

رۆژنامەوانى، هەولێر، هەستیار هەژار
بۆ قسەكردن لەسەر پرسی “ژن لە میدیای کوردیدا” دەبێت لە كۆمەڵیك رووەوە باس لە لایەنە جیاوازەكانی بكەین، تاوەكو وێنەیەکی گشتگیر و تێگەیشتنێكی تەواو بدەین بە خوێنەر، لەگەڵ گەشەكردنی راگەیاندن لە رووی ناوەرۆك، ئامراز و بەتایبەتیش گەشەی تەكنەلۆجیا و سەرهەڵدان و فراوانبوونی زیاتری تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەردەوام شتی نوێتر و رەهەندی تری دێتەسەر و قسەی زیاتر هەڵدەگرێت. ئەم رووانینە بۆ كاری ژن، هەندێك رەفتاری تری خوڵقاندووە، كە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو ژن و كچانەی كه لە راگەیاندن كار دەكەن، رووبەڕووی زۆرترین بێزاریی سێكسی دەبنەوە، ئەمە و باش سەیرنەکردنی ژن بووەتە هۆی دووركەوتنەوە و سڵەمینەوەی ژنان كە لەو بوارەدا كار بكەن، بەگوێرەی راپۆرتێكیش زۆرترین بێزاریی سێكسی لە كەناڵەكانی راگەیاندن بەرامبەر ژنانی رۆژنامەنووس دەكرێت.
زۆرجار ئەم کێشانە لە میدیای کوردیدا روویەکی دیکەی پیشان داوە، کە دەگوترێت دیاردە و كاردانەوەكانی پیاوسالاری زاڵتر دەبینرێن، کە هەژموونی خۆی لەسەر زۆربەی بوارە جیاوازەكانی ژیان داناوە میدیاش بە یەکێک لەو بوارانە ئەژماردەکرێت، کەواتە ئایا رۆڵی میدیای كوردی بۆ ئافرەتان چی بوو؟ رۆڵی ژن خۆی بۆ كرانەوەی كۆمەڵگە و بەرەنگاری ئەو كۆت و بەندانەی لەسەر ژیانیان و بەتایبەت لە میدیادا هەیە چی بووە؟
میدیای کوردی کە بەشێکی زۆری پیاوان لێی بەرپرسن بەو پێیەی کە ئەوان لە ناوەندی بڕیارن، نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی ئیتیکی و بابەتیانە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و پرسی ژن بە گشتی بخەنەڕوو، بە شێوەیەك گۆڕانكاری لە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی لەم جۆرە بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام لەپاڵ ئەمەدا ژنان خۆشیان لە ژێر ئەم کاریگەرییەن و ئەوانیش لە میدیاکانەوە نەیانتوانیوە ئەو رۆڵە بگێڕن.
لە نمونەی کوشتن یان خۆکوشتن یان هەر رووداوێکی دیکە کە بە ناوی “کێشەی کۆمەڵایەتی” روودەدات، میدیای کوردی رۆڵێکی لاواز دەگێڕێت، کەمجار خۆیان له رووماڵی کوشتنی ژنێک یان کچێک داوە، زۆربەی کات ئەم تاوانەیان لە نووسین بە قەبارەیەکی گەورە بە ناوی “کێشەی کۆمەڵایەتی” کورت کردووەتەوە، ئەمەش هەر لە ترسی ئەو “کێشە کۆمەڵایەتی”ــەی کە خۆیان ناوی دەبەن و ترسیان لە رووبەڕووبوونەوە و مەترسی دروستبوون لەسەر دەزگاکە و کارمەندەکانیان هەیە! لەکاتێکدا ئەم کوشتنەی ئەوان بە ناوی “کێشەی کۆمەڵایەتی”ـەوە ناتوانن خۆی لە قەرە بدەن، بە تاوان ئەژماردەکرێت، کەچی لەبری بە قێزەون ناساندن و ئاشکراکردن و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەم تاوانانە، “بێدەنگی لێدەکەن” و تەنانەت زۆرجار لە کوشتنی پیاوانیش کە ناوی “کێشەی کۆمەڵایەتی” لێدەنرێت، لە رووماڵ و بەدواداچوونەکانیان سارد دەبنەوە یان هەر نایکەن.
