
رۆژنامه‌وانى: كه‌وتنى موسڵ و ئه‌و وێنه و گرته ڤيديۆيانه‌ى راكردنى سووپاى عێراقى پيشاندهداين، ئه‌مڕۆ كاريگهرييهكانيان له نه‌ستى خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌دا به بارى نهرێنييدا ره‌نگيان داوه‌ته‌وه.
پيشه‌يى بوون و بێلايه‌نى، ئيتيك و پابه‌ندبوون له ميديا، سانسۆرى خودى و به‌رپرسيارێتى ميديا، چه‌مك گه‌لێكن له حاڵه‌تى شه‌ڕدا له هه‌ر كاتێكى ديكه زياتر قسه هه‌ڵده‌گرن.
به سه‌رنجدان له رووماڵى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنى كوردى بۆ شه‌ڕى داعش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا ده‌كرێت له توێى چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌گه‌لێكى نه‌رێنى و كه‌موكورتى و هه‌ژارى و دهستكورتى ميدياكارانى كورد له گهنجينهى كايه‌ى زانست و پيشه‌ى رۆژنامه‌وان بخه‌ينه به‌رچاو:
يه‌كه‌م: گرفتى سه‌رچاوه‌ى زانيارى:
ئه‌گه‌ر سه‌يرى رووماڵى شه‌ڕى داعش بكه‌ين، ده‌بينين ميدياى كوردى له گێژاوى نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى زانيارييدايه. به به‌ڵگه‌ى:
1.زۆرينه‌ى ره‌هاى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى ميديا پشتيان پێده‌به‌ستێت، به‌رپرسانى ئاست مامناوه‌ندى هێزى پێشمه‌رگه‌ن، ئه‌و به‌رپرسانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆيان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌كاديمياى سه‌ربازيان ته‌واو نه‌كردووه و هه‌ندێكيشيان ئه‌سڵه‌ن خوێندهوارييان نييه، هيچ له باره‌ى چه‌مكه ميدياييهكان و سيحرى وشه و شه‌ڕى ده‌روونى نازانن، كاتێك لێدوان به شێوه‌ى ههڕهمهكييانه بۆ ميديا ده‌ده‌ن، هه‌م ميديا به لاڕێدا ده‌به‌ن و هه‌ميش كۆمه‌ڵگه به هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن.
2.پشتبه‌ستنى ميديا به سه‌رچاوه‌ى ناونه‌هێنراو، ميدياى كوردى فرچكى به‌وه گرتووه، كامه شت زۆر ئه‌سته‌م بێت به ناوى (سه‌رچاوه‌يه‌كى باڵا كه نه‌يويست ناوى بڵاو بكرێته‌وه، سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌رپرس، سه‌رچاوه‌يه‌ك له هێزى پێشمه‌رگه، سه‌رچاوه‌يه‌ك له ناوچه‌كه‌وه، سه‌رچاوه‌يه‌ك له به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕ…. رايگه‌ياند، روونيكرده‌وه، وتى، وتيشى، هه‌روه‌ها ئاشكرايكرد…) ئيدى ميدياكار و كه‌ناڵ بێ گوێدانه هيچ ئهلفابێتايهكى كارى رۆژنامه‌وانى و مامه‌ڵه‌ى زانستى له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌دا بڵاوى ده‌كاته‌وه.
له رووى زانستييه‌وه سه‌رچاوه‌ى زانيارى پۆلێن كراوه و هه‌ريه‌ك له پۆلێن و جۆره‌كانى سه‌رچاوه، پێويستى به زانيارى و چۆنێتى مامه‌ڵه‌ى تايبه‌ت هه‌يه له‌گه‌ڵى، به‌ڵام ميدياكارى ئێمه سه‌ر له‌و وردهكارييه ده‌رناكات.
