
رۆژنامهوانی – ههولێر:
دوور لهو شهڕه ساردهی نێوان جهمسهره سیاسییهكانی ههرێم و بە خۆپارێزی لەوەی ئاو نەکرێتە ئاشی کەسەوە، وهك میدیا و میدیاكاران پێویستمان بهوهیه، شهنوكهوێكی كاركردنی میدیاییانه لهسهر ئهو دۆسیهیه بكرێت. ههندێكجاریش خۆ گڕۆفشاردان بۆ ئهوهی نه شیش بسووتێ و نه كهباب رهنگه دادی راستهڕێكردنی پرسه میدیاییهكان نهدات و دهرمانی دهردی پێشێلكردنی بنهما ئیتیكییهكان و زانستی رۆژنامهوانی نهكات.
سهرچاوه، به تایبهتی سهرچاوه یهكهمهكان، نزیكهكان، رهسمییهكان گرنگن بۆ گهیشتن به راستی.
* سهرنج بدهین، ئهو سهرچاوانهی زانیاریان له بارهی ئهو پرسهوه داوه كێن، پهیوهندیان به پرسهكهوه چییه، چهنده لێیهوه نزیكن؟
* تێبینی دهكرێت، سهرچاوهكان بهشێكیان وتی وتییه. بهشێكیان له رێی پهیوهندی تهلهفۆنین و ناسنامهی راستهقینهی دوێنراوهكان بۆ وهرگر روون نییه. ئایا ههر به راست ئهوانهی لهو دیو گوشییهكانهوه دهدوێن، كێن؟ ئایا ئهتوانین وهك بهڵگهی بێ چهند وچوون پشتیان پێ ببهستین؟ چۆن دڵنیابین لە ناسنامەی راستەقینەی دوێنراوەکان؟
* دواین كهس كه ناوبراوی بینیوه، كێیه؟ دیار نییه. دواین شوێن كه ناوبراوی لێ ماوهتهوه كوێیه؟ دیار نییه.
٭ ئەمانە پرسیارگەلێکن رەنگە وەڵامیان زۆر راستی دەرخەن. وتی وتی لە کایەی رۆژنامەوانیدا بەهای نییە. گرنگە سەرچاوەکان روون بن، خاوەن زانیاری بن.
کێ خەمی ئاشکراکردنی راستییەتی
پیشەی میدیایی و جەوهەرەکەی گەڕانە بە دوای راستی و کێشانی وێنەی راستەقینەی رووداوەکانە بۆ وەرگر. بۆ ئەوەی وەرگر چەواشە نەکرێ و بە لاڕێدا نەبرێت دەبێت میدیا و میدیاکار لانیکەم هەموو هەوڵێکی بخاتە گەڕ بۆ پیشاندانی وێنەی نزیک لە راستی رووداوەکان. ئەو کۆششە میدیاییە بۆ خستنەڕووی راستەقینەی دۆسییەی مستەفا سەلیمی نابینرێت. (بەڕێژەیی) میدیا و میدیاکاری خۆمانەش نموونەی وا جوانیان پیشان نەداوین ئۆمێدی لەسەر هەڵچنین. تێکەڵکردنی ئەو بابەتە و بەکارهێنانی بۆ شەڕی شکاندنی نەیارەکان، زیانێکی گەورەی لە راستیی دۆسییەکە داوە.
ئەوانەی خۆیان بە میدیاکار دەزانن و دەیانەوێت دۆسییەکە بخەنە خزمەتی سیاسەتی کارکردنیانەوە، پێش هەمووان خۆیان زیانمەند ئەبن و لانیکەم متمانە لە دەست ئەدەن، ئەسڵ وایە ئەوان سەرەتا لە خەمی دەرخستنی هەقیقەت بوونایە و دواتر شەڕی بە ئاکام گەیشتنی دۆسییەکەیان کردبا.
هەم تۆمەتبارکردنی کوێرانە و هەمیش بەرگری کوێرانە دادی کەس نادات. ئەگەر لە ناوخۆدا دۆسییەکە بکرێتە سیاسی و شەڕی ئەم و ئەوی پێ بکرێت، لە ئاستی دەرەوەدا کۆی قەوارە سیاسییەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و پەڵەیەکی رەش ئەبێ بە مێژووی دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری و ئیدارەی خۆماڵییەوە و ئەوە دەردەخات، کە دەسەڵاتی خۆماڵی هێشتا درکی بە بنەما سەرەتاییەکانی ماف و سەروەری و شکۆی خۆی نەکردووە.
