رۆژنامهوانى: وا چەند رۆژێکە میدیاکانی باشوور، وەک سەردێڕ هەموویان بانگەشە دەکەن کە گوایە کۆشكی سپی راپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاندووە و داوا دەکەن کە ئەگەر واژووەکان بگەیەنرێنە سەد هەزار ئەوا ئەو پرسە دەكەوێتە بەرنامەی كاری سەرۆككۆماری ئەمەریكاوە.
لەو رۆژەوە کە ئەم هاتوهاوارە دەستیپێکردووە، چاوەڕوانم کە یەک دەزگای میدیایی کوردی ئەو بابەتە راستبکاتەوە و چەواشەکردنەکە رابگرێت، بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە وا لە خوارەوە راستی ئەم بابەتە بۆ خوێنەری کورد ڕووندەکرێتەوە:
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانرێت لە زۆر لە وڵاتە دیموکراتیەکان و لەسەر ماڵپەڕی سەرەکی دەوڵەتدا شوێنیک کراوەتەوە کە تێیدا دەرفەت دەدرێت بە هەموو هاوڵاتیەک داواکاریەکی فەرمی پێشکەش بکات و هەوڵی کۆکردنەوەی واژووکۆکردنی پشتگیری بدات بۆ ئەو داواکاریەی کە ئەو کەسە پێی وابێت گرنگە بۆی.
بۆ نموونە لە سەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی ئەمریکادا، ئەگەر تەمەنت لە سیانزە ساڵان کەمتر نەبێت ئەوا دەتوانیت لەسەر ئەو ماڵپەڕە داواکاریەکی فەرمی بۆ کۆشکی سپی پێشکەش بکەیت بۆ هەر بابەتێک کە بۆت گرنگ بێت.
سەرەتا ئەوە پێی ناگووترێت راپرسی، ئەوە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەگووترێت petition واتە (پێشکەشکردنی داواکاری فەرمی بە نووسین بۆ کەیسێک لە دەسەڵاتداران و کۆکردنەوەی واژووی خەڵکی تر بۆ پشتگیری لە کەیسەکە).
واتە ئەوە راپرسی نیە بەڵکو داواکاریە و لەلایەن کۆشکی سپیەوە نەکراوە، بەڵکو لەلایەن هاوڵاتیەکی ئەمریکی خێرۆمەندی دۆستی کوردەوە کراوە کە داوای پشتگیری لە ئۆباما دەکات بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
بە دڵنیایی جیاوازی لە سەدا سەد لە نێوان راپرسی و داواکاری فەرمی بۆ بابەتێک هەیە. ماڵپەڕە کوردیەکان دەڵێن “ئەگەر ژمارەی واژووەکان لە ماوەی 30 رۆژدا بگاتە سەد هەزار، ئەوا ئەو پرسە دەكەوێتە بەرنامەی كاری سەرۆككۆماری ئەمەریكاوە و دەبێ بیخاتە بەر باس”.
لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی ئەو بابەتە بە جوانی روونکراوەتەوە. ئەو ماڵپەڕە دەڵێت دەبێت واژووەکان لە ماوەی سی (30) رۆژدا بگاتە سەد هەزار واژوو، بۆ ئەوەی کە سەیری کەیسکە بکرێت. سەیکردنیش روونکراوەتەوە و ماڵپەڕی کۆشکی سپی دەڵێت: “کۆشكی سپی بەشێوەیەکی دەوری کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەران لە هەموو نووسینگە گەورەکانی پلاندانان (وەک ئەنجومەنی ئابوری نیشتیمانی، ئەنجومەنی سیاسی ناوخۆیی و ئەوانی تر) دا رێک دەخات کە سەیری داواکاریە فەرمیيەکە دەکەن کە واژووەکانی گەیشتوونەتە ژمارەی داواکراو بۆ وەڵامدانەوە.
ئەم گروپە دەستنیشانی دەکات کام نووسینگەی سیاسی لە کۆشکی سپی یان ئاژانسێکی فیدراڵی سەیری داواکاریەکە بکات و وەڵامی داواکاریە فەرمیەکە بداتەوە و دڵنیای بکات کە داواکاریە فەرمیەکە بەزووترین کات کە بکرێت وەڵامبدرێتەوە.”