سه‌رنج بده‌ن، زۆرينه‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌ى بێبنه‌ما و ناڕاست و چه‌واشه‌كارانه‌ن سهرچاوهكانيان جۆرێكه له‌و جۆرانه‌ى له‌ناو جوتكهوانه ناومان هێنان. ئه‌مه‌ش ماناى وايه ميدياكارى ئێمه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌وڵى ئه‌وه نادات زانيارى راست و درووست بگه‌يه‌نێت به وه‌رگرانى و ئه‌وه‌نده‌ى خه‌ريكى پڕكردنه‌وه‌ى سايت و كات پڕكردنه‌وه‌ى شاشه و ماوه‌ى هه‌واڵه‌كانى راديۆيه هێنده نايپرژێته سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ماى زانست و هونه‌ره‌كه‌ى.
3.رۆژنامه‌وان نابێت ده‌ستئاوه‌ڵا بێت له شاردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى زانيارييه‌كانى، پێويسته هه‌تا پێى ده‌كرێت ناو بهێنێت. ئه‌وه‌ى ناچار ده‌بێت ناو نه‌هێنێت چه‌ند حاڵه‌تێكى ده‌گمه‌نه و ناكرێت بۆ هه‌موو هه‌واڵێك پشت به سه‌رچاوه‌ى ناونه‌هێنراو ببه‌ستێت.
ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى ده‌گونجێت و رێگه دراوه رۆژنامه‌وان ناوى سه‌رچاوه نه‌هێنێت، له‌وه‌دا خۆيان ده‌بيننه‌وه: ئه‌گه‌ر ناو بهێنرێت؛ هه‌ڕه‌شه‌ى جدى له سه‌ر ژيانى سه‌رچاوه‌كه درووست ده‌بێت، يان بژێوى ياخود پێگه‌ى ده‌كه‌وێته مهترسييهوه، كه ئه‌مه هێشتا نه‌بووه‌ته جێى بايه‌خى ميدياى كوردى.
خاڵێكى ديكه له باره‌ى سه‌رچاوه‌ى ناونه‌هێنراو پێويسته ئاماژه‌ى پێبكرێت، ئه‌وه‌يه كه ده‌بێت رۆژنامه‌وان هه‌تا پێى ده‌كرێت، ناساندنى سه‌رچاوه‌ى زانيارييهكهى نزيك بكاته‌وه له بابه‌ته‌كه و په‌يوه‌ندى درووست بكات له نێوان سه‌رچاوه و بابه‌تدا. بۆنموونه: “سه‌رچاوه‌يه‌ك له هێزى پێشمه‌رگه” ده‌سته‌واژه و چه‌مكێكى ئه‌وه‌نده گشتگيره كه ئه‌سڵه‌ن ناكرێت به‌و جۆره زانيارى بخرێته‌ڕوو، چونكه كامه‌يه ئه‌و سه‌رچاوه‌يه، چ په‌يوه‌ندييه‌كى به شه‌ڕه‌كه‌وه هه‌يه، له كوێيه، چه‌ند دووره له شه‌ڕه‌كه‌وه، كێ ناڵێت ئه‌و سه‌رچاوه‌يه له ميوانخانه‌يه‌ك دانهنيشتووه و ئه‌ويش له رێى مۆبايله‌وه زانيارى له هاوڕێكانى وه‌رناگرێت… بۆيه ده‌بێت ئه‌گه‌ر حاڵه‌تى ئه‌منى و ره‌وشى ژيانى سه‌رچاوه‌كه پێويستى كرد ناوى نه‌هێنرێت به نزيكه‌يى ناوى بهێنرێت و بوترێت: “سه‌رچاوه‌يه‌ك له هێزى پێشمه‌رگه له به‌ره‌ى به‌رگرى له گوێڕ.. له ناو شارۆكه‌ى جه‌له‌ولا.. “.
4.نه‌بوونى سه‌رچاوه‌ى ره‌سمى: له سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى به‌رگرى له دژى داعش، تا ئه‌م چركه ساته گه‌وره‌ترين بۆشايى له ميدياى كورديدا له رووى زانيارييه‌وه، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و وته‌بێژى وه‌زاره‌ت و ناكارايى و هيچ پێنهبوونى به‌شى راگه‌ياندنى ئه‌و وه‌زاره‌ته درووستيكردووه.
