
رۆژنامهوانی – ههولێر
دنیای منداڵ دنیایەکی تایبەتە، پێنج ساڵی سەرەتای تەمەنی منداڵ، بەگرنگترین ماوە دادەنرێت بۆ دروستبوونی کەسایەتیەکی تەندروست لە داهاتوودا.. ئەوژینگەیەی منداڵی تێدا پەروەردە دەکرێت داهاتووی منداڵ مسۆگەر دەکات، ئایا کەسایەتییەکی تەندروستی لێ دەربچێت یا کەسایەتییەکی شەڕانگێزو پڕ لە رق و کینە.. دایک وباوک بە پلە یەک لەو ماوەیەدا رۆڵ لەدروستبوونی تاکێکی تەندروست و ئارام و لەسەرخۆو تێگەیشتوو ببینن یا هۆکاربن بۆ پێگەیاندنی تاکێکی شەڕانگێزو توندو توڕەو خراپ ئەویش بە نەرانین لەچۆنێتی پەروەردەکردنی منداڵەکەو پشتگوێ خستن و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
بۆیە زۆر گرنگە لەو ماوەیەدا رەچاوی هەموو رەفتار، قسەکردن، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بکرێت. هەوڵبدرێت ژینگەیەکی ئارام و هێمنی بۆ بڕەخسێت تاوەکو لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا وێنەی جوان و دوور لە توندوتیژی و قسەی ناشایستە لەمێشک و دەروونیدا دروست بێت و پەروەردەیەکی تەندروست بکرێت.
هەڵبەت تەماشاکردنی تیڤی و فیلم کارتۆنیش دەبێ سنوورداربکرێت و زیاتر کاتەکانی بە یاری جۆراو جۆر و فێرکاری بەسەربەرێت.. ئەو فیلمە کارتۆنییەش کە پێویستە منداڵ تەماشای بکات دەبێ دایک و باوک درک بە کاردانەوەی ئەو فیلمە کارتۆنییانە لەسەرمنداڵەکەیان بکەن. لە بەشێکی ئەو فیلمە کارتۆنییانەی دیمەن و بڕگەی توندوتیژی، کوشتن و بەکارهێنانی ئامێری بکوژو ترسناکی تێدا بەکاردێت دوور بکەنەوە. نەهێڵن ئەم وێنانە لە زاکیرەی منداڵەکەیان جێگیر بێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست بکات، چونکە منداڵ زیاتر کردەوەکان وەردەگرێت تەنانەت ئەگەر بتەوێ کردەوەیەکی باش فێری منداڵەکەت بکەی دەبێ بەکردەوە بۆی ئەنجام بدەیت تاوەکو لەزیهنیدا جێگیربێت..
ئێستا زۆربەی دایکان منداڵەکانیان لەبەردەم شاشەی تیڤییەکان دادەنێن تەنها بۆ راپەراندنی ئەرکی ناوماڵی بێ گوێدانە ئەوەی دەبێ منداڵەکەی چەندکات و چەند دیمەنی نەشیاوی نێو ئەو فیلمە کارتۆنییانە وەرگرێت و لەهەڵسوکەتی رۆژانەی رەنگدانەوەی هەبێت.
لێرە قسە لەسەر ئەوکەناڵانەیە کە تایبەت بەمنداڵانن و بەرنامەو فیلم کارتۆنی جۆراو جۆر نمایش دەکەن.. ئایا جگە لەلایەنە فێرکارییەکەی کە سوودێکی هەیە، تا چەند رەچاوی ئەوە کراوە کاتێ فیلمێکی کارتۆنی پەخش دەکرێت دیمەنەکانی نێو کارتۆنەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان جێنەهێڵێ بەو پێیەی زۆربەی فیلمە کارتۆنییەکان شێوازی نەشیاوو توندوتیژی تێدا بەدی دەکرێت و ئەمەش کاردانەوەی خراپ لەلای منداڵ دروست دەکات و بێ ویستی خۆی کردەوەکان دووبارە دەکاتەوە.