لای هەندێک دونیای سەرمایەداری رەنگە گرنگ و سوودبەخش بێت، بەڵام بۆ هەندێکی تر و ئافرەتانیش بەتایبەت رۆڵێکی خراپی هەیە، چونکە لە دەستەکەوت و قازانجی ماددی سەرمایەداران، زۆرکات ژنان تیایاندا دەکرێن بە ئامراز و ژنانیش بێ ئاگا لەوەی بازرگانی بە جەستە و جوانیان دەکرێت (کە بەشێک لە ژنان خۆشیان رێگەخۆشکەری ئەم کارەن) تا کچێکی جوان و جەستە وروژێنەر لە ریکلام و میدیادا بەکاربهێنرێن و ئەو دەستکەوت و قازانجە بازاڕی و بینەر کۆکردنەوەیەی دەیانەوێت بەدەستیبهێنن، چونکە لە عەقڵیەتێکدان کە پێیانوایە ئەگەر میدیایەک بێژەرەکەی کچێکی جوان و ریکلامێک ئەکتەرەکەی کچێکی وروژێنەر نەبێت بینەر و بازاڕ فرۆشییان نابێت یان هەر زۆر کەم دەبێت، کە ئەمەش زۆرجار رەنگە خەتاکە هی تاکی پیاوی کورد بێت کە تاریفی لەم شێوەیەی بۆ کراوە.
ئەمە ئەگەرچی بۆ هەندێک ژن و کچ سوودبەخشە بەڵام لەلایەکی دیکە لە روانگەی تاکی کۆمەڵی باشوور بە خراپ و بە کەم سەیر دەکرێن، ئەویش ئەو کچ یان ژنانەن کە مۆدێل، ئەکتەر یان مەیکئەپ ئارتێستن بە ئامانجی بازاڕ گەرمی خۆیان و زیاتر ناساندنی خۆیان روودەکەنە کاری میدیا و بەبێ بوونی هیچ ئەزموون و پێشینەیەک دەستدەدەنە ئەم کارە واتا هەم بازاڕ گەرمی پیشەکەی خۆیان، هەم ناو و ناوبانگ لە رێگەی میدیا و راگەیاندنەوە بەدەستبهێنن، بە کوردی دەیانەوێت “بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژن” هەر لەبەر ئەمە کاتێک رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە بە ناچاری قبوڵی دەکەن و رەنگە ببنە رێگەخۆشکەر بۆ کچان و ژنانی دیکەش.
ئهو ژنانه کێن کە له میدیادا رووبهڕووی گێچهڵ دهبنهوه؟
یهكهم: ئهو ژنانهی خۆیان شارهزا نین و بە كاری میدیا ئاشنا نین، به واسته و لهسهر بنهمای لهشولار و جوانی و خۆ نمایشكردن جێگهیان دهكرێتهوه، زۆرتر لهلایهن ئەو كهسانە رووبهڕووی گێچهڵ دهبنهوه، کە پشتیوانی دەکرێن و هەلیان پێدەدرێت، چونكه دهیانهوێت بهردهوام بن له كارهكهیان بەڵام ئهوهش شارهزا نین.
دووهم: ئافرهتانێك كه پێویستیان به كاركردنه، بهڵام شارهزا نین، كهسانێك له دهوروبهریان دهبن، رێگه نادهن یان نایانهوێت خۆیان فێری ماسیگرتن بن و رۆژانه ماسییان بۆ دهگرن، ئهوانیش ناچارن بۆ مانهوهیان قبوڵی ههندێك گێچهڵ و تا راده دهستدرێژی و سوكایهتی بكهن.
سێیەم: ئەو ژنانەی لە پیشەی سەرەکی خۆیان دوواکەوتوون، یان شکستیان هێناوە و بەبێ هیچ پێشینە و ئەزموونێکی میدیایی بە ناچاری بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی پیشە سەرەکییەکەی خۆیان دەستدەدەنە ئەم کارە و ئەمەش پیاوان کە بەرپرس یان بەڕێوەبەری دەزگایەکن وەکو هەلێک دەیقۆزنەوە و ژنان ناچار بە سێکسی زۆرەملێ دەکەن.
بهكارهێنانی ئافرهت له میدیای كوردیدا له چهند روویهكهوه:
1- ژن وهك كاڵا پیشان دهدرێت.
2- ههوڵدهدرێت زۆرترین سوود له جهسته و رووخسار و لهشولاری ئافرهت وەربگیرێت بۆ ئهوهی سهرنجی بینهر رابكێشن.
3- وهك كاڵایهك بۆ ریكلامكردن و له به بازاڕكردنی كاڵاكانی دیكه بهكاردههێنرێن.