به‌شى راگه‌ياندنى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به هۆى ئه‌وه‌ى تا ئێستا خودى وه‌زاره‌ت له گرنگى راگه‌ياندن تێنه‌گه‌يشتووه، به‌شێكى ناكاراى كردووه‌ته بار به‌سه‌ر وهزارهتهكهيهوه. تا ئێستا كه زياتر له 2 مانگه پێكدادانى سه‌ربازى له‌گه‌ڵ داعش له سنوورى گه‌رميان درووستبووه و شه‌ڕ ته‌شه‌نه‌ى كرد و گه‌يشته شنگال و سنوورى پارێزگاى هه‌ولێريش، نه‌مانبينى و نهمانبيست وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و به‌شى راگه‌ياندنه‌كه‌ى به‌ياننامه‌يه‌ك، راگه‌يه‌ندراوێكى سه‌ربازى بڵاو بكاته‌وه و له باره‌ى پرۆسه‌كانى شه‌ڕ و پێكدادان زانيارى بداته ميدياى كوردى و له رێگه‌ى ئه‌وانيشه‌وه ئاراسته‌ى خه‌ڵكى بكات.
به‌داخه‌وه دواى 22 ساڵ ئه‌زموونى حوكمڕانى كوردى و دامه‌زراندنى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، به هۆى ئه‌وه‌ى به درێژايى ئه‌و ماوه‌يه ئه‌و وه‌زاره‌ته له لايه‌ن كه‌سانى بێ‌ئاگا له راگه‌ياندن و گرنگى په‌يامى سه‌ربازى و تهنشيئهكردنى خه‌ڵك به‌ڕێوه‌براوه، تا دێت به‌شى راگه‌ياندنه‌كه‌ى زياتر له‌دوا ده‌دات و هێنده‌ى ديكه تۆزى له‌سه‌ر نيشتووه.
ناكارايى راگه‌ياندنى وه‌زاره‌ت وايكردووه، ميدياى كوردى په‌نا بۆ هه‌موو شتێك به‌رێت له پێناو ده‌ستڕاگه‌يشتن به زانيارى ته‌نيا خودى وه‌زاره‌ته‌كه نه‌بێت. (به‌شێوه‌ى رێژه‌يى).
5. وه‌رگێڕان و پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ى ده‌ره‌كى: وه‌ك له خاڵه‌كانى سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، كێشه‌كانى ده‌ستڕاگه‌يشتن به زانيارى درووست زۆرێك له كه‌ناڵه‌كانى ميدياى ناچار كردووه، په‌نا به‌رنه به‌ر “وه‌رگێڕان”، له زمانه‌كانى عه‌ره‌بى و توركى و ئينگليزييه‌وه.
كێشه‌ى سه‌ره‌كى ته‌نيا وه‌رگێڕانى زانياريى نييه، به‌ڵكو كێشه‌كه گه‌وره‌تره له‌وه و خۆى له وه‌رگێڕانى په‌يام و ئه‌جێنداى ده‌ره‌كى ده‌بينێته‌وه. بۆنموونه، كاتێك كه‌ناڵێكى وه‌ك ئه‌لعه‌ره‌بييه، سوپاى نيشتيمانى و قانونى عێراق به “سوپاى مالكى” ناوده‌بات، وه‌رگێڕى كه‌ناڵه‌كان د‌رك به‌وه ناكه‌ن، ئه‌وه ميدياى بێلايه‌ن نييه و عه‌ره‌بستان و ئه‌جێندا سياسييهكانييهتى له رێى هه‌واڵه‌وه قسه ده‌كه‌ن و په‌يام ده‌گه‌يه‌نن، بۆ ئه‌وانى سووننه‌گه‌را و هه‌ڵگرى ئايديى تائيفى و دژه شيعهبوون، ئاساييه “سوپاى مالكى” به‌كاربهێنن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ى كورد، كه به‌شێكى زۆرى هێزه‌كانمان به‌شێكن له سيستمى به‌رگرى عێراق و فه‌رمانده‌ى باڵاى ئه‌و سوپايه و سه‌رۆك ئه‌ركانى كورده و له‌سه‌ر ده‌ستى پێشمه‌رگه پێكهێنرانهوه و مه‌شق و راهێنانيان سه‌ره‌تا له كوردستان بووه. به‌ڵێ ئێمه كێشه‌ى سياسييمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا هه‌يه، به‌ڵام هێشتا به‌شێكين لێى و جيانهبووينهتهوه.