فیلمی ترسناک بینەری خۆی هەیه، کە بەجۆرێک چێژ لەترس وەردەگرن.. هەڵبەت هەمیشە دەرهێنانی فیلمی ترسناک خەڵاتی ئۆسکاریشی پێ نابەخشرێ لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی ترساندنی خەڵک چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لەدڵ و دەروونیان..
بەڵام دەبێ حیکمەت لە دەرهێنانی فیلمی کارتۆنی ترسناک چی بێت کە تەنها منداڵان شۆک و پڕ ترس و دڵەڕاوکێ دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەریان جێدێڵێ..
لێرە قسەم لەسەر دەرهێنەرو لەکوێ دەرهێنانی ئەم فیلمە کارتۆنیە ترسناکە نیە کە تەنانەت مرۆڤی تەواویش بەتەماشاکردنی شۆک دەبێ کە ماوەی کاتژمێرێک زیاتر تەنها موزیکێکی ترسناک و بێ دەنگ کە پڕێتی لە نمایشی ترسێنەر..
بەڵکو تێبینیم لەسەر کەناڵی “lstar kids”ە کە زۆربەی رۆژەکانی هەفتە دوو بۆ سێ جار فیلمێکی کارتۆنی ترسناک پەخش دەکات.
ئەم کەناڵە ناوخۆییەو پەخشی لە شاری هەولێرە.. ئایا پێویست نیە وەزارەتی رۆشنبیری بە کارمەندانی ئەم کەناڵە بچێتەوەو سانسۆرێک لەسەر بەرنامەکانیان دابنێ؟ کەناڵێک بێ بەرنامەو رەچاوی تەمەنی هەستیاری منداڵ نەکات و بەم فیلمە کارتۆنییانە ترس و دڵەڕاوکێ لەدڵ و دەروونیان بچێنێ..
ئایا کەناڵێک بۆ منداڵ بەرنامەکانی خۆی پەخش بکات دەبێ مەبەستی لەپەخشکردنی ئەم جۆرە فیلمە کارتۆنییانە چی بێت کە پڕ بێت لە دیمەنی ترس و کوشتن و دڵەڕاوکێ؟
جگە لەم کەناڵە زۆربەی ئەو کەناڵانەی تایبەتن بە منداڵان فیلمی کارتۆنی نادروست پەخش دەکەن کە تێیدا دیمەنی کوشتن و بڕین و سیخوڕی و بەکارهێنانی چەک و چەقۆو لێدان و رشتنی خوێن و فێڵ و تەڵەکەو …هتد..
ئایا دەیانەوێ نهوهیهكی چۆن پەروەردە بێت بە پەخشکردنی ئەم دیمەنە پڕ شەڕانگێزیانە؟
کاتێ باوک ودایک هەموو هەوڵێک بۆ پەروەرەکردنێکی دروستی منداڵەکەیان دەدەن، بەڵام کاتێ منداڵ دیمەنێکی توندڕەوی نێو کارتۆنەکان ببینێ هەموو هەوڵێکی دایک و باوک بەبا ئەچێت و ئەو منداڵە رەفتارەکانی بە یەک دیمەنی ناشایستە سەراوژێر ئەبێت..!
لێرە بۆ ئەوەی منداڵ دوور بکەینەوە لەم دیمەنە نابەجێیانەی ئەم کەناڵە ناتەندروستانە دەبێ دایک و باوک و بە پلە یەک دایک ئەو بۆشاییە بۆ منداڵ پڕ بکاتەوە بە یاری کردن لەگەڵیدا و بەجۆرێک ئامۆژگاریکردن لەرێی نمایشێکی شایستە بۆ تەمەنی منداڵەکەو جۆرێک کردەوەو رەفتاری دروست بێت و رێ بۆ منداڵ خۆش بکەن تا وزەو تواناکانی بەکاربهێنێت تاوەکو لەداهاتوودا تاکێکی راستگۆو تاکێکی لەسەرخۆو بێ کێشە پێ بگەیەنرێت و متمانەی بەخۆی بێت.