
رۆژنامه‌وانی، هه‌ولێر، نووسینی: محه‌مه‌د ته‌قی روغنیها، وه‌رگێڕانی: مه‌جید ساڵح
به هۆی ئه‌و چوارچێوه‌و قاڵبانه‌ی كه هه‌یه‌تی، “هه‌واڵ” ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیار‌و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه و گۆشه جیاجیاكانی به‌درێژی روداوێك بخاته‌روو. هه‌ندێك جار روداوێك رووده‌دات یان ره‌وتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات پێویست ده‌كات به درێژی وه‌سف بكرێت و له دیدگا جیاجیاكانه‌وه بدرێته به‌ر ره‌خنه‌و راڤه‌و شیكار. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان هیچ لایه‌نێكی شاراوه نه‌مێنێت.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆی راپۆرته هه‌واڵدایه و له رێگه‌ی هڵكۆلێنی چینی سه‌ره‌وه‌ی روداوه‌كان، په‌یام وه‌رگران ده‌باته ناخی روداوهكانهوه گۆشه تاریك وشاراوهكانیان بۆ ئاشكرا‌و روناك ده‌كاته‌وه و راستیه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كات.
قۆناغه‌كانی ئاماده‌كردنی راپۆرت
ئاماده‌كردنی راپۆرته هه‌واڵ و لێكۆڵینه‌وه و وه‌سفی شیكاری و بابه‌تی جیاوازیان له گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه.به‌لام هه‌مویان به چه‌ند قۆناغێكی هاوبه‌شدا تێده‌په‌ڕن، ئه‌و قۆناغانه‌ش بریتیتن له:
- كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری
پاش هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت، یه‌كه‌م هه‌نگاو كه ده‌بێت بنرێت بریتیه له كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری. بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت له سه‌ر رووداوه‌كان پێویسته بۆ وه‌رگرتنی زانیاری رێگه‌ی جیاجیا بگیرێته‌به‌ر. سود وه‌رگرتن له ئه‌رشیفی شه‌خسی یان ئه‌و كه‌ناڵه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ی، سود وه‌رگرتن له بانكی زانیاری و سه‌ردانی كردنی كتێبخانه‌ی گشتی، له‌و هه‌نگاوه سهرهتایانهن كه ده‌بێت بگیرێته‌به‌ر. هه‌ڵبه‌ت راده‌ی سود وه‌رگرتن له هه‌ریه‌ك له‌و سه‌رچاوانه و گونجانیان له گه‌ڵ جۆری راپۆرته‌كه و ئه‌و بواره‌ی كه بۆت ده‌ڕه‌خسێت، جیاوازه. بۆ نمونه له كاتی ئاماده‌كردنی راپۆرته هه‌واڵدا سود وه‌رگرتن له ئه‌رشیفی شه‌خسی و ئه‌رشیفی كه‌ناڵه‌كه‌و بانكی زانیاری سوده‌كانیان زیاتره، ئه‌و زانیاریانه‌ی له كتێبخانه گشتیه‌كاندا ده‌ست ده‌كه‌ون زیاتر بۆ راپۆرتی شیكاری به‌سودن.
كاتێك به ئه‌رشیفه‌كاندا ده‌چیته‌وه، ئه‌و هه‌واڵ و رووداوانه‌ی كه مه‌به‌سته بخوێنه‌وه و ئه‌وه‌ی سرنجت راده‌كێشێ و ده‌زانیت به‌كه‌ڵكه كۆپی بكه. ئه‌و كاره یارمه‌تیت ده‌دات تاوه‌كو له كاتی نوسینه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌دا، بتوانیت پێشینه‌ی رووداوه‌كه بگێڕیته‌وه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا له كاتی ئاماده‌كردنی پرسیاری ئینتهرڤیوهكان و دانانی چوارچێوه‌ی راپۆرته‌كه‌ت سودیان لێ ببینی. ئه‌گه‌ر وێنه یان فیلمێكت له سه‌ر رووداوه‌كه ده‌ست كه‌وت هه‌وڵبده بیانبینی. له گه‌ڵ ئه‌و رۆژنامه‌نوس و سهرنوسهرانهی ئاگایان له رووداوه‌كه هه‌یه گفتوگۆ بكه‌و هه‌وڵبده بۆچونه‌كانیان بزانیت.
ئه‌گه‌ر هاوكاره‌كانت زانیاریان سه‌باره‌ت به بابه‌تی راپۆرته‌كه‌ت هه‌یه، هه‌وڵبده سود له بۆچونه‌كانیان وه‌رگریت. ئه‌و زانیاریانه یارمه‌تی ریپۆرته‌ر ده‌دات تاوه‌كو به چاوێكی كراوه‌تره‌وه بڕوانێته هه‌موو لایه‌نه‌كانی بابه‌ته‌كه‌ی وچوارچێوهیهكی لابه‌رجه‌سته بێت.
