
رۆژنامه‌وانى: دوای شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سۆرانی مامه حه‌مه، تا ئێستا ئه‌و كه‌یسه وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانی كه‌سوكار و هاوڕێ و هاوپیشهكانییهتی ناكرێ له شارێكی كوردنشیندا به‌تایبه‌تی له گه‌ڕه‌كێكی كوردی دا، كه‌سێكی كورد به‌ده‌ستی چه‌كدارانی كورد بكوژرێت. هه‌رچه‌نده له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا ئه‌مه یه‌كه‌م كار و كۆتا كار نییه.
پێشتر عه‌بدولستار تاهیر و دواتر سه‌رده‌شت و كاوه گه‌رمیانی و چه‌ندین كه‌سی ديكهی بێ‌تاوان له‌م هه‌رێمه‌دا خه‌ڵتانی خوێن كران. من نامه‌وێ لێره‌وه گله‌یی و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌رببڕم، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا زۆرمان وت، به‌ڵام سودی نه‌بوو.
ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ له‌م كورته نووسینه‌دا بیڵێم ئه‌وه‌یه: له‌دوای ناڕه‌زاییه‌كانی (17)ی شوبات و درووستكردنی گۆرهپانێكیفراوان بۆ كه‌سانێك، كه خۆیانیان تێدا نمایش ده‌كرد، هیچ یادو بۆنهیهكیان به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م بكه‌ونه ناو زومی كامێرای كه‌ناڵه‌كانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئێ خوایه كه‌سێك قسه‌كه‌ی پێ جوان بێت و له خۆكاندیدكردنه‌كه‌ی بۆ حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی ده‌نگی پێبدرێت و داڵه‌كه به‌سه‌ر شانییه‌وه بنیشێته‌وه، به‌شێكیشی بینیمان داڵه‌كه (رێزم هه‌یه كه‌سانی نه‌زان هه‌ڵیاندا به‌سه‌ر شانییانهوه نیشته‌وه)، ئێستا منه‌تی به‌كه‌س نه‌ماوه.
له‌یادمه ساڵانی پێشوو چه‌ندین كاندید و هه‌ڵسوڕاو و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگر و نازانم ئه‌و شتانه‌ی حزبه‌كانی ئۆپۆزيسیۆن سنگیان ده‌هێنایه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربكه‌ون. ئه‌مساڵ له‌یادی شه‌هیدكردنی گه‌رمیان ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن (12) ساڵ، كه هاوكاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی به‌غداو هه‌رێم بوو، سوێندتان له‌سه‌رم نییه كاندیدی واهاتبوو نه‌یده‌زانی چه‌مچه‌ماڵ قه‌زایه یان ناحیه؟ به‌ڵام ئێستا به‌شێكیان كه ده‌رچوون بڕوا ناكه‌م له تیڤییهكانیشهوه سه‌یری چه‌مچه‌ماڵ بكه‌ن.
ئه‌رێ به‌رێزان ئه‌مساڵ بۆ كه‌ستان ته‌شریفتان نه‌هێنا بۆ سه‌ر گڵكۆی سۆرانی مامه حه‌مه؟ ئه‌رێ سۆران هه‌ر ئه‌و سۆرانه نه‌بوو، كه هیوایهتتان بوو وێنهیهگ بگرن و له فهیسبوكهكتان دایبگرن و فرمێسكی تیمساحی بۆ بڕێژن! ئه‌رێ زه‌حمه‌ت نه‌بێ خۆ ئێستاش فهیسبوكهتان ماوه و ده‌توانن وێنه‌كانتان دابگرن.
سوێند به‌خوا كاتی چوومه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی سۆران، زۆر به‌زه‌ییم به خۆم و به سۆران و به‌هه‌موو هاوپیشه‌كانی سۆراندا هاته‌وه، كه ئاخۆ ئه‌و پیشه‌یه‌ی هه‌ڵیانگرتووه هێنده بێ نرخه كه له وه‌ها مه‌راسیمیكدا بیست كه‌س ئاماده نه‌بێت؟ ئاخۆ سۆران كه‌ی رۆحی شاد ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌كانه‌وه به‌ناوی ئه‌وه‌وه خۆیان كردبویه فس فس پاڵه‌وان ئه‌مڕۆ له‌خۆیان نه‌گرت بێن پێنج خولهك له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بوه‌ستن؟ ئه‌گه‌ر پرسیاریشی لێبكه‌ی ده‌ڵی من و سۆرانی ره‌حمه‌تی به‌بێ یه‌كتری نان و ئاومان نه‌ده‌خوارد.
كه‌واته سۆران گیان؛ له‌كاتی ئاسایی‌دا دۆستت زۆر بوو، به‌ڵام به‌خوا زۆربه‌یان بێ وه‌فا ده‌رچوون. ئه‌مڕۆ كه‌مێك له دۆسته‌كانت و برایه‌ك و خوشكه‌كه‌ت و چه‌ند خزمێك له سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت ئاماده‌بوون.
هه‌رچه‌نده هیوادارم زوویر نه‌بی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دونیا بۆته دونیایی به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌وانه‌ی دوێنی نان و ئاویان پێته‌وه ده‌خوارد ئێستا كه‌مێك له تۆ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه و زۆ ئاساییه بڵێن سۆرانمان هه‌ر نه‌ناسیووه. تكایه ئه‌وانه‌ی ئێستا له ناوه‌نده‌كانی بڕیاردانن له حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌ن و نازانم له‌كوێی ديكه، بڵێن له‌به‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ناكرێ قسه له‌و كه‌یسه بكرێ.
ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم مه‌به‌ستم سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و حزب و گروپانه‌یه، پێش چوونیان بۆ ناو كایه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌م جۆره كهیسانهیان به پاره ده‌كڕی، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێن كاتی نییه. زۆری ديكه ماوه بینوسین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه خۆیان بیبینن و بیخوێننه‌وه دڵنیام به‌سیانه.
كه‌واته یه‌ك داواتان لێده‌كه‌م، خوێنه‌رانی ئازیز: توخوا به قسه‌ی لوس و بریقه‌داری هه‌ندی خه‌ڵك فریو مه‌خۆن. هه‌ر كاتێك ویستت بڕیارێك بده‌ی، كه‌مێك بیر بكه‌وه، بزانه كێ سه‌رجه‌م هه‌له‌كانی قۆستۆته‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بگات به هه‌واو ئاره‌زوی خۆی و سه‌رجه‌م بۆنه و یادو خوێنی سۆرانه‌كان ده‌كات به پردێك و به‌سه‌ریدا ده‌په‌ڕێته‌وه؟
مەعروف مەجید