هه‌روه‌ها كاتێك هه‌ندێك له ميدياكانى توركيا و وڵاتانى عه‌ره‌بى، دێن به شان و باڵى ئه‌بوبه‌كر بهغداديدا هه‌ڵده‌ڵێن و ده‌يانه‌وێت پيرۆزى بكه‌ن و به “خهليفه” ناوى ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وان ئاساييه چونكه ئه‌و به نسبه‌ت توركيا و هه‌ندێك وڵاتى عهرهبييهوه داكۆكيكارى سوننه‌كان و بهزێنهرى مالكييه، به‌ڵام بۆ ئێمه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى جگه له مرۆڤكوژێك و تاوانبارى جه‌نگ و بهرپرسيارى هه‌موو كرده‌وه تيرۆريستييه‌كان شتێكى ديكه نييه.
نه‌نگى و شوورهييه بۆ ميدياى كوردى، بۆ هه‌واڵى ناوخۆيى و چه‌ند كيلۆمه‌تر له دوورى كهناڵهكهيهوه، ئاماده نييه كۆششێك بكات و خۆى ببێته سه‌رچاوه‌ى زانيارى، كه‌چى دێت پشت به هه‌واڵى سايت و پێگه‌ى ئه‌ليكترۆنى ههواڵگرييانه و سه‌رچاوه‌ى گوماناوى وڵاتانى ده‌ره‌كى ده‌به‌ستێت.
6. سه‌رچاوه داتاشين و خه‌ياڵى كارێكى نا ئه‌خلاقييه: هه‌ندێك له ميدياكاران زانيارى بێ بنه‌ما و واته وات و دهنگۆيان بيستووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هيچ له باره‌ى شه‌ڕى ده‌روونى و جۆره‌كانييه‌وه نازانن، واته‌وات (شائعه) يان پڕوپاگه‌نده له‌گه‌ڵ زانيارى پشتڕاستكراو، له‌يه‌ك جياناكهنهوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌نگۆكه (ئه‌گه‌ر له جۆرى ره‌ش بوو)، يان واته واته‌كه سه‌رچاوه‌ى ديار نييه، دێن له خهياڵدانى خۆيان سه‌رچاوه‌ى بۆ داده‌تاشن و به ناوى سه‌رچاوه‌ى وههمييهوه واته واته‌كه وه‌ك زانيارى يان بڵێين فاكت به خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه.
ئه‌م خووه نا ئه‌خلاقييه، هێنده به‌ر بڵاوه زۆر جار موحهريرى هه‌واڵ و راپۆرته‌كان بۆ شاردنه‌وه‌ى راى خۆيان و ژه‌هراويكردنى هه‌واڵه‌كان به ئه‌جێنداى خۆيان دێن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و قسه و بۆچوون و راى خۆيان له ژێر چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌كانى وه‌ك : “به راى چاودێران.. چاودێرانى ره‌وشه‌كه.. شاره‌زايان.. ” چييان پێخۆشه ده‌ينووسن. جگه له موحهريرهكان سه‌رنووسه‌ره سياسهتمهدارهكانى ميدياش هه‌مان كار ده‌كه‌ن، را و بۆچوونى خۆيان به ناوى سه‌رچاوه‌ى وه‌همى له‌و شێوه‌يه به خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه، چونكه ئه‌وان له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌شێكن له ململانێكان و پيشه‌يى نين و ئه‌جێنداى سياسيى و كۆمه‌ڵايه‌تى تايبه‌تيان هه‌يه و ياخود وابه‌سته‌ى سياسه‌ت و ئهجێندايهكى تايبه‌تن و له‌و رێگه‌يه‌وه ده‌يانه‌وێت په‌يام بنێرن. (تێبينى: مه‌به‌ست هه‌موويان نييه، رێژه‌ييه حاڵه‌ته‌كان).