ریپۆرته‌ر ده‌بێت به شیكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كه و پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، مه‌سه‌له په‌یوه‌ندیداره‌كانی راپۆرته‌كه‌ی پۆڵێن بكات و چوارچێوه‌یه‌كی گشتی لای خۆی وێنا بكات.
له پۆلێن بهندیهكی بابه‌ته‌كانی راپۆرته هه‌واڵێكدا، ده‌كرێت سێ جۆر مه‌سه‌له له‌به‌رچاو بگرین: “ئه‌و رووداوه‌ی كه قه‌وماوه”، ئه‌و رووداوه‌ی له قهوماندایه” و “ئه‌و رووداوه‌ی كه ئیحتماله بقه‌ومێت”.
بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی شیكاری، یان وه‌سفی یاخود لێكۆڵینه‌وه‌ی، ده‌كرێت هاوته‌ریب له گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا پۆلینێك له مێشكی خۆتدا دروست بكه‌یت و زانیاری بۆ كۆكهیتهوهو ئینته‌رڤیوی بۆ ئه‌نجام بده‌یت.
ئاماده‌بوون له شوێنی رووداو
له زۆربه‌ی راپۆرته هه‌واڵه‌كاندا، هه‌روه‌ها له راپۆرته وه‌سفی و هه‌ندێك له راپۆرته بابهتیهكاندا، ئاماده‌بوون له شوێنی رووداوه‌كه‌دا كارێكی زۆر پێویسته.
- یه‌كه‌مین شت كه ده‌بێت له‌كاتی گه‌یشتن به شوێنی رووداوه‌كه له‌به‌رچاو ، بگیرێت دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاوه بۆ بینینی دیمه‌نه‌كان. بینین سه‌ره‌كی ترین و گرنگترین ره‌گه‌زی ئاماده‌كردنی راپۆرته‌و باشترین و گونجاوترین زانیاریش دهخاتهبهردهستی په‌یام وه‌رگره‌كان.
چاوكراوه‌یی و وردبینی ریپۆرته‌ر له‌كاتی روداوه‌كه‌دا رۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێ له جوانكاری وكاریگه‌ری راپۆرته‌كه و نابێت ریپۆتهر بچوكترین شتێك كه بینیویه‌تی پشتگوێ بخات. بینین سه‌رچاوه‌یه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئه‌رشیف و بانكی زانیاریه‌كان ده‌ست ناكه‌وێت.
- خاڵی دووه‌م كه نابێت له كاتی ئاماده‌بوون له شوێنی رووداوه‌كه‌دا له‌بیر بكرێت، گفتوگۆكردنه له گه‌ڵ شایه‌تحاڵ و ئاماده‌بووانی رووداوه‌كه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه شوێنی بینینی خودی ریپۆرته‌ر ناگرێته‌وه، به‌ڵام ده‌توانێت ببێتهسهرچاوهیهكی گرنگ بۆ ته‌واوكردنی راپۆرته‌كه‌و و دیدوبۆچونی جیاوازیش بخاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها زانیاری به‌كه‌ڵك و گرنگیش بخاته‌به‌رده‌ست ریپۆرته‌ر.
- سێیه‌مین خاڵ له كاتی ئاماده‌بوون له شوێنی رووداوه‌كه بریتیه له‌وه‌ی سه‌رنجی خۆت بده‌یته په‌راوێزی رووداوه‌كه. له پاڵ هه‌ر رووداوێكی سه‌ره‌كیدا چه‌ند روداوێكی په‌راوێزخراو رووده‌ده‌ن كه كاریگه‌رییان هه‌یه بۆ سه‌ر راپۆرته‌كه‌و ده‌كرێت وه‌ك بابه‌تێكی سه‌رنجراكێش ته‌ماشا بكرێت.
ئینته‌رڤیو
ئینته‌رڤیو و خستنه‌ڕووی بۆچوون و دیدگا جیاجیاكان به بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی راپۆرته‌كان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. چاوپێكه‌وتن له گه‌ڵ خه‌ڵك و سود وه‌رگرتن له دیدگاكانیان، یارمه‌تی ئه‌وه ده‌دات راپۆرته‌كه پڕزانیاری تر بێت و ته‌نویعی تێدا بێت.