4- رۆڵی كارهكتهری چێشتخانه و قاپ شۆری له ریکلامهكان پێدهدرێت.
5- ههمیشه له ریکلامهكان وا پیشاندهدرێت ژن به بابهته ماددییهكان دڵخۆشه.
6- له ههندێك ریكلام ژن وهك چاوچنۆك و چاولێکهر و زمانشڕ و توندوتیژ بهكار دههێنرێت. بۆ نموونه له ترسی ژنهكهی ناچاره به بازاڕدا بگهڕێت بۆ گۆشت یان برنج.
7- ژن بۆ وروژاندنی غهریزهی پیاوان بهكاردههێنرێت. له ریكلامهكان به تایبهتی.
8- ژن وهك كهرستهیهك بۆ دڵخۆشكردنی پیاوان و وهك كارهكتهرێكی خزمهتكاری پیاو پیشان دهدرێت.
9- له زۆرینهی كهناڵهكان ژنان له ناوهندی بڕیار نین و تهنیا رۆڵی لاوهكی دهبینن. چاوپێكهوتنه گرنگهكان، ههواڵه گرنگهكان، كاته گرنگهكان بۆ پیاوانه و ژنان تهنیا شاشهیان پێ دهڕازێنرێتهوه و بۆ بهرنامه سۆفتهكان بهكاردههێنرێن.
10- له نەمانی بینەر و لاوازی دەزگاکە ژنان وەکو کاڵا یان بوکەڵەیەک بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی بینەر و چۆنیان بووێت ئاوا دایدەنێن یان لایدەبەن و یاری پێدەکەن.
دەرئەنجام – چارەسەر
بەپێی تێگەیشتنەکانی سەرەوە و بەدواداچوون و پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک، دەردەکەوێت ئەوەندەی ژنان لە راگەیاندنی کوردیدا بەکاردەهێنرێن بۆ مەرامێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تایبەتی یانیش گشتی، ئەوەندە رۆڵ بەخۆیان نادرێت تا ئەوەی دەیانەوێت لە میدیادا بیکەن و خۆیان خاوەن بڕیار و سەربەخۆ بن، بۆیە:
1- پێویستە ئافرەتان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و پشتگیر و پشتیوانی یەکتری بن، چونکە کاتێک گەر ئافرەتێک رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی یان هەر گێچەڵ و هەڕەشەیەکی تر ببێتەوە ئەوا رەنگە ئافرەتێکی دیکەش هۆکار بێت و ببێت بە پردێک بۆ لێکنزیکخستنەوەی ژن و پیاوێک، چونکە بەپێی توێژینەوەکانی زانستی دەروونی زیاتر هاوڕەگەزەکان لە هەست و سۆز و کێشە و گیروگرفتی یەکتری تێدەگەن تا رەگەزی بەرامبەر، لەوکاتەشدا هەردووکیان لەلایەن پیاوەکەوە بەکارهێنراون، بۆیە ئەوەی زۆرجار گلەیی دێتە سەر خانمان نەبوونی یەکهەڵوێستی و یەکدەنگییە لەنێوان خۆیاندا.
2- دروستکردنی رێکخراو یان ئەنجومەنێکی خاوەن دەنگ و هەڵوێست لەسەر ئافرەتان، چونکە ئەگەرچی ئێستا چەند رێکخراو و کۆمەڵ و ئەنجومەنێکی تایبەت بە خانمان هەیە، بەڵام رەنگە ئەوەندەی بە جواب و قسە بن لەسەر ئەوەی کە ژنێک لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەیەکی هەبێت یان جیاببنەوە (کە شتێکی ئاساییە) ئەوەندە بە دەنگ نەبن لەسەر ئەوەی کە ژنێک لە میدیا یان ریکلام یان هەر ئامرازێکی تری راگەیاندن بەکاردەهێنرێت.
3- دروستکردنی سەندیکا یان لیژنەیەکی تایبەتمەند و چاودێر بەسەر دەزگاکانی راگەیاندن و بەرپرسەکانیان و رێگریکردن و بە سزا گەیاندنی ئەو کەسانەی کە رۆڵی خراپیان هەیە یان بەشدارن لە گێچەڵ و بێزاری سێکسی بۆ سەر ژنان، ئەمەش لەپێناو نەهێشتنی ئەو کارە.
- دەرچووی بەشی راگەیاندن