
رۆژنامه‌وانی، سلێمانی، نووسینی: محه‌مه‌د ته‌قی روغنی‌ها، وه‌رگێڕانی: مه‌جید ساڵح
به هۆی ئه‌و چوارچێوه‌و قاڵبانه‌ی كه هه‌یه‌تی، “هه‌واڵ” ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیار‌و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه و گۆشه جیاجیاكانی به‌درێژی روداوێك بخاته‌روو. هه‌ندێك جار روداوێك رووده‌دات یان ره‌وتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات پێویست ده‌كات به درێژی وه‌سف بكرێت و له دیدگا جیاجیاكانه‌وه بدرێته به‌ر ره‌خنه‌و راڤه‌و شیكار. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان هیچ لایه‌نێكی شاراوه نه‌مێنێت.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆی راپۆرته هه‌واڵدایه و له رێگه‌ی هڵكۆلێنی چینی سه‌ره‌وه‌ی روداوه‌كان، په‌یام وه‌رگران ده‌باته ناخی روداوه‌كانه‌وه گۆشه تاریك وشاراوه‌كانیان بۆ ئاشكرا‌و روناك ده‌كاته‌وه و راستیه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كات.
له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه روداوێك پێویستی به شه‌رح و زانینی زیاتر هه‌یه یان پێویست ده‌كات له رێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونه‌وه په‌یام وه‌رگر له ورده‌كاریه‌كان ئاگادار بكرێته‌وه، ریپۆرته‌ره‌كان په‌نا بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرته هه‌واڵ ده‌به‌ن و له‌و رێگه‌یه‌وه په‌راوێزی كاریگه‌ره‌كان به‌رفراوانتر ده‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه‌راپۆرته هه‌واڵ هه‌یه‌تی، ده‌توانێت په‌یوه‌ندیه‌كی قوڵ له گه‌ڵ خوێنه‌ر و بیسه‌رو بینه‌ردا دروست بكات و كاریگه‌ریه‌كه‌شی زیاتر ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ربڵاوتره. په‌یامنێران له رێگه‌ی كه‌ڵك وه‌رگرتن له راپۆرته هه‌واڵ، جگه له خستنه‌ڕوی بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتوری و هونه‌ری و وه‌رزشیه‌كان، ره‌وت و ره‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ش داده‌پۆشن
پێناسه
پێناسه‌یه‌كی زۆر كراوه بۆ راپۆرت و له بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به میدیاكان، راپۆرت به‌وه پێناسه‌كراوه كه ده‌ربڕینێكی وه‌سفی و وێنه‌یی روداوێك یان بابه‌تێكه. له پێناسه‌یه‌كی چڕتردا راپۆرت بریتیه له تێكه‌ڵه‌یه‌ك له هه‌واڵ و به‌دواداچوون كه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریانه دیمه‌ن و بابه‌ت و روداوه‌كان باسكراون.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه له راپۆرتێكدا، وێنه‌سازی له واقعه‌كان و ئه‌وه‌ی ریپۆرته‌ر به چاوی خۆی ده‌یبنێ پێویسته به نمونه‌ی ئاشكرا باسكرا بێت یان هه‌ڵگری ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی قوڵ بێت.
هه‌ندێكجار راپۆرته‌كان به‌رگی چیرۆك له خۆ ده‌گرن و ریپۆرته‌ر وه‌ك حكایه‌تخوان ده‌ست ده‌كات به گێڕانه‌وه‌ی روداوه‌كان. له هه‌ندێك راپۆرتدا نوسه‌ر، ده‌ست ده‌كات به راڤه‌كردنی روداوه‌كان، توێژی یه‌كه‌می هه‌واڵه‌كه هه‌ڵده‌كۆڵێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یام وه‌رگره‌كان بباته قوڵایی بابه‌ته‌كه‌وه و رێنماییان ده‌كات تاوه‌كو نهێنیه‌كان ئاشكرا بكه‌ن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی راپۆرتی چاپه‌مه‌نیه‌كان هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی باسمان كردن تێدا نیه، هه‌ندێك راپۆرت لایه‌نی وه‌سفی زیاتر به‌سه‌ردا زاڵه و له هه‌ندێكی دیكه‌دا ره‌گه‌زی لێكۆڵینه‌وه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌موو راپۆرتێك بریتیه له خستنه‌ڕووی واقعیه‌ته‌كان و لایه‌نه جیاجیاكانی روداوه‌كه و گواستنه‌وه‌ی په‌یامێك بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان له رێگه‌ی به‌كارهێنانی هه‌واڵ، وه‌سف، ئینترفیو ولێكۆڵینه‌وه‌كان.
تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ریپۆرته‌ر
ریپۆرته‌ر ده‌بێت كه‌سێكی “چاوكراوه” بێت و به ویستێكی به‌هێزه‌وه به‌دوای هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی روداوه‌كاندا بگه‌ڕێت و خاوه‌نی ئیراده و حه‌زی به‌دواداچونی تێدا بێت، تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌ی ریپۆرته‌ر بریتیه له‌وه‌ی تیژبین بێت وتوانای هه‌ڵسه‌گاندنی شته‌كانی هه‌بێت. هه‌ندێك جار وته‌یه‌كی ساده یان روداوێك كه به رواڵه‌ت ئاسایی ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌بنه سه‌ره‌داوێك بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی سه‌رنج راكێش و دڵگیر.
“خیرایی له گه‌یاندن” به یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی ریپۆرته‌ری سه‌ركه‌وتو دێته ژماردن. ئه‌و سیفه‌ته ده‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی توانای دۆزینه‌وه‌و ده‌ركردن به بابه‌ته گرنگه‌كان و كاریگه‌ری زۆریشی هه‌یه بۆ سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و خستنه‌ڕووی پرسیاری ورد‌و ریزبه‌نكردنی لۆژیكیانه‌ی بابه‌ته‌كان. “توانای دروستكردنی په‌یوه‌ندی” له گه‌ڵ گروپه جیاجیاكانی خه‌ڵك یه‌كێكی دیكه‌یه له پێداویستیه گرنگه‌كانی كاری ریپۆرته‌ری. توانای چونه‌ناو خه‌ڵك و دروستكردنی په‌یوه‌ندی پته‌و و داهێنه‌رانه له گه‌ڵیاندا، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه بۆ ئه‌و زانیاریانه‌ی كه ریپۆرته‌ر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی كاری ریۆرته‌رییه، چونكه له هه‌ر هه‌نگاوێكدا كه هه‌ڵی ده‌نێت، پێویستت به دروستكردنی په‌وه‌ندیه‌كی نزیك له گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌دا هه‌یه، نه‌بونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه، توانای ئاماده‌كردنی راپۆرتی رۆژنامه‌وانیت لێ زه‌وت ده‌كات. “سه‌برو ته‌حه‌مول” به سیفه‌تێكی دیكه‌ی ریپۆرته‌ری پرۆفیشناڵ ده‌درێت له قه‌ڵه‌م، به تایبه‌تی له راپۆرته‌كانی به‌دواداچوندا كه بۆ ده‌سكه‌وتنی زانیاری پێویست به كاتی زۆر ده‌كات.
كه‌سایه‌تی ریپۆرته‌ر پێویسته “خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی بزۆك و نه‌فه‌س درێژ” بێت و توانای به‌دواداچونی رووداوه‌كانی هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له‌وه‌یه له پشت مێزه‌كانیانه‌وه دانیشن و حه‌زیان له كارێكه كه جوڵه‌ی نه‌وێت، وتارنوسی باشن، به‌ڵام هه‌رگیز نابنه ریپۆرته‌ری سه‌ركه‌وتوو.
جگه له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه، پێویسته ریپۆرته‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی پیشه‌یی رۆژنامه‌وانیه‌كانی دیكه فێر بێت و بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانی زیاتر بێت. بۆنمونه ده‌بێت شاره‌زایی ته‌واوی له پره‌نسیپه‌كانی هه‌واڵ و توانای نوسینه‌وه‌ی هه‌واڵ و ئه‌نجامدانی ئینته‌رڤیو هه‌بێت، هه‌روه‌ها له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه توانای نوسینی هه‌بێت و زانیارییه گشتیه‌كانی به‌رفراوان بێت.
بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت، پیویست به‌وه ده‌كات شاره‌زایی له نوسیندا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه كاریگه‌ر بێت و خوێنه‌ری هه‌بێت. ریپۆرته‌ر ده‌بێت بتوانێت به ئاسانی ده‌سته‌واژه‌كان و رسته‌كان به‌كار بهێنێت و له ده‌قی راپۆرته‌كه‌یدا جێگه‌یان بكاته‌وه. تا ده‌كرێت ده‌قی راپۆرته‌كه كورت بێت باشتره، ریپۆرته‌ر پێویسته به كه‌مترین وشه زۆرترین زانیاریه‌كان بگوازێته‌وه بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان. یه‌كێكی دیكه له پێداویستیه‌كانی ریپۆرته‌ری سه‌ركه‌وتو ئه‌وه‌یه توانای به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێتی هه‌بێت. كه‌ڵك وه‌رگرتن له تۆڕی جیهانی زانیاری وبه‌كارهێنانی سایته‌كانی ئینته‌ر نێت، گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی زانیاری‌و به‌ئاگابوون له گۆڕانكارییه‌كانی دونیا، ریپۆرته‌ره‌كان ده‌بێت بتوانن له كه‌مترین كاتدا ئه‌و زانیاریانه‌ی كه پێویستیان پێیه‌تی له ئینته‌رنێت ده‌ربهێنن.
له پاڵ ئه‌و توانا‌و شاره‌زاییانه، زانینی زمانێكی بێگانه به تایبه‌تی ئینگلیزی پێویستیه‌كی گرنگی ریپۆرته‌ره‌كانه.
بنه‌ماكانی راپۆرت
بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتێك ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یام وه‌رگره‌كانی دابنێت ده‌بێت چوار تایبه‌تمه‌ندی تێدا بێت:
- وه‌سفكردن و گێڕانه‌وه‌ی روداوه‌كه وه‌كو خۆی.
راپۆرت بریتیه له خستنه رووی راستیه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان و گه‌یاندنی زانیاریه‌كان، ریپۆرته‌ر ده‌بێت ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت و ده‌یبیستێت و هه‌ستی پێده‌كات بگوازێته‌وه بۆ په‌یام وه‌رگره‌كانی. ده‌بێت ریپۆرته‌ره‌كان له جیاتی چاو و گوێی په‌یام وه‌رگره‌كان گۆشه جیاجیاكانی رووداوه‌كه ببینن و بیگێڕنه‌وه. ریپۆرته‌ری باش جگه له‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه روداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، پێویسته هۆكارو چۆنیه‌تی رودانی روداوه‌كه باس بكات. ئه‌وه‌ی نه‌وتراوه بدۆزێته‌وه‌و له روانگه‌ی جیاوازه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌و راڤه‌ی روداوه‌كه بكات. له راپۆرته‌كاندا ده‌بێت بۆچون و ئاراسته جیاجیاكان بخرێنه روو، پێویسته په‌یام وه‌رگره‌كان له هه‌موو كون و كه‌له‌به‌ره‌كانی رووداوه‌كه به ئاگابن.
- خۆپاراستن له بڕیاری پێشوه‌خت
گرنگیدان به راستیه‌كان و دوركه‌وتنه‌وه له بڕیاردانی پێشوه‌خت بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیه‌و ده‌بێت ریپۆرته‌ر له‌به‌رچاوی بگرێت. نابێت بۆچون، ویست و ئاره‌زوو، هه‌ست و سۆزه‌كانی ریپۆرته‌ر ببنه هۆی دوركه‌وتنه‌وه له راستیه‌كان.
هه‌ر راپۆرتێك گه‌ر بۆچون و بڕیاری پێشوه‌ختی تێدا بوو، ئه‌وا په‌یام وه‌رگره‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن ریپۆرته‌ره‌كه ده‌یه‌وێت بیروبۆچونه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێته به‌رامبه‌ر، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی له ده‌ست دانی كاریگه‌ری و لاوازبوونی راپۆرته‌كه.