په‌یام وه‌رگرانی راپۆرته‌كان، زیاتر حه‌زیان له‌و راپۆرتانه هه‌یه كه له گه‌ڵ بۆچونه‌كانی خۆیاندا یه‌كده‌گرنه‌وه و درێژه به موتابعهكردنی ده‌ده‌ن. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ریپۆرته‌ر هه‌وڵبدات سه‌رنجی زۆرترین خه‌ڵك بۆ لای خۆی راكێشێت و له پاڵ دڵنیاكردنه‌وه‌یان كه راپۆرته‌كه بێلایه‌نانه ئاماده‌كراوه،په‌یام و مه‌به‌سته‌كانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته په‌یام وه‌رگره‌كانی.
له‌كاتی ئینتهرڤیوكردن له گه‌ڵ خه‌ڵكدا ئاگاداری ئه‌وه‌بن كه ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له گهڵداكراوه، په‌یوه‌ندیان به بابه‌تی راپۆرتهكهوه هه‌یه. ژماره‌ی چاوپێكه‌وتن و وتهوهرگرتنهكان به‌راده‌یه‌ك بن كه له گه‌ڵ قه‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌دا بگونجێت. ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌بیت پرسیاره‌كان ساده‌و روون وئاسان بن.
له‌وانه‌یه به‌شێك له ئینتهرڤیوهكه له راپۆرته‌كه‌دا به‌كاربهێنیت و وه‌ك به‌شێك له زاانیاری بۆ خۆت كه‌ڵك له به‌شه‌كانی دیكه وه‌رگریت. جگه له خه‌ڵك،ده‌بێت ئینته‌رڤیو له گه‌ڵ پسپۆر و شارهزایانیشدا بكه‌یت و كه‌ڵك له بۆچونه‌كانیان ببینی.
بۆ ئاماده‌كردنی ژماره‌یه‌كی زۆری راپۆرت به تایبه‌تی راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌یی، پێویسته ریپۆرته‌ر بۆچوونی پسپۆران بزانێت. ئه‌و راپۆرته‌ی بۆچوونی كه‌سانی پسپۆری تێدا بێت زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند تره له راپۆرته‌كانی دیكه. له كاتی ئینته‌رڤیو له گه‌ڵ پسپۆران، هه‌وڵبده بۆچوونی جیاواز وه‌رگریت، چونكه ئه‌و كاره ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی راپۆرته‌كه سه‌رنج راكێشتر بێت، خستنه‌رووی بۆچون و ئاراسته‌ی جیاواز خاڵێكی به‌هێزه بۆ سه‌ركه‌وتویی راپۆرته‌كان.
پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له سه‌رچاوه‌ی جیاجیا و ئه‌نجامدانی ئینته‌رڤیو له گه‌ڵ خه‌ڵك و كه‌سانی پسپۆر، پێویسته ریپۆرته‌ر له گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌شدا كه به‌رپرسیارێتیان هه‌یه له مه‌سه‌له‌كه‌دا چاوپێكه‌وتن بكات و بۆچونه‌كانیان بزانێت. بۆ نمونه له كاتی ئاماده‌كردنی راپۆرت سه‌باره‌ت به هێللا ئۆتۆبوسی ناو شار، پێویست ده‌كات چاوپێكه‌وتن له گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌رپرسی هێله‌كانی ناو شار و سه‌رۆكی شاره‌وانی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شاردا ئه‌نجام بدرێت و بۆچونه‌كانیان له‌و باره‌وه بخرێته‌ڕوو.
له‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی كه له گه‌ڵ خه‌ڵك و پسپۆر‌و شاره‌زاو به‌رپرساندا ده‌كرێت، بۆ ده‌ست كه‌وتنی زانیاری جیاواز و زۆر، ریپۆرته‌ر ده‌بێت ئاگارداری ورده‌كاریه زانستیه‌كانی ئینته‌رڤیو و لایه‌نه ئاڵۆزه‌كانی بێت وبه‌سه‌ر كهموكوڕیهكاندا زاڵ بێت، بتوانێت ئه‌و كه‌سانه‌ی تاقه‌تی چاوپێكه‌وتنیان نییه بهێنێته قسه‌و بۆچونه‌كانیان لێده‌ربهێنێت.
شێوازی ئاماری:
له هه‌ندێك راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌یدا، كه‌ڵك وه‌رگرتن له راپرسیی و لێكۆلینه‌وه‌ی مه‌یدانی بۆ خستنه‌رووی رایگشتی به شێوه‌یه‌كی زانستی، قوڵایی و به‌ڵگه‌نامه‌یی به راپۆرته‌كه ده‌به‌خشێ. شیكاركردنی ئاماره به‌ده‌ست هاتوهكان و لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانیه‌كان، دیدگایه‌كی رونتر له‌به‌رده‌م په‌یام وه‌رگران ده‌كاته‌وه و یارمه‌تی ریپۆرتهرهكانیش ده‌دات به به‌ڵگه‌وه بۆچونه‌كانی بخاته به‌رده‌ست خوێنه‌رانی.
