
رۆژنامهوانى – سلێمانى:
پاش ئەوەى لە رۆژى پێنجشەممە (1/11/2017)دا، بەپێی یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2011)ى پەرلەمانى کوردستان و بە کۆدى ژمارە (4041 -L)، چاودێریی میدیاى کوردى (چمک) وەک رێکخراوێکى ناحکومیی قازانجنەویستیى سەربەخۆ لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان، بڕوانامەى تۆمارى پێدرا. ئهم رێکخراوه دەستبەکاربوو بهمهبهستى چاودێرییکردن، ههڵسهنگاندن، راپۆرتکردنو توێژینهوهى خهوشو پێشلکارییه پیشهییهکانی میدیاو رهوشی رۆژنامهگهری کوردی. لەبەرئەوەى چالاکییو پلان و پرۆژهکانى بۆ رووماڵکردنى بهرههمه جۆربهجۆرهکانى میدیاى کوردییه، به ئامانجى گهڵاڵهکردنو خستنهڕووى کارنامهیهکى پیشهییترى کرداریی بۆ راستکردنهوهى ههڵه باوهکانى میدیاو شێوازى کارکردنى میدیاوانانى کوردستان.
ئەگەرچى بەهۆى تازە دامەزراوەیی رێکخراوەکەو نەبوونى شوێنکارو سەرچاوەیەکى دارایی گرەنتیکراو، بارودۆخى سیاسی، ئابوریی و کولتوریی هەرێمى کوردستانەوە، نەتوانرا دەست بەو پلان و پرۆژە سەرەکییانە بکرێن کە لە پێڕەوى ناوخۆدا وەک ئامانجە گشتیی و تایبەتییەکان ئاماژەىان پێدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دواى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمیی و لەماوەى کەمتر لە دوو مانگدا ئەم زنجیرە چالاکییانەى خوارەوە لەساڵى 2017دا ئەنجامدراون:
- I. فیلمگۆی چمک وەک نوێترین پرۆژەی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی، یەکەم چالاکیی خۆی لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە (25 لەسەر 26/12/2017)دا، لە کافێ مەگەزینى سلێمانى لە کاژێر 8:00 دەستپێکرد. ئەم چالاکییە بەشيَوةيةكى گشتيي لەدوو تەوەرى سەرەکیی پێکدێت. لەتەوەری یەکەمدا، نمایشى فیلمى (Nightcrawler) کرا کە تایبەتمەندبوو بەبوارى میدیاو رۆژنامەگەری. لەتەوەرى دووەمدا، وادانرابوو گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکى فیلمەکە بکرێت، پاشان خاڵى لێکچوون و جیاوازییەکانى نێو چیرۆکى فیلمەکە بەراوردبکرێت بە واقیعى ئێستاى میدیاى کوردی و ئامادەبووان قسەى لەسەر بکەن. گرفتى تەکنیکی و کەمیی کات رێگربوون لەوەى کارنامەى چالاکییەکە وەک ئەوەى پلانى بۆ دانرابوو، بەڕێوەبچێت.
- II. لەرۆژى یەکشەممە (24/12/2017)دا، شاندێکى رێکخراوى چاودێریی میدیاى کوردى (چمک) بەشدارییکرد لەدانیشتنێکى هاوبەشى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیی کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەى رەشبگیری ھێزە ئەمنییەکان و هەڵمەتى توندوتیژی دژ بە میدیاو میدیاوانان بوو. دواتر لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، ناوەڕۆکى خاڵە هاوبەشەکان راگەیاندران و داواى دەستبەجێ ئازادکردنى گیراوەکان و هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەر میدیاوانان و کەناڵە میدیاییەکان کرا لەنێویاندا NRT و کشاندنەوەى هێزە ئەمنییەکان لەنێوەندى شارو شارۆچکەکان.
