
“مەبەست لێی وتوێژی نێوان رۆژنامەوان وكەسایەتییەكە، بەمەبەستی بەدیهێنانی چەند ئامانجێك لەوانە: بە دەستهێنانی هەواڵ و زانیاری نوێ، خستنەڕووی بۆچونێكی دیاریكراو، خستنەڕووی چەند لایەنێكی سەیرو چێژ بەخش لەژیان و كەسایەتی كەسێك”.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی بە یەكێك لەسەرچاوەكانی زانیاری دێتە ئەژمار، لە زۆربەی هونەرەكانی دیكەی نووسینی رۆژنامەوانی، وەك: هەواڵ، راپۆرت و ریپۆرتاژ…بەكاردێت و شێوازو هۆكاری ئەنجامدانی پەیوەستە بەو مەبەستەی لە پێناویدا، گفتوگۆكە ئەنجامدەدرێت. تەنانەت جۆرەكانیشی هەر لەرێگای مەبەست و شێوازی ئەنجامدانییەوە، دەستنیشاندەكرێت.
گفتوگۆی رۆژنامەوانی ژانرێكی سەربەخۆیە لە خودی خۆیدا، بەڵام وەك ئاماژەمان پێكرد، دەكرێت بەسەرچاوەی زانیاری ژانرەكانی دیكەی رۆژنامەوانی بەكاربهێنرێت. گفتوگۆ وێڕای بایەخی هونەری خۆی، حەزی خوێنەر لە شارەزا بوون و زێدە ئاگاهی تێر دەكات. گفتوگۆ “دیالۆگ و وتووێژی نێوان رۆژنامەنووس و كەسایەتییەكە، پێدەچێت دیالۆگەكە بە مەبەستی دەستكەوتنی هەواڵ، یا زانیاری نوێ بی، یا راڤەكردنی تێڕوانینێكی دیاریكراو بێ، یا وێنەگرتنی لایەنێكی نائاسایی یا نامۆ یا خۆش و بەكەیفی ژیانی ئەو كەسایەتییە بێت”.