
رۆژنامەوانى، هەولێر، ئەرسەلان رەحمان

ناونیشانى کتێبێکى زۆر بەڕێز، مامۆستا “لەتیف حسێن”ەو ژمارەى سپاردنى (1832)ى ساڵى (2020)ى لە بەڕێوبەرێتى گشتیى کتێبخانە گشتییەکان پێدراوە و لە بڵاوکراوەکانى سەنتەرى “میترۆ”یە بۆ “داکۆکى” لە مافى رۆژنامەنووسان.
کتێبەکە لە دوو بەشى سەرەکى پێکهاتووە: دواى پێشەکى و سەرەتا، بەشى یەکەمى لە لاپەڕە (21-118)ى بۆ تەرخانکراوە.
بەشى دووەم تایبەتە بە بۆچوونى ژمارەیەک ئەکادیمى، رۆژنامەنووس و شارەزاى بوارى میدیا لە لاپەڕە (119 – 202)ى بۆ تەرخان کراوە. دواى چاپکردنى رێوڕەسمى ناساندنى لە کۆتایى مانگى ئەیلوولى رابردوو بۆ کراوە و (750) دانەى لێ چاپکراوە.
یەکێک لەو کەسانەى وەک بۆچوون بەشداریان کردووە، بەندەیە. نووسەرى بەڕێز پەیوەندى پێوە کردووم و لەسەر بنەماى هەماهەنگى و هاوکارى بە بابەتێک بەشداریم کردووە.
ئەو بەڕێزانەى بەشداریان کردووە، بە گوێرەى ریزبەندى ئەمانەن: (د. نەزاکەت حمە سەعید، عەدالەت عەبدوڵڵا، د.کارزان محەمەد، د. پاڤێ جەمیل، ئەرسەلان رەحمان، کامیل عومەر، ستران عەبدوڵڵا، شەهێن سابیر، ژوان ئەحمەد، ژینۆ محەمەد، مەریوان حەسەن، هانا شوان، ئاسۆ سەراوی، سامان حەمەغەریب، بەهرە حەمەڕەش، محەمەد رەئوف، نیان مەحمود، پەیوەند عومەر، ئاڤان جاف، ڤیان مەحمود، کاروان ئەنوەر). کۆى گشتیى (21) کەس و رووبەرى (81) لاپەڕەى کتێبەکەیان بۆ تەرخانکراوە.
لە رووى پانتایی نووسینى نووسەرەوە: لە کۆى (202) لاپەڕەى نووسین، نزیکەى سەد لاپەڕەیەکى بۆ “نووسەر” ماوەتەوە. لەو کەمتر لە سەد لاپەڕەیەش، (14)ى رێکى رێک بابەتێکى بەندەیە بە ناونیشانى “هەڵە میدیاییەکان لە رووماڵى پرس و دیاردە و کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا” بڵاوکراوەتەوە. ئەمە جگە لە چەند لاپەڕەیەکى دیکەى کە کتومت و بێ دەستکارى وەرگیراوون و بە ناوى “نووسەر”ەوە دانراوون. کۆى گشتیى (70 – 80) لاپەڕەیەک دەمێنێتەوە، ئەویش بێگومان هەمووی زادەى قەڵەمى نووسەر نییە.
“نووسەر” لە رێى مەسنجەر و مۆبایلەوە پەیوەندی پێوەکردم، پشتیوانیم دەربڕى و خۆشحاڵ بووم بە هەوڵەکەى، قسەم لەسەر ئەوە بوو، هەرچى وەردەگرێت لە کۆى ئەو بابەتانەى بڵاوم کردوونەتەوە، ئاماژە بە سەرچاوە بکات. بۆ بابەتەکەش بڕیارمان وا دا من بابەتەکەى بۆ بنێرم و ئەو بە ناوی خۆمەوە لە ریزى ئەو بەڕێزانەى دیکە دایبنێت. بۆ ئەمەیان هیچ قسەیەکم نییە و کارێکى باشیکردووە.
سەرنجى بەندە لەسەر بەشى یەکەمى کتێبەکەیە. لەو بەشەدا دەکرێت ئەم تێبینیانەم هەبێت:
یەکەم: بەشى یەکەم لە کۆتایى بەشەکەدا ناوى (6) سەرچاوەى هێناوە. بۆ خوێنەر روونى نەکردووەتەوە، کە چى لە کوێ و لە کێ وەرگرتووە. خوێنەر کاتێک بابەتەکە دەخوێنێتەوە، بە ناوى نووسەرەکەوە دەیخوێنێتەوە، کەچى وەک پێشتر باسم کرد، نەک پەرەگراف و دووانى 14 لاپەڕەى بەسەر یەکەوە هی بەندەیە. جگە لە چەند لاپەڕەیەکى دیکە کە زۆر و کەم بابەتەکانى بەندەى تێدا جێکردووەتەوە.
