ڕۆژنامەنووس ریهام عیماد سولەیمان ئەلمەحلاوی، لەماڵەكەی خۆی لەناوچەی ئەعزەمییە لەبەغدای پایتەخت لەبارودۆخێكی ناڕووندا، كوژرا.
هەروەها كچە ڕاگەیاندنكار هیبە ئەلسودانی، پەیامنێری كەناڵی هەواڵیی عیراقییە، لە 16-4-2017دا بەفەرمانی پەرلەمانتار فائق شێخ عەلی، ڕێگەی لێگیرا بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانی بچێتە ئەنجومەنی نوێرانەوە.
هەڕەشەی عەشایەری
ماڵی ڕاگەیاندنی عیراقی، ئەو فشارانەی تۆمار كردووە كە روبەڕوی ڕۆژنامەنووسو ڕاگەیاندنكاران دەبێتەوە لەلایەنە عەشایەریو هۆزایەتییەكانەوە، كە بووەتە دیاردەیەكی ترسناك كە هەڕەشە لەژیانی ڕۆژنامەنووسان دەكاتو هاوشانی فشارە حكومیو حیزبیو گروپە چەكدارییەكانو گروپە تیرۆریستییەكان ئەمیش بووەتە هۆكارێكی چاودێریی دیكە بەسەر كاری ڕۆژنامەگەرییەوە لەوڵاتدا.
كارمەندانی ماڵی ڕاگەیاندنی عیراقی، چەندین حاڵەتیان تۆمار كردووە كە رۆژنامەنووسان روبەڕوی هەڕەشەی عەشایەریی بوونەتەوە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا، كە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بە كوشتنو ناچاركردنی ڕۆژنامەنووسانو دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن بەپێدانی پارە بە عەشیرەتەكان كە پێیدەوترێت “خوێنبایی عەشایەری”و دەستبەسەركردن لەلایەن گروپی عەشیرەتەكانەوە، دەگرێتەوە.
لە23ی شوبباتی 2017دا تیمی بەرنامەی (ولایە بگیخ)ی تەنزئامێز كە لەكەناڵی “هنا بغداد”ی ناوخۆییـەوە پەخش دەكرا، روبەڕوی هەڕەشەی چەكداریو پارەكێشانەوە بوونەوە لەلایەن لایەنگەلێكی چەكدارەوە، ئەمەش پاشئەوەی لەیەكێك لەدیمەنەكانی ئەڵقەیەكی بەرنامەكەوە ڕەخنەیان لەدیاردەی زاڵبوونی عەشیرەتەكان لەكۆمەڵگەی عیراقیدا گرتبوو كە تیایدا گۆرانییەكی میلـلـیی عەشیرەتێك پەخشكرابوو كە عەشیرەتەكە بەسووكایەتی زانیبوو.
دواتریش ماڵی “عەلی فازڵ”ی دەرهێنەری بەرنامەكە، بەر فیشەك درا لەلایەن گروپێكی چەكداریی نەناسراوەوە، كە هیچ كام لەوانەی لەكاتی هێرشەكەدا لەماڵەكەدا بوون بەرنەكەوتن، عەلی فازڵ، هێرشەكەی بە”تیرۆریستی” ناوبردو داوای لەدەسەڵاتدارانی عیراق كرد لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەستپێبكەنو تاوانباران ئاشكرا بكەن.
ڕۆژی جیهانیی ڕۆژنامەگەری
نەتەوە یەكگرتووەكان لە20ی كانونی یەكەمی ساڵی 1993ـەوە، ڕۆژی سێی ئایاری هەموو ساڵێكی كردووە بەڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
ئیتر لەوكاتەوە جیهان یادی ساڵانەی ڕاگەیاندنی “ویندهوك” دەكاتەوە كە داوای هۆكارگەلی سەربەخۆو ئازادی ڕاگەیاندن دەكات كە لەسەر بنەمای فرەیی لەهەموو جیهاندا، بنیات نرابێت.
ڕاگەیاندنەكە دەڵێت: “ناكرێت ئازادیی ڕۆژنامەگەری بەدیبهێنرێت، تەنها لەڕێی دەستەبەری ژینگەیەكی ڕۆژنامەگەریی ئازادو سەربەخۆو بنیاتنراو لەسەر فرەیی، نەبێت. ئەمەش مەرجێكی پێشوەختە بۆ دەستەبەری ئاسایشی ڕۆژنامەنووسان لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا، هەروەها بۆ دەستەبەری ئەوەی لێكۆڵینەوە لەتاوانەكانی دژ بەئازادیی ڕۆژنامەگەری خێراو ورد بن”.
سهرچاوه: كهركوك ناو