چی پێویستە
لە سۆنگەی گێڕانەوەی ئیعتباری سیاسی و یاسایی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی خۆی، حکومەت لیژنەی بۆ پێکهێناوە و لێی ئەکۆڵێتەوە. ئەوانەی بە قەوانی بزنیش بێت هەر ئەفڕێ ئەژین، بڕیاری پێشوەختەیان داوە. لەو میانەیەدا ئەوە میدیایە پێویستە دیوی تاریکی دۆسییەکە رۆشن بکاتەوە و رێ خۆش بکات و کارئاسانی بکات بۆ گەیشتنی لیژنەکەی حکومەتیش بە راستی و خۆی بڕیاری پێشوەختە نەدات رایگشتی لەسەر بنەمای وەهم دروست نەکات.
بەداخەوە تا ئێستا میدیا و میدیاکاران ئەو ئەرکەیان وەک ئەوەی پێویستە جێبەجێ نەکردووە. کێ چووە بۆ پێنجوێن، کێ ئەو کەسەی دۆزیوەتەوەکە لە نزیکەوە مستەفای بینیوە، کێ موختار و شاهێدحاڵێکی دۆزیوەتەوە، بۆ پۆلیس بێ دەنگە، بۆ پاسەوانی سنوور قسەی نییە، رۆژی 12ی ئازار، پەیجی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردبوویەوە کە لە پێنجوێن پۆلیس کەسێکی ڕۆژهەڵاتی گرتووە و رەوانەی ئەو دیو سنووری کردووەتەوە، بۆچی بۆ ئەم بێدەنگن؟ لە دیوی رۆژهەڵات، کاتێ دەوڵەت دەڵێ لە بانە گیراوەتەوە، تۆ بڵێی رووداوێکی وا کەس ئاگای لێ نەبووبێت؟ بۆ هیچ نابیسترێ لەوێوە، لێدوانێ، بەڵگەیەک، شاهێدحاڵێک…
یاسا
یاساناسە سیاسییەکان و شارەزایانی پەیوەندی نێودەوڵەتی دەزانن، وڵاتان لە نێوان خۆیان زۆرجار رێکەوتنی دووقۆڵی ئیمزا ئەکەن و رێکدەکەون تاوانبارانی راکردوو، یان داواکراوانی ڕاکردوو رادەستی یەک بکەنەوە. لە سەردەمی مالیکی عێراق و ئێرانیش هەمان رککەوتنیان کرد، ئەوکات هەرێم دەنگی هەڵنەهێنا، لەگەڵ هەرێمیش ئەوجۆرە تێگەیشتنە هەیە. بەتایبەت لە دۆسییەکانی مادەی هۆشبەر، زیندانیان رادەست دەکرێن بۆ تەواوکردنی حوکمەکانیان لە زیندانی وڵاتی خۆیان، میدیا بۆچی ئەم دیوانە ناخاتەڕوو؟ خۆ ئەگەر سەلیمی لێرەبوایە، دەبوایە حکومەت چی بکات؟ لەکاتێکدا حدک و حدکا رەتیدەکەنەوە ئەو راکردووە سیاسی بێت، لە ئێرانیش بە تۆمەتی سیاسی مەحکوم نەبووە. ماوەیەک پێش ئێستا بە تۆمەتی دەستدرێژی وکوشتنی کچێک هەواڵگری ئەڵمانیا لە گوندێکی سنووری دهۆک گەنجێکی راکردوویان دۆزییەوە و بە باڵبەستی بردیانەوە بۆ دادگاییکردنی سەرەڕای ئەوەی بەغدا و بەرلین هیچ رێککەوتنێکی لەو شێوەیان نەبوو.. ئەمە لە زۆر شوێنی ئەم دنیایە دووبارە ئەبێتەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سەروەریان رێزلێگیراو نییە.
بەگشتی دۆسییەکە وەک خۆی بۆی بڕوانرێت لە بەرژەوەندی هەموانە. بە سیاسیکردنی زیانی بۆ هەرێم پترە. میدیای کاڵ و کرچ و میدیاکاری خاوەن گوتاری سیاسی و بێ پێشینەی پیشەیی و زانستی میدیایی ناتوانن راستیی دەرخەن. رۆژهەڵاتیش دەبێ لەو راستیانە بەئاگابێت، کە کەفوکوڵی کاتی و هەستی هاوماڵیبوون شتێکە و مامەڵەکردن لەگەڵ یاسای کارپێکراو شتێکی دیکەیە. هەموو ئەمە مانای وا نییە فڵان و فیسار چیان لەدەست دێ بۆخزمەتی ئەم و ئەو نایکەن.
#رۆژنامهوانی
#میدیای_كوردی