7.په‌يامنێره خۆده‌رخه‌ره‌كان و گواستنه‌وه‌ى زانيارى: له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕى رێز و ستايش بۆ هه‌وڵ و ماندووبوون و ژيانى خۆخستنه مه‌ترسى ژماره‌يه‌ك پهيامنێرهوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ناچارين چه‌ند خاڵێك له باره‌ى سه‌ركێشى هه‌ندێك راگهياندنكار بخه‌ينه‌ڕوو:
7.1: رێبه‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پاراستنى رۆژنامه‌وانان ئامۆژگارييهكى تێدايه بۆ ئه‌و رۆژنامه‌وانانه‌ى ده‌چنه به‌ره‌ى شه‌ڕ، ئامۆژگارييهكه ده‌ڵێت: “ره‌نگه له مه‌يدانى شه‌ڕ هه‌واڵێك، زانيارييه‌كى زۆر گرنگت ده‌ستبكه‌وێت و بتوانيت به‌و په‌ڕى ديقه‌ت و وردى و پيشه‌ييه‌وه رووماڵى بكه‌يت و ئاماده‌ى بكه‌يت بۆ بڵاوكردنه‌وه، به‌ڵام بيرت نه‌چێت، ره‌نگه ئه‌و بابه‌ته‌ى تۆ بۆ خه‌ڵكى دوور له شه‌ڕه‌كه پيشه‌يى و زانستيى بێت، به‌ڵام بۆ دوژمن ره‌نگه زانيارى گرنگى تێدا بێت و ببێته هه‌وڵێكى سيخوڕيانه بۆ دزه پێكردنى زانيارى”.. كه‌واته وريا به.. كاتێك له شهڕدايت هه‌موو شتێك زانيارى بڵاوكردنه‌وه نييه، هه‌موو زانيارييهكيش شايسته‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى نييه.
7.2: كه‌ڵكه‌ڵه‌ى وێنه‌گرتن له پاڵ چه‌ك و تفاقى پێشمه‌رگه و كه‌سايه‌تى پێشمه‌رگه وه‌ك جۆره په‌تا و نه‌خۆشييه‌كه، زۆر كه‌سى گيرۆده كردووه، ئه‌م خووه نه‌خوازراوه ته‌نيا له‌ناو ئێمه‌دا هه‌يه، هه‌ست ده‌كه‌م كێشه‌كه له خۆ به بچووك زانينى تاكى راگهياندنكارهوه سه‌رچاوه‌ى گرتبێت، نه‌ك له‌به‌ر گه‌وره‌يى پێشمه‌رگه به ته‌نيا، چونكه كاتێك راگهياندنكار بڕواى به كاره‌كه‌ى هه‌يه و ده‌زانێت پيشه‌كه‌ى پيرۆزه و رۆڵى ئه‌ويش كه‌متر نييه له توێژه‌كانى ديكه‌ى كۆمه‌ڵگه ئيدى چ حه‌وجێ به وێنه‌گرتن له پاڵ خه‌نده‌ق و چه‌ك و چۆڵى پێشمه‌رگه هه‌يه.
سه‌رنجدان له‌و كه‌سايه‌تييانه‌ى ئه‌و كاره ده‌كه‌ن هه‌ستبه‌وه ده‌كه‌يت ئه‌و راگهياندكاره به دواى شهرعيهتێكدا ده‌گه‌ڕێت كه هه‌ستده‌كات لێى ون بووه يان هه‌ر نييه‌تى و ده‌يه‌وێت له‌و رێگه‌يه‌وه به كۆمه‌ڵگه بڵێت “من گرنگم”، بێ ئاگا له‌وه‌ى به‌و كاره‌ى گرنگ نابێت و ناويش ده‌رناكات و ناوبانگ به‌وه په‌يدا نابێت، به‌ڵكو به كارى باش و پاراستنى ئيتيك و په‌يڕه‌وكردنى زانستى پيشه‌كه‌ى راگهياندنكار گرنگ ده‌بێت و ناو ده‌رده‌كات.