III. لەرۆژانى 19،20/12/2017دا، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)، بە شاندێکی دەستەی دامەزرێنەر بەشداریی لە رۆژی یەکەم و دووەمى “کۆنفرانسی میدیای نوێ و بەھا کۆمەڵایەتییەکان” کرد. ئەم کۆنفرانسە بەھاوبەشیی لەنێوان کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی و نێوەندی توێژینەوەو پەرەپێدانی میدیایی بەسیرە بەڕێوەچوو کە ٣٧ پەیبەری تیا پێشکەش کران.
- IV. لەرۆژى 21/12/2017دا، ناڕەزایینامەی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە بارەی ڕووداوەکانی 19/12و رۆژانى دواتر بڵاوکرایەوە. لەو ناڕەزایینامەیەدا، هەڵمەتى رەشبگیریی هێزە ئەمنییەکان، کوشتن و بریندارکردنى خۆپیشاندان و هەڵکوتانە سەر دامەزراوەى میدیایی نالیا و فەرمانى ژمارى 5002ى وەزارەتى رۆشنبیری و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ راگرتنى پەخشى کەناڵەکانى ئەو دامەزراوەیە بۆ ماوەى هەفتەیەک رەتکرایەوە. هاوكات سەرکۆنەى شێوازى نایاسایی فەرمانەکەو رێوشوێنەکانى هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنى خۆپیشاندەران و لەنێویشیاندا رۆژنامەنووسان کرا.
- V. لەرۆژى یەکشەمە (17/12/2017)دا، بە دروشمى میدیاو پێویستیی چاودێرییکردنى، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) و لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە یەکەمین چالاکیی هاوبەشیاندا لە کافتریاى ئەمنەسورەکەى سلێمانى، کۆرێکی رەخنەییان بۆ ھەریەک لە کاروان ئەنوەرو ھەندرێن شێخ عوسمان رێکخست، بە ناونیشانی “میدیای کوردی و قوربانییەکانی گرێبەستی کارکردن”. ئامانج لەم کۆڕە، قسەکردن بوو لەسەر پێشلکارییە یاسایی و پیشەییەکانى گرێبەستى کارکردنى رۆژنامەنووسان و دەستنیشانکردنى دیارترین گرفتەکانى نێو ئەو گرێبەستانە کە بەشى هەرە زۆریان بە زیانى رۆژنامەنووسان و قازانجى دەزگا میدیاییەکان داڕێژراون. بەجۆرێک “هەندێجار رۆژنامەنووس هێندەى وەک ئامێرێکى کاربەرێکەر سەیر دەکەن، نیوهێندە وەک مرۆڤێک سەیرى ناکەن کە لەپاڵ راپەڕاندنى ئەرکە پیشەییەکەیدا پێویستیی بە دابینکردنى لانیکەمى مافە بنچینەییەکانى بێ”. لەسەرەتاى ئێوارە کۆڕەکەدا، توانا عەلى وەک ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى رێکخراوى چاودێریی میدیاى کوردى، هەوڵ و هەنگاوەکانى رێکخراوەکەى لە دەستنیشانکردن و زەقکردنەوەى بەربەستە سەرەکییەکانى بەردەم میدیاو میدیاکاران دووپاتکردەوە. دوابەدواى پێشکەشکردنى هەردوو تەوەرى ئێوارە کۆڕەکە، بەشێک لە ئامادەبووان وێڕى خستنەڕووى سەرنجەکانیان پێشنیازى ئەوەیان کرد کە دوایین یاساى پەسەندکراوى کارکردنى پەرلەمانى عێراقى لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە کارابکرێت، وابکرێت ببێتە بەشێک لە یاساى کارى رۆژنامەگەریی بۆ رێکخستنى پەیوەندیی فەرمانبەریی نێوان رۆژنامەنووس و ئەو کەناڵەى کە تێیدا کاردەکات. هاوکات پێشنیازى ئەوەشکرا، بۆ لەمەودوا سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان هەوڵەکانى چڕبکاتەوە بۆ ئەوەى گوشاربخاتە سەر کەناڵە میدیاییەکان کە پێشتر گرێبەستەکانى کارکردن ببینن، پاش وردبینیکردن و پێداچوونەوەى لەلایەن یاساناسانى سەندیکاوە، ئینجا کاریان پێبکرێت. ئەوەى لەم ئێوارە کۆڕەدا زۆرتر تێبینیکرا، ئامادەنەبوونى رۆژنامەنووسانى نانبڕاو بوو کە بەمدواییانە نزیک بە 120 کەسیان بەتەنها لە دوو کەناڵى میدیایی دەستکاریی ناوەڕۆکى گرێبەستەکانیان کراوەو هەڵوەشێنراوەتەوە. هاوکات هیچ بەرپرس و بەڕێوەبەرێکى سەرەکیی کەناڵە میدیاییەکانیش ئامادەنەبوون!