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەک میدیای کوردی دەڵێت دەبێت بیخاتە بەرنامەی کارەوە؟ وەڵامەکەی لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی روونە و ئەو بە هیچ شێوەیەک ناڵێت مەرجە کە سەرۆککۆمار بیخاتە بەرنامەی کارەوە و بە ڕوونی دەڵێت: “وەڵامی داواکاریە فەرمیەکە لەلایەن بەرپرسانی کارگێڕیی جیاوازەوە دێت، لەوانە ستافەکانی کۆشکی سپی. ماوە بۆ ماوەیەک سەرۆک ئۆباما بە شێوەکی راستەوخۆ وەڵامی داواکاریەکان دەداتەوە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە زۆرینەی وەڵامەکان لەلایەن بەرپرسە کارگێڕیەکانەوە بێت”.
وەک روونکراوەیەوە، ئەمە راپرسی نیە و داواکاری فەرمیە بە نووسین، ئەمە لەلایەن کۆشکی سپیەوە نەکراوە و لە لایەن هاوڵاتیەکی ئەمریکی دۆستی کوردەوە کراوە لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی و هەموو کەسێک بە مەرجێک تەمەنی بگاتە سیانزە ساڵ دەتوانێ داواکاری لەو جۆرە لە هەر ساتێکدا پێشکەش بکات و بە پێچەوانەی ئەوەی کە میدیای کوردی دەڵێت، سەرۆککۆمار پابەند نیە بەوەی کە بابەتەکە بخاتە بەرباس.
بە بۆچوونی من شتێکی زۆر باشە و ئەرکی هەموو کەسێکە کە بتوانێت، بە زووترین کات پێش ئەواوبوونی 30 رۆژەکە، لەم داواکاریەدا بەشداری بکات و پشتگیری بکات بۆ ئەوەی کە بە زووتین کات واژووەکان بگەنە سەد هەزار کە لە ئێستادا تەنها چل و یەک هەزار واژوو کۆکراوەتەوە و بە دڵنیایی کۆکردنەوەی ئەو واژووە کارێکی باشە و من خۆم پشتگیری لێدەکەم. بەڵام دەبوو میدیای کوردی زۆر روونتر و راستگۆیانە تر بابەتەکە بۆ خوێنەری کورد روونبکاتەوە و چەواشەی نەکات؛ ئەرکی میدیا گەیاندن و روونکردنەوەی دروستی بابەتەکانە نەک سەرلێشێوانی خوێنەر.
کێشەکە تەنها لەم بابەتەدا نیە و زۆرینەی دەزگا میدیاییە کوردیەکان زۆر کوێرانە و ناژیرانە زۆر لە بابەتەکان دەخەنە ڕوو. زۆریان وەک تووتی بابەتەکان دووبارە دەکەنەوە و کەس پرسیار لە راستی و دروستی بابەت ناکەن و هەموویان پەلەیانە سەردێڕێک دروست بکەن، جا ئەو سەردێڕە هەر بابەتێ بێت بۆ ئەوان گرنگ نیە، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە سەرنجی خوێنەر بە هەر نرخێک بێت رابکێشرێت.
ئەمە یەکەم جار نیە کەیسی لەم جۆرە روو بدات و ماوەیەک لەمەوبەر میدیای کوردی بانگەشەی دەکرد بۆ ماڵپەڕێک کە گوایە ئەوە ماڵپەڕی خەڵاتی نۆبڵە و لەوێ دەتوانرێت دەنگ بە لەیلا زانا بدرێت بۆ ئەوەی کە خەڵاتەکە وەربگرێت، کەچی راستیەکەی ئەو ماڵپەڕە تەنها ماڵپەڕی رۆژنامەیەکی بچووکی نەرویجی بوو و بۆ خۆیان راپرسیەکیان دەکرد و بە روونیش نووسیبوویان ئەوە تەنها راپرسیە و هیچ کاریگەری و پەیوەندی بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵەوە نیە.
بە دڵنیایی دەزگا میدیاییەکان بەپرسیارێتیەکی زۆر گرنگیان لەسەرە لەوەی کە هەتاوەکو بتوانن راستی و دروستی بابەتەکان دڵنیا بکەنەوە پێش ئەوەی کە بیخەنە بەردەم خوێنەری کورد.
هیوام وایە دەزگا میدیاییە کوردیەکان هەست بە هەستیاری رۆڵەکەیان و بەرپرسیارێتیان بەرامبەر کۆمەڵگە بکەن، لەبەر ئەوەی کە میدیای گێل خوێنەری گێل دروست دەکات؛ پێچەوانەکەشی راستە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش