
رۆژنامهوانی، ههولێر، ئارهزوو نوری

لەنێو ئەم فەوزایەی سۆشیال میدیایەدا ناوبانگ دەرکردن هێندە ئاسان بووە و گەر هەرکەس گوێ بە شكۆ و كهسایهتی خۆی نەدا بەتەنها رۆژێک ناوی لەنێو سۆشیال میدیا دەنگ دەداتەوە و دەبێتە باسی هەمووان و ژمارهی فۆلۆوەرەکانی هەڵدەکشێ..لەملاش میدیای کوردی دێت و زەبەلاحتریان دەکەن..
ئەم مۆدێلانەی ئێستاش باش عەقڵییەتی ئەم میللەتەیان هەڵسەنگاندووە کاتێ بیانەوێ ببنە رەقەم ئەوە کارێکی نەشیاو یا قسەیەکی نەشیاو فڕێ دەدەنە نێو مەیدانەکە و هەر کە زانیان ناویان فڕی و بوون بە رەقەم، ئیتر رۆژی دواتر دیسان دێنەوەو پۆزش بۆ قسەو کردارەکەیان دەهێننەوە و دیسان دەبنەوە مانشێتی سەرجەم پەیجەکان.. چونکە لەنێو ئەم میللەتە تەنها بەدوای کارە خراپەکانن و هەمووان قسەیان هەیە..
ئیتر چەند قسەی نەشیاوو چەند تانەوتوانجی خراپیان لێ دەدرێ لای ئەوان تەنها ئەوە گرنگە کە ناسران و بوون بەرەقەم..
ئەوەی لێرە مەبەستمە میدیای کوردییە کە شەو نیە یەکێک لەو مۆدێلانە میوانی بەرنامە و سەر شاشە نەبێت.. بۆ هەر بۆنەیەک لەشاشەکان مۆدێلێک لەگەڵ هونەرمەندێکی بە ئەزموون.. یا گۆرانیبێژێک یا شاعیرێک یا هەر میوانێکی دیکە مۆدێلێکیش بۆ بەزم خۆشکردنی خۆیان بانگهێشتکراوە و بەجلە نیمچە رووت و حیلکە حیلکیان فەوزایەک دروست دەکەن و ئەم بەرنامانەش لەنێو خێزانی کوردو کلتورو داب و نەریتی دوور لەو کردارانە پەخش و بەردەوامە و گەنج و منداڵ و ژن و پیاو هەمووان دەیبینن بێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک لەسەر قسەو کرداریان دابنرێت..
ئایا میدیای کوردی هێندە بێ مستەوا بووە کە بۆ کۆکردنەوەی بینەر سەعاتێک و دووان بەرنامە لەگەڵ مۆدێل بەڕێ بکەن؟ ئەزموون و لێهاتوویی ئەم مۆدێلانە چییە تا کات و بەرنامەیان پێ پڕ بکرێتەوە جگە لە بڵاوبوونەوەی کرداری نەشیاوو جلوبەرگێکی قێزەون؟ یاخود کەی کێشەی خەڵکە ژیانی تایبەتی ئەم مۆدێلانە بزانن؟ بۆ دەبێ میدیای کوردی ببێتە ئامرازێك بۆ ناساندن و ناوبانگ بوونی مۆدێلەکان؟
مۆدێلەو خۆی رووت کردووەتەوەو خۆی پێ بەناوبانگ کردووە یا جنێو و شەڕە جنێو بۆ ناساندنی خۆیان بەکاردێنن یا قسەی نەشیاو بە هەژارێک دەکەن، تۆی میدیاکار لەبری ئەوەی کاتێ دەیکەیتە میوانی بەرنامە هۆکاری ئەو کردارە خراپەنەیان لێ بپرسن کە دوورە لەدابو نەریتی کۆمەڵگەکەت و دەبنە هۆکاری لەرێ دەرکردنی دەیان گەنج، دێیت پاساوی بۆ دێنیتەوەو وەک ستەملێکراو نیشانی خەڵکی دەدەیت و وەک فریشتەو کەسێکی بەئەزموون وەسفیان دەکەن..
بەرنامەی سەری ساڵ و بۆنەکانە رووی پرسیار هەر لەو مۆدێلانەیە، بەرنامەی هونەرە هەر مۆدێلێک مێوانە، بەرنامەی خواردن دروستکردنە هەر مۆدێلێک، بەرنامەی کێبڕکێیە مۆدێلێک دەبینرێ، بەهەرحاڵ میدیای کوردی وای لێهاتووە تەنها بۆ زیادکردنی بینەرو هەڵکشانی لایک کۆمێنت ئەم مۆدێلانە دەکەنە پاڵەوان و کەوچی نێو هەموو مەنجەڵێک.!!