- VI. رۆژی دووشەمە (11/12/2017)، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بەوتنەوەی بابەتێک بەشداریی وۆرکشۆپێکی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانی کرد. د.شوان ئادەم ئەیڤەس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی چمک، بابەتێکی بەناونیشانی “ھەواڵسازیی و شێوازی داڕشتنی ھەواڵ” پێشکەش بەئامادەبووان کرد. لەبەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، لە رێی راھێنان و مەشقێکی پراکتیکییەوە، شەش گروپی شەش کەسی دروستکران و شەش ھەواڵ لەسەر پرۆژە جیاوازەکانی قەیوان بەرھەمھێنران. پاشتر خاڵە بەھێزو لاوازەکانی ھەواڵەکان دەستنیشانکران و روونکردنەوەی پێویستییان لەبارەوە درا.
VII. لەھەنگاوێکی نوێداو بە ئاڕاستەی باشتر رێکخستنی پرۆگرام و پرۆژەو چالاکییەکانی، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی لە رۆژى 9/12/2017دا، دۆمەینێکی بەناونیشانی چمک (www.chmk.org) دامەزراند. بەو ھیوایەی لەداھاتوويەکی نزیکدا سەرجەم بەشەکانی وێبسایتەکە تەواو ببن و خزمەتگوزارییەکانی بەهەر سێ زمانى کوردى، عەرەبی، ئینگلیزى بکەونە بەر دیدەی سەردانکەرانی.
VIII. لەرۆژى چوارشەمە (7/12/2017)دا، بەدروشمى میدیاو پێویستیی چاودێرییکردنى، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دووەمین ئێوارە کۆڕی رەخنەیی بۆ د.سامان فەوزی و مەم بورھان قانع لە هۆڵێکى تەلارى هونەرى سلێمانى رێکخست، بەناونیشانى “میدیاى کوردی لەنێوان بەرپرسیارێتى یاسایی و پیشەیی دا”. لەدەستپێکی کۆڕەکەدا، م.فاروق جەمیل ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی، کورتەباسێکی لەبارەی رێکخستنی ئەمجۆرە چالاکییانەوە پێشکەشکردو پاشتر ھەریەک لە کۆڕگێڕانی بەئامادەبووان ناساند. دوابەدواى پێشکەشکردنى باسەکان، بەشێکى زۆر لەئامادەبووان بەپرسیارو سەرنجەکانیان ئێوارە کۆڕەکەیان دەوڵەمەندکرد. هەندێکیان رەخنەى ئەوەیان لە د.سامان فەوزی ھەبوو کە باسەکەی بە زمانێکی ئەکادیمیی لێوانلێو لە وشەگەلی عەرەبیی پێشکەشکرد. ھاوکات مەم بورھان قانع تۆمەتبار کرا بەوەی ئەو پێوەرو بنەما پیشەییانەی لەباسەکەییدا خستنییەروو، کەمتر لەو کەناڵە میدیاییەدا رەنگیداونەتەوە کە بەڕێوەی دەبات. پاشتر ھەریەک لە کۆڕگێڕان وەڵامی رەخنەو سەرنجی ئامادەبوونیان دایەوە.