دوركه‌وتنه‌وه له بڕیاردانی پێشوه‌خت له لایه‌ن ریپۆرته‌ره‌كانه‌وه مانای ئه‌وه نییه راپۆرتێكی بێ ئامانج و ده‌رئه‌نجام دروست بكرێت، به‌ڵكو ریپۆرته‌ری به توانا ئه‌و ریپۆرته‌ره‌یه‌كه رێگه بدات راپۆرته‌كه هه‌نگاوبه هه‌نگاو به شێوه‌یه‌كی سروشتی بچێته پێشه‌وه و حه‌قیقه‌تی بابه‌ته‌كه‌و ئه‌وه‌ی روویداوه بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان شیبكاته‌وه. بڕیاردانی پێشوه‌خت بریتیه له‌وه‌ی ریپۆرته‌ر بیه‌وێت له سه‌ر ئه‌ساسی حه‌زو ئاره‌زوه‌كانی خۆی بڕوانێته بابه‌ته‌كه‌و راستیه‌كان بكاته قوربانی سه‌لیقه‌ی شه‌خسیی خۆی.
- ناسینی په‌یام وه‌رگره‌كان.
پێویسته ریپۆرته‌ر په‌یام وه‌رگره‌كانی خۆی بناسێت و بزانێت بۆ كێ ده‌نوسێت. ئه‌و راپۆرته‌ی بۆ رۆژنامه‌یه‌كی لۆكاڵی ده‌نوسرێت جیاوازه له‌و راپۆرته‌ی بۆ رۆژنامه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری ده‌نوسرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و راپۆرته‌ی كه بۆ رۆژنامه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند ئاماده ده‌كرێت و خوێنه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵه كه‌سێكی پسپۆرن له زۆر رووه‌وه جیاوازه.
له‌و چوارچێوه‌شدا پێویسته قووڵ بوونه‌وه وهه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و شێوه‌ی زمانی نوسین و ده‌ربڕینی گونجاو له پێناوی دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌و له گه‌ڵ خوێنه‌ران ، له‌به‌رچاو بگیرێت. ئاشنابوون به تایبه‌تمه‌ندی و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ران یارمه‌تی ریپۆرته‌ر ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی نوسینه‌كه‌ی زیاتر بخوێنرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر زانیاریت له‌سه‌ر خواست و حه‌زی په‌یام وه‌رگرانت نه‌بێت، له‌وانه‌یه به‌دوای هه‌ندێك بابه‌تدا بچیت كه به‌لای خه‌ڵكه‌وه گرنگ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی گونجاویشت دۆزیه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌رانت نه‌ناسی به شێوه‌یه‌ك بیخه‌یته‌روو كه له گه‌ڵ سه‌لیقه‌و حه‌زو ئاره‌زووی ئه‌واندا جوت نه‌بێت.
- ره‌تكردنه‌وه‌ی ریپۆرته‌ری میحوه‌ری
ئه‌گه‌ر سه‌رتاپای بابه‌ته‌كه بریتیی بێت له بۆچونه شه‌خسیه‌كانی ریپۆرته‌ر، ناكرێت ئه‌وه به راپۆرت له قه‌ڵه‌م بدرێت و په‌یام وه‌رگرانیش به چاوی راپۆرته‌وه ته‌ماشای ناكه‌ن، بابه‌تێكی له‌و جۆره ده‌كرێت وه‌ك مه‌قاله‌یه‌ك حسابی بۆ بكرێت، به‌ڵام هه‌رگیز راپۆرتێكی ته‌واو نیه.
په‌یام وه‌رگر ئه‌و كاته حه‌زی له خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتێك ده‌بێت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كات كه هه‌ست بكات هه‌موو دیدگا جیاجیاكانی بابه‌ته‌كه خراونه‌ته‌ڕوو. وه‌ك ریپۆرته‌رێكی پرۆفیشناڵ ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ی بۆچوونه جیاوازه‌كان له پاڵ یه‌كتردا دابنێت و بینه‌رو خوێنه‌ر و گوێگره‌كانت به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو ببه‌یت، به‌ڵام گه‌ر ته‌نها خۆت تاقه قسه‌كه‌ر بیت و قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی له راپۆرته‌كه‌دا هی خۆت بوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردوه راپۆرت نییه. راپۆرتێكی ته‌واو، به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆچونه جیاوازه‌كانی خه‌ڵك و پسپۆران و شاره‌زاو به‌رپرسان له خۆ ده‌گرێت.