
رۆژنامهوانی، ههولێر، ئەسعەد ئەنوەر عارف
پێشوتار:
رێکلامی بازرگانی لە دیاردە بەرچاو و گشتگیرەکانی ئەم سەردەمەیە. ئەم دیاردەیە بە هۆی کاریگەریی قووڵ و بەردەوام، لەسەر روانگە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کەلتووری و بگرە سیاسیش کاریگەرییه جیاوازەکانی خۆی بەجێ دەهێڵێت. هەر بە هۆی ئەم کاریگەرییه هەمەلایەنەوە، ساڵانێکە لە لایەن وڵاتانەوە بووەتە جێگهی سەرنج و، هەوڵیان داوە بە دەرکردنی یاسای گونجاو، رێکی بخەن. هەرێمی کوردستان لەم بارەوە بۆشاییی یاساییی هەیە و بە هۆی ئازادیی راگەیاندن و بوونی ئەو هەموو دەزگهی راگەیاندنە ئەهلییەوە، یاسامەندکردنی رێکلامی بازرگانی بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی. بۆیە مەبەستمانە لەم وتارەدا تیشک بخەینە سەر ئاسەواری رێکلام و پێویستیی دەرکردنی یاسای گونجاو لەم بوارەدا.
ئاسەواری رێکلامی بازرگانی:
رێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا بە کەڵکوەرگرتن لە راگەیاندنی ئازاد و سەردەم، بەڵام بە ئەقڵییەتێکی کۆنەوە بەڕێوە دەچێت. رێکلامی بازرگانی، ئیتر تەنیا پێدان و دابینکردنی زانیاریی سادە بۆ بەکاربەران و وەبەرهێنەران نییە، چونکە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی قووڵ و ریشەییی هەیە. بۆیە لە بڵاوکردنەوەی رێکلامدا، پێویستە هەموو رەگەزە سەرەکی و لاوەکییەکانی لە داهاتووی کۆمەڵگەدا رەچاو بکرێت. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ ئاسەواری رێکلامی بازرگانی لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەین:
بەرچاوترین رووی رێکلام، لایەنی ئابوورییەتی. لە سروشتیترین باردا، وەبەرهێنەران بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی خۆیان و راکێشانی کڕیار، رێکلامی بازرگانی بۆ بەرهەمەکانیان دهكهن. ئەگەر رەچاوی گرنگیی ئابووریی خۆماڵی و بەرهەمی نێوخۆیی بکرێت؛ خۆی لە خویدا دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی نیشتمانی و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کۆمەڵگەدا.
بەپێچەوانەوە ئەگەر سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆمان نەبێت، کە لە یاسای رێکلامی بازرگانیدا رەنگی دابێتەوە و راگەیاندنکاران لە رێکلامەکانیاندا ناچار بە رەچاوکردنی ئەو سیاسەتە بکرێن، دەبێتە هۆی بەجێهێشتنی ئاسەواری نەرێنی و بندەستەبوون و پاشکەوتنی ئابووری؛ کە بەداخەوە بە هۆی بێپلانی و نەبوونی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ لە لایەن حکوومەتەوە، لە راگەیاندنەکاندا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی زۆر لاواز سەیری دەکرێت و تەنیا کاڵای بیانی رێکلامی بۆ دەکرێت. هەروەها گەشتوگوزار کە بابەتێکی گرنگی ئەم سەردەمەیە و رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، سەدەی بیست و یەکەمی بە سەدەی گەشتوگوزار ناودێر کردووە و، لە هەرێمی کوردستاندا، دەکرێت وەکوو سەرچاوەیەکی داهات سەیری بکرێت، پشتگۆی خراوە.
هەروەها رێکلامی بازرگانی، کاریگەریی خۆی لەسەر باوەڕ، رەفتار، ئارەزوو و داب و نەریتی هاووڵاتیان بەجێ دەهیڵێت. بەتایبەت بە هاتنی کاڵای نوێی بیانی، جۆری ژیان و داواکاریی خەڵک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئامانجەکانیان دەگۆڕێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە رێکلام، هێدی هێدی دەبێتە بەشێک لە کەلتووری هاووڵاتی. واتسۆن دهڵێت: “ئەگەر رێکلام، تەنیا بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵا بێت، جێگەی رەخنە نییە، بەڵام راستیی ئەوەیە کە رێکلام، فرۆشتنی بیر، ئارەزوو، شێوازی ژیانیش لەخۆ دەگرێت.” هەر بەم هۆیەوە نەیارانی کوردستان هەوڵی ئەوە دەدەن تا لە رێگەی ئابووری و رێکلامی کاڵاکانی خۆیان و نائاگاییی بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان، باوەڕ و جۆری ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم بەو شێوەی کە دەیانەوێت بگۆڕن و کەلتووری نەتەوەیەکی بەکاربەر بەسەرماندا بسەپێنن. زۆرێک لە شارەزایانی زانستی کۆمەڵایەتی، باوەڕیان وایە کە رێکلام گۆڕینی بیر و باوەڕی نەتەوە جیاوازەکانی لە پشتەوەیە، کە راستییهكهی تەنیا مەبەست لە رێکلام، پێدانی زانیاری سەبارەت بە کاڵایەک نییە، بەڵکوو بە مەبەستی سیاسی بەکار دەبردرێت. چالاکییه رێکلامییەکان لەم سەردەمەدا، دەبێتە هۆی راکێشانی بەکاربەر بۆ هەندێ کاڵای دیاریکراو کە جۆرێک خووگرتنی بەردەوام بە دوای خۆیدا دەهێنێت؛ ئەگەر یاسامەند و چاودێری نەکرێت، کەسایەتی و ناسنامهی هزریی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە و ئاسەواری نەرێنیی مەترسیداری زۆری لێ دەکەوێتەوە.