- IX. دواى وەرگرتنی مۆڵەتى فەرمى، لەرۆژى جیهانیی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە مێیینە (25ى نۆڤەمبەر)دا، رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە یەکەمین چالاکیی خۆیدا لە هۆڵى ئورفەى سلێمانى، بە دروشمى میدیاو پێویستیی چاودێرییکردنى کۆڕيَكى رەخنەیی بۆ هەریەک لە د.نەزاکەت حەمەحسێن و خانم رەحیم رێکخست، بەناونیشانى “میدیاى کوردى و جیاکاریی جێندەرى”. لەسەرەتاى کۆڕەکەدا، د.هەتاو حەمەساڵح وەک ئەندامێکى دامەزرێنەرى رێکخراوى چاودێریی میدیاى کوردى، کورتە باسێکى لە بارەى رێکخراوەکەو پێویستیی دامەزراندنى و ئامانجەکانى خستەڕوو. پاشتر تیشکى خستەسەر رۆژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیی دژ بەمێیینەو ئەو ئامارە نوێیانەى لەوبارەوە پێشکەشکراون. دوابەدواى پێشکەشکردنى باسەکان، بەشێکى ئامادەبووان رەخنەى ئەوەیان لە ژنان گرت کە خۆیان هۆکارى ئەو وێنە ناشیرینەن کە میدیاى کوردی بۆى دروستکردوون، بگرە زۆرجار ژن تەنها بۆ جوانکاریی دەزگا میدیاییەکان بەکاردەهێنرێن نەک پشتبەستن بەتواناو سەلیقەو لێهاتوویی پیشەییان.
- X. لەرۆژی چوارشەممە (15/11/2017)دا، شاندێکى دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لەدانیشتنێکییدا لەگەڵ کیم سترۆلە، بەڕێوبەری بەشی کاروباری گشتیی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر ئامانج و پرۆژەو پلانەکانی داھاتووی خستەروو، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. وێڕای پیرۆزبایی بەڕێزیان، ئامادەیی بۆ کارو پرۆژەی ھاوبەش دەربڕا. ھاوکات جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی لەراپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کە پشت بە راپۆرتی رێکخراوەوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی دەبەسترێت، دەکرێت (چمک) لەداھاتوودا یەکێک بێت لەوانە.
- XI. چمک، بووەتە ناونیشانى گۆشەیەکى هەفتانەی رەخنەیی لەمیدیاى کوردى، د.شوان ئادەم ئەیڤەس لەژمارە 599ى رۆژى سێشەممە (31/10/2017)ەوە، لە رۆژنامەى ئاوێنە دا بەزنجیرە بڵاوی دەکاتەوە.
هەلَبەت پلان و پرۆژەو پرۆگرامەکانى ساڵى 2018ى رێکخراوى چاودێریی میدیاى کوردى (چمک)، چاوەڕێی پشتیوانیی و پاڵپشتى دارایی بێمەرجە بۆ دەستپێکردن و سەرپێخستنیان. بەڵام لەخراپترین دۆخیشدا، پلانى ئەوە دانراوە کە لانیکەم لەمانگێکدا دوو چالاکیی پێشکەش بکرێن و گرفت و قەیرانەکانى میدیاى کوردی زیاتر بخرێنە بەرباس و هەوڵى دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاویان بۆ بدرێت.
لەئێستاوە پیرۆزبایی ساڵى نوێتان لێدەکەین و هیوادارین 2017 دوایین ساڵى ناخۆشى تەمەنتان بێت و لەگەڵ کۆتاییهاتنییدا خەم و ئازارو کۆژانەکانى ئێوەش کۆتاییان پێبێت.
سهرچاوه: رێكخراوى چمك