
رۆژنامه‌وانی، هه‌ولێر، ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
دوای 122 ساڵ له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و نزیكه‌ی 40 ساڵ له رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشی له باشووری كوردستان، جێی خۆیه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین و پرسیاربكه‌ین، ئایا ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری و میدیای وه‌رزشیی ئێمه، ئێستا چۆنه و له چ ئاستێكدایه؟
پێموایه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و هاتنه‌پێشی سۆشیال میدیا و میدیای ئه‌لیكترۆنی، رۆژنامه‌نووسیی وه‌رزشی له كوردستان به مانا گشتییه‌كه‌ی، له شێوه و فۆرمدا گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌دا خۆی بگونجێنێت، به‌ڵام له راستیدا له ناوه‌ڕۆكدا پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له رووكه‌ش و له‌رووی خێرایی گه‌یاندنی زانیارییه‌وه‌یه، كه زۆرجار خێرایی و پهلهكردنهكه هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌شی پێكردووه.
هاوكات ئه‌و پێشكه‌وتنه، زۆرجار وایكردووه رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی ئێمه، له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆی دووربكه‌وێته‌وه، ئه‌ویش بایه‌خدان و پێشخستنی وه‌رزشی نێوخۆی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌یه، چونكه ئه‌مڕۆ گوتاری میدیای سیاسیی كوردی گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه و هه‌میشه ئاماژه به كوردستانی گه‌وره، یان با بڵێین پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كات، كه پێموایه پێویسته میدیای وه‌رزشیش به‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌نگاوبنێت.
هه‌روه‌ها بایه‌خی ئێستای میدیای وه‌رزشی له كوردستان به گشتی زیاتر خۆی له وه‌رگێڕانی هه‌واڵ و كۆپی په‌یست له سه‌رچاوه‌كانی دیكه، لایڤی فه‌یسبووك و هه‌ندێك جوانكاری له گرافیكدا ده‌بینێته‌وه، زۆر به كه‌می ده‌بینین میدیای وه‌رزشی خۆی سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بێت.
رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشی له كوردستان، ئێستا زۆربه‌ی كاره‌كانی خۆی له تیڤییه‌كان و سۆشیال میدیادا ده‌بینێته‌وه، چونكه له راستیدا وه‌ك ده‌بینین رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشیی كاخه‌ز له كوردستان پاشه‌كشه‌ی كردووه و هه‌موو رۆژنامه وه‌رزشییه‌كان داخراون “ته‌نیا یه‌ك رۆژنامه هه‌یه، ئه‌ویش زیاتر ئاگادارییهكانی تێدا بڵاوده‌كرێته‌وه”.
له وڵاتانی دیكه‌ش ئه‌و گۆڕانكارییه روویداوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی رۆژنامه‌ی كاخه‌ز و كه‌مبوونه‌وه‌ی تیراژ و ته‌نانه‌ت وه‌ستانی زۆربه‌شیان و گواستنه‌وه‌یان بۆسه‌ر میدیای ئه‌لیكترۆنی، به‌ڵام هێشتا له زۆر وڵات‌دا رۆژنامه‌ی كاخه‌ز هه‌یه، سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ههواڵیشه و له پێگه‌یه‌كی به‌هێزدایه.
میدیای وه‌رزشیی كوردستان، كه به‌خۆڕایی به‌رهه‌مه‌كانی به وه‌رگره‌كانی ده‌دات و قازانج ناكات، هێشتا به دوای شه‌پۆڵ و حه‌زی خه‌ڵك و وه‌رگر كه‌وتووه، ئه‌مه‌ش له ترسی له‌ده‌ستدانی جه‌ماوه‌ر و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له ركابه‌ری، بۆیه نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌ن روئیای خۆی و نه‌یتوانیوه رای گشتی له بواری وه‌رزش دروست بكات و وه‌رگر ناچاربكات به دوای میدیایه‌كی دڵخوازدا بگه‌ڕێت، له كاتێكدا له كوردستان كێشه و گرفت، هه‌روه‌ها چیرۆك و رووداوی بواری وه‌رزش یه‌كجار زۆرن، كه بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی چیرۆكی رۆژنامه‌وانین و ده‌كرێت به فراوانترین شێوه كاری له‌سه‌ر بكرێت.
له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌كرێت بڵێین، میدیا و رۆژنامه‌گه‌ریی وه‌رزشی له باشووری كوردستان، به گشتی كێشه و گرفتی زۆره، هه‌م له رووی كاركردن و فۆڕمه‌وه و هه‌میش له رووی كارگێڕی و بایه‌خدانی پیشه‌ییه‌وه، به جۆرێك هێشتا هه‌واڵی وه‌رزشی وه‌ك پاشكۆ و كه‌مالیات و جوانكاری له ده‌زگه میدیاییه‌كاندا سه‌یرده‌كرێت، ئه‌و قسه‌یه‌شم ره‌نگه 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش كردبێت، به‌ڵام هێشتا بارودۆخی هه‌واڵی وه‌رزشی هه‌روه‌ك خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش بۆ لاوازیی كاریگه‌ریی هه‌واڵی وه‌رزشی له میدیاكان و تێنه‌گه‌یشتنی به‌رپرسانی ده‌زگه میدیاییه‌كان له گرنگیی وه‌رزش و هه‌واڵه‌كانی ئه‌م بواره، ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها پێموایه ئاستی پیشه‌یی به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی، یه‌كێكی دیكه‌یه له كێشه‌كان، كه هێشتا له رووی نووسین، داڕشتن، زمانه‌وانی، دروستكردنی هه‌واڵ و ریپۆرت و چیرۆكی رۆژنامه‌وانیدا لاوازن، ده‌گمه‌نیشن ئه‌وانه‌ی له كاره‌كه‌دا پێشكه‌وتوون، “له‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆبۆت و وه‌رگێڕ له رۆژنامه‌نووسی كارا زۆرتربوونه”.
له كۆتایی ده‌مه‌وێت بڵێم، میدیای وه‌رزشی و بواری وه‌رزشی هه‌ر وڵاتێك، به دوو هێڵی هاوته‌ریبدا رێده‌كه‌ن، كه هه‌ریه‌كه‌یان هێزی پێشكه‌وتن و خێرایی به‌وی دیكه‌یان ده‌دات، دواكه‌وتنی هه‌ریه‌كێكیشیان، كاریگه‌ریی نه‌رێنی بۆسه‌ر ئه‌وی دیكه‌یان ده‌بێت، رێك ئه‌مه‌ش له میدیای وه‌رزشی و وه‌رزشی كوردستاندا به‌دی ده‌كه‌م.
سه‌رچاوه: K24