
رۆژنامه‌وانی – هه‌ولێر:دژایه‌تی كردنی میدیای ئازاد كاره‌سات ده‌خوڵقێنێ
ترامپ و میدیا‌و كۆرۆنا وه‌ك نموونه
د.صادق حمهغریب سه‌رگه‌تی
یه‌كێك له پایه به‌هێزه‌كانی ئازادی راگه‌یاندن، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی سێهه‌م سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا”تۆماس جیفرسۆن”كه پێی وابوو میدیایه‌كی ئازاد له وڵات و ده‌سه‌ڵاتێكی داپڵۆسێنهرو تۆتالیتا‌ر باشتره. ئه‌و باوه‌ڕه‌ی جیفرسۆن ته‌واو پێچه‌وانه ده‌ركه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا. ترامپ له‌سه‌ره‌تای بانگهشهكردنیهوه كه‌وته دژایه‌تی كردنی میدیای وڵاته‌كه‌ی و، به چه‌واشه‌كارو درۆزن ناوزه‌دی ده‌كردن. له زۆربه‌ی گۆڕانكاریه‌كانی جیهاندا، دۆناڵد ترامپ كه‌مترین كاریگه‌ری میدیای له‌سه‌ر هه‌بووه‌و زۆرجاریش كاتێك رۆژنامه‌نووسه‌كان پرسیارێكی هه‌ستیاریان ئاراسته كردبێت پشت گوێی خستوون، یان به گاڵته‌جاڕیه‌وه وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێك جاریش له پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌ریكردوون.
له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه له چین، میدیای ئه‌مریكی روماڵێكی چڕوپڕی له‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كانیه‌وه ده‌ستپێكرد، به‌ڵام ترامپ وتی كه ئه‌وان هه‌واڵی ناڕاست و بێ به‌ها بڵادهكهنهوهو، بابه‌ته‌كه زۆر زیاتر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره ده‌كه‌ن و ئامانجیان دژایه‌تی كردنیه‌تی تا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا نه‌بێته‌وه به سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته.
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست كه یه‌كێكه له رۆژنامه گرنگ و كاریگه‌ره‌كان له ئهمریكاو، پێشه‌نگه له جیهاندا بۆ كاری بنكۆڵكاری تایبه‌ت به پرس و قه‌یرانه جیاوازه‌كان، هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م په‌تایه‌شه‌وه راپۆرتێكی بڵاوكردهوهو تیایدا ئاماژه‌ی كرد به هۆشداریه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌باره‌ت به كۆرۆنا ڤایرۆس بۆ كۆشكی سپی له مانگه‌كانی كانوونی ده‌م و شوباتدا، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه له‌لایه‌ن ترامپه‌وه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیران و، خه‌مساردبوو له‌به‌رانبه‌ر راپۆرته شیكاریهكهی واشنتۆن پۆست و، كه‌مترین كاریگه‌ریشی هه‌بوو له‌سه‌ر به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی چوونكه كه‌وتبوونه ژێر كاریگه‌ری وته‌كانی ترامپه‌وه، كاتێگ له22/1دا وتی”ئێمه به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكمان كردووه، كه‌سێك له چین گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و خراوه‌ته ژێر چاودێریه‌وه‌و هه‌موو شتێك به‌دڵی ئێمه‌یه”.
دژایه‌تی كردن و متمانه نه‌بوونی دۆناڵد ترامپ بۆ میدیا، ئه‌مریكای دووچاری گه‌ره‌ترین شكستی ئاسایشیی و ته‌ندروستی كرده‌وه له مێژوی خۆیدا. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه مایكا زینكو، له گۆڤاری”فۆرین پۆلیسی”ئهمریكیداو، له چاوپێكهوتنیكیدا ده‌ڵی:كرۆنا ڤایرۆس گه‌وره‌ترین شكستی هه‌واڵگریه له میژوی ئهمریكاداو، ته‌نانه‌ت له شكسته‌كانی هێرشی یابان بۆسه‌ر(بیرل هاربه‌ر)له جه‌نگی دووهه‌می جیهانیداو، هێرشی یانزه‌ی سیپته‌مبه‌ری2001ی قاعیده گه‌وره‌تره.
له سه‌ره‌تای چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌ك كه بۆ ماویه‌كی دورودرێژ له بواری هه‌واڵگریدا كاری كردووه، له وه‌ڵامی پرسیارێكیدا(چ شتێك مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێی تۆیه؟)، به بێ دوودڵی ده‌ڵێ”ئه‌و ڤایرۆسه‌ی كه له چین سه‌ریهه‌ڵداوه‌و به خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه”.
زینكو باوه‌ڕی وایه كه سه‌ركرده‌و سه‌رۆكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه بتوانێت پێشتر پیشبینی ئاست و گه‌وره‌یی و كاریگه‌ری مه‌ترسیه‌كان بكات و پلانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان بۆ دابڕێژێت. ئه‌وه به‌سه بڵێین به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دۆناڵد ترامپ به ته‌واوی شكستی هێناوه كه به جدی هه‌ڵس و كه‌وت بكات له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه دووباره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاسایشیی په‌یوه‌ست به بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی نیشتیمانی بۆ رێگری لێكردنی كه گونجاوبێت له‌گه‌ڵ مه‌ترسی چاوه‌ڕوان كراودا، به‌رپرسانی ئیداره‌ی ترامپ كۆمه‌ڵێك رێكاریان گرته‌به‌ر كه بوونه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی كۆڤید نۆزده‌و، چه‌ندین بریاریان ده‌ركرد كه له ئاست جوڵه‌ی دۆخی له‌ناكاودا نه‌بوون و، ئه‌وه‌ش هه‌موو ئه‌مریكای خسته مه‌ترسیه‌وه‌و كردی به وڵاتێكی كه‌مته‌رخه‌م له روی ئه‌منیه‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ترامپ و ئیداره‌كه‌ی هه‌واڵ و زانیاری و راپۆرته شكاریهكانی دامه‌زراوه میدیاییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان به‌هه‌ند وه‌ربگرتایه، دۆخی ته‌ندروستی به‌و شێوه‌یه مه‌ترسیدار نه‌ده‌بوو، كه ئێستا له ریزبه‌ندی توشبووانی كۆڤید نۆزده‌دا له پله‌ی یه‌كه‌مدایه و پیش چینیش كه‌وتووه.