
رۆژنامهوانی – ههولێر
خاترانە
وەرگرەکانت بە گەمژە مەزانە. ئەوان زیاتر لەوەی پێیان دەدەی دەبیستن، دەبینن و دەخوێننەوە
#ئەرسەلان_رەحمان
خاترانەگرتنی ئەم و ئەو لەسەر حسابی کاری پیشەیی یەکێکە لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بابەت و بڵاوکردنەوەی بە نرخی هەواڵ. بێ لەبەرچاوگرتنی بەهای راستەقینەی خودی بابەتەکان و لەبەرچاوگرتنی پێودانگی زانستی لە هەڵبژاردنیان.
خاترانە، هەندێکجار لە ئاستی کەسییە، هەندێجاریش لە ئاستی کیانی سیاسی و تەنانەت دەرودراوسێ و وڵاتانە. هەندێکجار بۆ دەستەمۆکردن و کڕینە، هەندێکجاریش بۆ قەرەبووکردنەوە و حساب بۆکردنە. دەشکرێ بۆ دڵڕاگرتن یان مامەڵەی هاوشێوە بێت.
مەزندە ناکرێت رۆژانە چەند بابەتی میدیای لەسەر ئەو بنەمایە دەکرێنە هەواڵ و ڕاپۆرت و لایڤیان بۆ ئەکرێ و میدیاکاران کاریان لەسەر ئەکەن شاشەکانیان پێ پڕدەکرێتەوە و کاتی وەرگریان پێ خەسار ئەدەن.
جا ئەم وێنەیە کە هاووڵاتییەک لەگەڵ باوکی نانی بەیانی خواردووە بە خاترانەی زۆر شت بووەتە بابەتی رۆژی ئەو کەناڵەی لە دوورەوە دەنگی دهۆڵی دەبیسترێ؛ نموونەیەکی زۆر ساکار و دەرخەری رواڵەتی راستەقینەی ئەو دیاردە ناپیشەی و ئیتیکیەیە، کە کایەی میدیای کوردی تەنیوەتەوە. هەر لە دیاریکردنی لێدواندەرەوە تا رووماڵی بێ بەهای بابەتەکان و تا دەگاتە ئەو بەرنامانەی بۆ خاترانەی ئەم و ئەو رێکدەخرێن.
خاترانە نەک هەر بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵکو بۆ بڵاونەکردنەوەش عەسای سحرییە. بۆ نموونە لە کابینەی پێشوودا دانەیەک یا دوانی لێ بترازێ، کەناڵ نەبوو حەدیی هەبێت بە وەزیری خوێندنی باڵا بڵێ بەری چاوت برۆیە. هەموویان قڕوقەپیان لەو هەموو سەرەڕۆییەی وەزیر کردبوو، ئامادە نەبوون بۆ یەک چرکە رەخنەی خەڵکی رووبەڕوو بکەنەوە. بۆ کەس ئەیوێرا هەواڵێکی لەسەر بڵاو بکاتەوە و دڵی خاوەنەکانی وەزیر بشکێنێت. ئەگەر هەشبووبێت نەگەیشتووەتە دڵئێشان. وەزیری پلاندانانیش هەروا حەسانەی هەبوو.
نووسینی: ئهرسهلان رهحمان