
رۆژنامەوانى، هەولێر، ئەرسەلان رەحمان

هەندێک بەڕێز دەستیان داوەتە کارێک، کە هی ئەوان نییە. بۆ سەلماندنى بوونى خۆیان دەست بۆ هەموو شتێک دەبەن. ئەمە رەنگە لە هەندێک کایەدا، بۆیان بچێتەسەر، بەڵام لە کایەى زانست و نووسیندا هیچ ون نابێت و زوو و درەنگى کەوتووە، تا ئاشکرا دەبن.
نازم قسە خۆش, کاتێک یەکێک دەڵێت: وەختە بەو دەشت و دەرە بکەوین و شێت بین, وەڵامێکى جوان دەداتەوە و دەڵێت: ئەو دەشت و دەرە بێ خاوەن نییە و هەموو بستێک و بەردێکى خاوەنى هەیە”. لە نووسینیشدا هەموو بیرۆکەیەک، وتەیەک، وشەیەک، .. خاوەنى هەیە.
زۆر بەڕێز “هەژار حەکیم” لە (2018)دا کتێبێکى بە چاپ گەیاندووە و وەک لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەى پێکردووە، بەرهەمی کۆششى دوو ساڵی تەمەنییەتى. هەر هەوڵ و کۆششێک بۆ خزمەتی گشتیى و پێشخستن و پڕکردنەوەی پانتاییەک لە کایەى گشتیى مەعریفیدا جێى ستایش و دەستخۆشییە. لەو رووەوە جێى ستایش و دەستخۆشییە، بە تایبەتى کە دەبینین تاقى میدیا لە کتێبخانەى کوردیدا هێشتا هەژارە و وەک پێویست خزمەتى نەکراوە.
بەڵام کە قسەی حسابى دێتە ئاراوە، دەبێت قسە لەسەر ئەوە بکەین، چۆنێتییەکە، کوالێتییەکەى، کاکڵەکەى بایى چەندە، ژمارە ریزکردن پێوەر نییە. چۆنێتییەکەش مەرجە.
دەبوایە زۆر زووتر لە بارەیەوە بنووسم. بۆ ئەوەى بوەستێت و کەسى دیکە ئەو رێگەیە نەگرێتەبەر. ئێستا دەبینم رێگەکەى بەڕێز کاک هەژار حەکیم خەریکە ئاوەدان دەبێت و ئەو ئاوەى ئەو رشتوویەتى خەڵکى دیکەش قاچوقولیان بۆ چوونە ناوى هەڵکردووە.
ئەو بەڕێزە، هەرچەند بیرى لێ دەکەمەوە نازانم ئەو ئازایەتییەى لە کوێوە هێناوە، کە بەرهەمى خەڵکى دیکە کۆبکاتەوە و بیکات بە بەرهەمی خۆى. بە نیازپاکى بۆى هەژمار کەم، رەنگە بڵێین نەزانینە. بەڵام مەسەلەکە لە سەرووى ئەوەیە، ئەوەتا ئەو کتێب چاپ دەکات.
چاپکردنى کتێب بەو شێوەیەى هەندێک کەس دەستیان داوەتێ و دەیانەوێت لێیەوە بێنە ناو فەزاى گشتیی کایە میدیایی و رۆشنبیرییەکە کارەساتە.
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، بۆم کۆناکرێتەوە، لە کام لایەنەوە قسەى لەسەر بکەم، لە کۆپى پەیستکردنى نووسین و وەرگێڕانەکانی خۆم، لە سەروگوێلاک شکاندنى زانیارییەکان بۆ ئەوەی نەیانناسمەوە. لەوەى من نووسیومە “شارەزایانی راگەیاندن” و ئەو کۆپى بابەتەکەى کردووە و کردوویەتى بە “پسپۆڕانی میدیا” و ئیدی بووەتە موڵکى ئەو، لە خراپ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە، لە کۆپیکردنى ناونیشان و تەوەرەکانى کتێبى “شەڕى دەروونى داعش و رەنگدانەوەی لە میدیاى کوردیدا”، لەوەى من هەڵەم لە رێنووس کردووە و لای ئەو دووپات …؟
بە شێوازێک ئەو بەڕێزە کارى کردووە، زۆر قورسە بڕوا بەوە بکرێت، ئەمە کاری دەرچوویەکى زانکۆیە. نازانم چۆن توێژینەوەى بەکالۆریۆسى ئامادە کردووە، چۆن زانکۆى تەواو کردووە، بێ ئەوەى فێرى ئەوە بێت، مامەڵەى زانستى لەگەڵ سەرچاوە بەو جۆرە ناکرێت. ئەوەى بەو جۆرە مامەڵە بکات، ساختەکاری دەکات. من نامەوێت وشەى دزێوى دیکەى بۆ بەکاربهێنم.
بۆ چاوبەستی خوێنەر، ئەو بەڕێزە دەیان سەرچاوەى کوردی، عەرەبى، فارسى، تورکى، ئینگلیزى لە کۆتایى کتێبەکەى ریز کردوون. بۆ کتێبەکەى بەندەش ناوی چاپخانەکەى بە هەڵە نووسیوە. ئینجا هیچ کام لەو سەرچاوانەى نەبینیوە کە لە پەراوێزدا بەندە ئاماژەم پێکردوون و هەمان ئەو سەرچاوانەى لە لیستى سەرچاوەکانى ریز کردووە. بۆ نموونە من لە لاپەڕەیەکدا 3 سەرچاوەم بەکارهێناوە، ئەو کاتێک لاپەڕەکەى کۆپیکردووە، پەراوێزەکانى هەڵگرتووە و لە کۆتایی کتێبەکەشدا ئەو سەرچاوانەى خستووەتە لیستەکەیەوە.
راستى بە پێویستم نەزانى ئەو هەموو بەشەى کۆپی کردووە دانێم، مەگەر بڵێ وانییە، ئینجا بۆى دانێم. بەڵام بە پێویستى دەزانم خوێنەرى کورد، فێرخوازى بەشەکانى راگەیاندن، خۆیان لە بەکارهێنانى ئەو سەرچاوە ساختانە بە دوور بگرن. ناشێن بۆ ئەوەى لە کایەى زانستیدا پشتیان پێ ببەسترێت.
داواش دەکەم ئەو بەڕێزە، بەڵێ راستە ناوى نووسیوم لە ریزی سەرچاوەکانى کتێبەکەى، بەڵام پێویستە ئەگەر دەیەوێت رێگە راستەکە بگرێتە بەر، با بفەرموێت چاپى دووەمی ئامادە بکات و هەموو دێڕێک بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەى و ئاماژە بە سەرچاوەکان بکات و ئەو هەڵەیەى ژیانى راست بکاتەوە. مافیش بۆ خاوەن مافەکان بگێڕێتەوە. چونکە بەشێکى هەرە زۆری کتێبەکەى لە بەرهەمەکەى بەندەوە کۆپى کردووە