دووەم: پێویستە گلەیى لە سەنتەرى میترۆ بکرێت، چۆن بێ هەڵسەنگاندن نووسینى لەو جۆرە چاپ و بڵاودەکەنەوە و دەبنە سپۆنسەرى. ئەوان لای خۆیەوە “داکۆکى” لە مافى رۆژنامەنووسان دەکەن.
سێیەم: ئەو جۆرە کارکردنە پێى ناوترێت نووسین. دەکرا بەڕێز “مامۆستا لەتیف حسێن” نووسیباى “ئامادەکردن”، یان “کۆکردنەوە و خستنەڕوو”.
چوارەم: دەشکرا ئامادەکارى ئەو بەرهەمە، کە بۆچوونى (21) کەسایەتى وەرگرتووە، لە برى نووسەر، بنووسێت “کۆمەڵێ نووسەر” و ناوی خۆیشى وەک کۆکەرەوە و ئامادەکار نووسیبا و پێشەکى و پوختەیەکى لێهەڵهێنجاندبا.
پێنجەم: کتێبەکە بێ سەرچاوە و بێ پەراوێزە. تەنیا بە شێوەیەکى نازانستى ناوى شەش سەرچاوەى لە کۆتایى بەشى یەکەم داناوە.
شەشەم: کۆتە بۆچى دانراوە، مەگەر ئەوەى کەسێک وتە، نووسین، پەرەگراف، بۆچوونى کەسێک وەردەگرێت و لە چوارچێوەى بابەتێکى خۆیدا بەکارى دەهێنێت، دەبێت جیا بکرێتەوە و تێکەڵى نووسینى خۆى نەبێت و ئاماژە بدات، کە ئەمە بەرهەمی رەنجى فکرى فڵان کەس و سەرچاوەیە و هی خۆم نییە.
حەوتەم: ئەم جۆرە کتێب چاپکردنە زۆرتر لە کتێبسازى بۆ بازاڕ دەچێت، تا ئەوەى کتێبێکى نەمر بێت.
هەشتەم: گواستنەوەى بێباکانەى بەرهەمى کەسانى دیکە و ترنجاندنى لە بۆتەى بەرهەمى خودی بێ ئاماژەکردن بە سەرچاوە، پێشێلکارى یاساییە، لادانە لە ئیتیکی پیشەی میدیایى، پێشێلکارى مافى ئەوانى دیکەیە، چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنە.
چارەسەر:
گرنگە لیژنەیەک لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانى چاپ و بڵاوکردنەوە هەبێت، پێداچوونەوە بەو بەرهەمانە بکات کە پێشکەش دەکرێن بۆ وەرگرتنى ژمارەى سپاردن. دواى لێوردبوونەوە و هەڵسەنگاندن ژمارەى پێ بدرێت. دەکرێت وەزارەتى رۆشنبیرى هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا بکات. کەسێک داواى ژمارەى سپاردن بۆ بەرهەمێکى مێژوویی دەکات، بابەتەکە بخرێتە بەر دەست مامۆستایانى بەشى مێژوو، ئەوان هەڵسەنگاندنى بۆ بکەن، بۆ میدیا و کۆى کایەکانى دیکەش بە هەمان شێوە. بۆ ئەوەى لانیکەم رێگرى بکرێت لە لەدایکبوونى ئەو جۆرە بەرهەمە شێواوانە، کە بە رێگەیەکى رەوادا بە بەرهەم نەهاتوون.
دوا قسە:
دەمێنێتەوە، بڵێم من هیچ قسەیەکی نابابەتیانە لە بارەى خودى ئەو مامۆستا بەڕێزەم نەکردووە، چونکە بەیەکەوە قسەمان کرد، بەڵێنى دا ئاماژە بە سەرچاوەکان بکات. خۆمیش لینکەکانم بۆ نارد. بەڵام هیچ رازی نیم لە شێوازى کۆپى پەیستەکەى. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرهەمەکەى وەک هەر بابەتێکى دیکەى کایەى رۆشنبیرى جێى رەخنە و سەرنجە وەک چۆن ستایشى ئەوەى پێ بڕاوە بوترێت ئەوەندە بەرهەمى چاپکراوى هەن.
گرنگیشە، ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ بەخۆداچوونەوە و بە پێویستى دەزانم، هەم بەڕێز مامۆستا “لەتیف حسێن” و هەم ئەوانەى ئەو جۆرە کارە نازانستییەیان دەست داوەتێ، لانیکەم کات بۆ پێداچوونەوەى بەرهەمەکانیان تەرخان بکەن و ماف بۆ خاوەن مافان بگێڕنەوە.