هەرچەندە پڕوپاگەندەی سیاسی لە رێکلامی بازرگانی ناوەڕۆک و ئامانجی جیاوازی هەیە، بەڵام لە کردەوەدا، ئامانج و ئاسەواری سیاسی لە رێکلامی بازرگانیدا بەدی دەکرێت. بێ گومان گۆڕینی کەلتووری بەکاربەریی تاکی کۆمەڵگە و شێوازی رفتاری ئابووری و کۆمەڵایەتی، کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی سیاسی دروست دەکات. گرنگترین ئاسەواری نەرێنیی كه رێکلامی بازرگانی بهجێ دههێڵێ، لەسەر سەربەخۆبوون و مانەوەیه لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا. بە راهاتن لەسەر بەکارهێنانی کاڵای بێکوالیتیی بیانی و کەمبەهاکردنی بەرهەمی نێوخۆیی، کە خۆی لە خۆیدا هاوكێشهی ئابووری دەگورێت و گوشاری نێوخۆیی لەسەر حکوومەت زیاتر دەکات و پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتیان لە دەرەوە دابین دەکرێت، لە ئاکامدا نەوەیەکی بەکاربەر، کە توانای بیرکردنەوەیشی لێ سەندراوەتەوە، پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکرێت.
پێویستیی داڕشتنی یاسای رێکلامی بازرگانی
ئاسەواری گرنگی رێکلامی بازرگانی لەسەر هەموو بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و بێسەروبەرییەی، کە لە راگهیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە رێکلامی بازرگانی بەدی دەکرێت، بەتایبەت لە ئێستەدا کە رێکلام بووەتە سەرچاوەی دارایی بۆ راگەیاندنەکان و، جۆرێک پێشبڕکێ لە نێوانیاندا دروست بووە، هیچ سنوورێک نەماوە پێشێلی نەکەن و رۆژ دوای رۆژ روو لە خراپبوون دەکات و بەرپرسانی پەیوەندیداریش بەبێ هیچ کاردانەوەیەک هەروەکوو هاووڵاتییەکی ئاسایی سەیری ئەم رێکلامانە دەکەن.
هەر بە هۆی ئەم بۆشاییی یاسایییەوە، وەبەرهێنەران، ئاژانسەکانی رێکلام و هاووڵاتیان ماف و ئەرکی خۆیان سەبارەت بەم چەمکە نازانن و، هیچ جۆرە چاودێرییەک لەسەر ئەم رێکلامانە بەدی ناکرێت. بۆیە پێویستیی دەرکردنی یاسایەکی سەردەمییانەی سەبارەت بە رێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت. پرەنسیپی ئازادیی بڵاوکردنەوەی رێکلامی بازرگانی لە هەموو سیستەمە یاسایییەکاندا بەفەرمی ناسراوە و، هیچ کات بە شێوەی رەها قهدەغە نەکراوە؛ تەنیا یاسامەند و سنووری بۆ دیاری کراوە. گرنگیی یاسای رێکلامی بازرگانی، کاتێک دوو هێندە دەبێت کە لایەنی دیار و شاراوەی تێدا رەچاو کرابێت؛ بۆیە یاسای ریكلامی بازرگانی تەنیا یاسایەکی سادە نییە کە ئاماژە بە هەندێ بابەتی دیاریکراو بکات. بەشێک لەو پێوەرانەی کە لەم یاسایەدا پێویستە رهچاو بکرێت بریتین لە:
گرنگیی زمان لە راگرتنی ناسنامهی نیشتمانیدا و پێگەی مێژووییی زمان، پێویست بە بیرهێنانەوە ناکات. لە هەرێمی کوردستاندا، رێکلام جگە لە لایەنی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر ئابووری، زۆر جار بە هۆی کەڵکوەرگرتن و تێکەڵکردنی زمانی بیانی لە نووسراو و بینراوەکاندا کاریگەریی خراپی لەسەر زمانی کوردی کردووە. بۆیە پێویستە لەم یاسادا، راگەیاندن ناچار بکرێت خۆیان لە بەکارهێنانی زمان و ناوی بیانی بهدوور بگرن و ئەو ناو و وشە بیانییانەیش کە لە ئێستەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، یان تۆمار کراون، ماوەیەکی دیاریکراویان پێ بدرێت بۆ گۆڕینیان بە زمانی نیشتمانی.
یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بە مەبەستی یاسامەندکردنی رێکلام لە راگەیاندنەکاندا، بۆ رەچاوکرنی سیاسەتی ئابووری و گرنگیدانە بە سەربەخۆیی لە ئابووریی نیشتمانیدا. چونکە ئەگەر ئەم جۆرە رێکلامکردنە لە راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە بابەتی ئابووری، پێداچوونەوەی پێدا نەکرێت، زیانەکانی تەنیا لە چوارچێوەی بابەتی ئابووریدا نامێنێتەوە و، هەموو بوارەکانی تریش دەخاتە مەترسییەوە. لە رێکلامی ئابووریدا پێویستە بەهەستیاری مامەڵە بکرێت و ئەولەوییەت بە بەرهەمی نێوخۆیی بدرێت. لە لایەکی ترەوە کەڵکوەرگرتن لە ئافرەت وەکوو ئامرازێک و بێڕێزی بە کەسایەتی و پێگەیان، لە ئێستەدا لە هەندێ لە رێکلامەکانی هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە کاتێک دەیانەوێت سەرکۆنەی پیاوێک لە رێکلامێکدا بکەن، بە ئافرەت ناوی دەبەن؛ کە خۆی لە خویدا بێڕێزییە بەرامبەر بە ئافرەت و، پێویستە قەدەغە بکرێت.
دەرەنجام:
رێکلام بۆ ئەوەی کاریگەر بێت، پێویستە هەستی بینەر بۆ لای خۆی راکێشێت و هێدی هێدی دەبێتە بەشێک لە کەلتووری گشتیی کۆمەڵگە. بۆیە لەم رێگەوە، دەکرێت بیرۆکەی هەر نەتەوەیەک بەیان کەیت و بیگۆڕیت. هەر بەم هۆیەوەیە وڵاتان لە رێگەی رێکلامی سیاسی و ئابوورییەوە، هەر یەک بە جۆرێک هەوڵی گۆڕینی داب و نەریتی ئەو وڵات و نەتەوەیان هەیە کە وەک مەترسی لێی دهڕوانن. هەرێمی کوردستانیش لەم رێسایە بەدەر نییە و، راستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی وڵاتانی دەوروبەرەوە کە ئامانجی تایبەتی خۆیان بەتایبەت سەبارەت بە بابەتی ئابووری هەیە و، مەبەستیانە نەتەوەیەکی بەکاربەر لە باشووری کوردستان دروست بکەن. هەروەکوو وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەندێ لە وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی تایبەتی خۆیان، ئامادەن کە بەرهەمەکانی خۆیان بە کەمتر لە نرخی خۆی رەوانەی بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. چونکە ئەم وڵاتانە باش دەزانن لەدەستدانی سەربەخۆییی ئابووری، زوو یان درەنگ، سەربەخۆییی سیاسی و کەلتووریش بە دوای خۆیدا دێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیری رێکلامەکان لە راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەبینین کە کەلتوور و زمان و جلوبەرگی نیشتمانی و مۆسیقای کوردی، فیدای بەرهەمێکی بیانی دەکرێت.
یان لە هەندێ رێکلامی بازرگانیی دیكهدا، دەبینین کە منداڵێکی ساوای ئەم نیشتمانە کە هیوا و ئاواتی دواڕۆژی نەتەوەکەمانە و، پێویسته بە بیرۆکەی سەربەخۆییی سیاسی و ئابووری پەروەردە بکرێت، بەڵام دەبەیەکی “دۆی ئێرانی” بەدەستەوە گرتووە و رێكلامی بۆ دەکات. بەرپرسانی پەیوەندیداری وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەیش رۆژانە ئەم دیمەنە دەبینن، بەڵام بەداخەوە هەست بەو مەترسییه گەورەیە ناکەن. ئەم راستییانە بەسەرماندا داسەپاوە و بۆشاییی یاسایی، ژینگەیەکی گونجاوی بۆ خراپبەکارهێنەران و بازرگانان رەخساندووە، کە بووەتە هۆی هەندێ زیان کە تا ئێستەیش قەرەبووکردنەوەی ئەستەمە. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویسته لە رێگەی پرۆژەیاسایەکی سەردەمییانەوه، سەبارەت بە رێکلامی بازرگانی لە هەموو دەزگه راگەیاندنەکاندا، کۆتایی بەم بێسەروبەرییە لەم بوارەدا بهێنێت.
سهرچاوه: سایتی پێنووس، رۆژی بڵاوكردنهوهی (16.02.2017)