له لێكۆڵینه‌وه پێوانهیهكانی تایبه‌ت به رووداو و بابه‌ته ههواڵیهكاندا، جگه له وه‌ی كه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌كه له گه‌ڵ بنه‌مایه‌كی زانستی لێكۆڵینهویدا گونجاو بێت ، پێویسته له پێشدا هۆكاری كاتیش وه‌ك گۆڕاوێكی سه‌ره‌كی له‌به‌رچاو بگرین، چونكه زۆرجار به تێپه‌ڕبوونی كات، رایگشتی ده‌گۆڕێت. له راپۆرتهههواڵهكاندا به هۆی سنورداربوونی كات، به‌كارهێنانی راپرسیی و لێكۆڵینه‌وه‌ی پێوانه‌یی كارێكی گونجاو نیه.، به‌ڵام ده‌كرێت سود له ده‌رئه‌نجامی ئه‌و لێكۆڵهینهوانهی كه كه‌سانی تر ئه‌نجامیان داوه و له گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا ده‌گونجێت ببینرێت.
ته‌واوكردنی زانیارییه‌كان:
له ماوه‌ی ئاماده‌كرنی راپۆرته‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكی گرنگ دێنه پێشه‌وه، یان له‌وانه‌یه ریپۆرته‌ر له مێشكی‌دا هه‌ندێك پرسیار‌و بابه‌تی نوێی لا دروست بێت و پێویست بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵام بۆیان دیسانه‌وه سه‌ردانی سه‌رچاوه‌ی نوێ بكاته‌وه. هه‌ربۆیه پێویسته ریپۆرته‌ر پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریه‌كان، پێداچونه‌وه‌یه‌ك به هه‌موو زانیاریه‌كاندا بكاته‌وه بۆ ئهوهیبزانێت ئاخۆ هیچ شتێك نییه كه له‌بیر كرابێت. له‌وانه‌یه له كاتی پێداچونه‌وه به گفتوگۆ‌و زانیارییه‌كان هه‌ندێك شتت به‌رچاو بكه‌وێت كه پێویست بكات له گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه‌دا ئینته‌رڤیوی بكه‌یت و بۆچوونی كه‌سانی پسپۆر‌و شاره‌زای بۆ وه‌رگریت یان سه‌ردانی بانكی زانیاری و سه‌رچاوه‌كانی دیكه بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینهوهكهت بۆشایی تێنه‌كه‌وێت. ئه‌و خاڵه یارمه‌تی تۆ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خاڵێكی شاراوه‌و نادیار هه‌بو له‌و رێگه‌وه چاره‌سه‌ری بكه‌یت و هیچ دوودڵی و ناڕونیه‌ك لای په‌یام وه‌رگره‌كان نه‌هێلێته‌وه.
تۆماركردنی تێبینیه‌كان
ئه‌و خاڵه‌ی كه پێویسته هه‌رله یه‌كه‌م قۆناغی ئاماده‌كردنی راپۆرته‌وه تا دوا قۆناغی له‌به‌رچاو بگیرێت، تۆماركردنی تێبینیهكانه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه بینراو بیستراوانه‌ی كه له راپۆرته‌كه‌دا به‌كارهاتون . تێبینیه‌كانی خۆت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ده‌یبینی یان ده‌یبیستی یاخود به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له راپۆرته‌كه‌دا به‌كاردێت، تۆمار بكه.
هه‌ندێكجار ریپۆرته‌ر له كاتی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكدا هه‌ندێك بابه‌تی به‌رچاو ده‌كه‌وێت و ده‌كه‌وێته‌ژێر كاریگهریهكهیهوه و له‌وانه‌یه ئه‌وانه‌ی پێشتر بیستویه‌تی یان بینیویه‌تی له بیر بباته‌وه. بۆیه تۆماركردنی تێبینیه‌كان گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه. باشییه‌كی دیكه‌ی تۆماركردنی تێبینیه‌كان ئه‌وه‌یه، ریپۆرته‌ر پاش رێكخستن و پێداچوونه‌وه به یاداشته‌كانیدا ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له بیری چوون یان نهینوسیونهتهوه، ده‌كه‌وێته‌وه یادو راپۆرتهكهیپێ ته‌واو ده‌كات. ته‌نانه‌ت له كاتی ریكۆرد كردنی ئینتهرڤیوهكانیشدا، باشتر وایه له ده‌فته‌رێكدا خاڵه به‌هێزه‌كانی چاوپێكه‌وتنه‌كه بنوسیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی پۆڵێنكردنی بابه‌ته‌كاندا سود له كورتكراوه‌كه‌ی ببینی و كاتی خۆت به ته‌فریغ كردنی كاسێتهكهوه خه‌رج نه‌كه‌ی.