ئه‌مه خوويهكه، تا دوێنێ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه خواخوايان بوو بگه‌نه دهمڕۆيشتوو، يان قسهڕۆيشتوويهكى هه‌رێم و به‌رپرسى كۆڵانهكهيان و چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامبده‌ن و وێنه‌يه‌كى له‌گه‌ڵ بگرن و عهرزوحاڵێكيشى پێشكه‌شبكه‌ن و بڕێك پاره‌يان شاباش بكات.
7.3: بوونه سيخوڕى دوژمن: هه‌ندێك له‌و ميدياكارانه‌ى له به‌ره‌كانى شه‌ڕدا زانيارى ده‌گوازنه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به مه‌ترسى به‌كارهێنانى وشه و ده‌سته‌واژه ئه‌منييه‌كان بكه‌ن، قسه فڕێده‌ده‌ن، وا تێگه‌يشتوون هه‌تا بابه‌ته‌كه ورد بكه‌نه‌وه و باسى فيشهكدانى پێشمه‌رگه و چه‌ك و چۆڵ و كات بهسهربردنيان له سه‌نگه‌ردا بكه‌ن، زياتر له پيشه‌يى بوون نزيك بوونه‌ته‌وه، بێ ئاگا له‌وه‌ى به‌و كاره‌يان بوونه‌ته سيخورى دوژمن و زانيارى بۆ ده‌گوازنه‌وه.
7.4: جيانهكردنهوهى زانيارى و بۆچوون:
يه‌كێكى ديكه له ئيشكالهكانى ميدياى كوردى و په‌يامنێرى كه‌ناڵه‌كان، جيانهكردنهوهى “زانيارييه” له‌گه‌ڵ “بۆچوون”، بۆنموونه: (ئه‌گه‌رى ئه‌وه له ئارادايه داعش پاشه‌كشێ بكات.) ئه‌مه “بۆچوونه”، به‌ڵام كاتێك دوترێت “داعش پاشهكێى كرد” ئه‌مه زانيارييه. كاتێك ميدياكار دڵنيا نييه له رزگاركردنى شوێنێك چۆن ده‌كرێت واته وات به زانيارى بگه‌يه‌نێته خه‌ڵك. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ناڵێك كردى و ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى به‌و هۆيه‌وه كه‌وتنه بۆسه‌ى داعشييهكانهوه.
7.5: به‌داخه‌وه ئه‌و راگهياندنكارانهى روويان له به‌ره‌كانى شه‌ڕ كردووه، پرچه‌ك نه‌كراوون به زانيارى له باره‌ى رووماڵى شه‌ڕ و هه‌واڵه‌كانى به‌ره‌ى شه‌ڕ، ئه‌وان زۆرينه‌ى ره‌هايان هيچ خول و راهێنانێكيان نه‌بينيوه، هيچ له باره‌ى باكگراوندى شه‌ڕه‌كان، لايه‌نه شهڕكارهكان، شوێنى جوگرافى، ئاراسته جوگرافييهكان، دوورى ناوچه‌كان به كيلۆمه‌تر، نه‌خشه‌ى شوێنى رووداوه‌كان نازانن.. تا ئێستا پهيامنێرێك به وردى و دروستى و زانستيانه باسى هه‌ڵكه‌وته‌ى ناوچه‌يه‌كى شه‌ڕى نه‌كردووه، تا ئێستا باسى له گرنگى و رۆڵى هه‌ڵكه‌وته جوگرافييهكان له ململانێكان نه‌كردووه، كاتێك پێشمه‌رگه ناوچه‌يه‌ك رزگار ده‌كات، به خه‌ڵك ناڵێت ئه‌م ناوچه‌يه چ رۆڵێكى ده‌بێت له بهديهاتنى سه‌ركه‌وتنى يه‌كجاره‌كى. ته‌نيا ئه‌وه‌نده فێر بوونه كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه بكه‌نه باكگراووندى وێنه‌يان له شاشه و قسه بكه‌ن. ئه‌مه كاره‌ساته، وێراى ئه‌وه‌ى ئه‌م پهيامنێرانه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى زانيارى بۆ دوژمن هاوكات به پيشاندانى ره‌وشى گوزه‌ران و سه‌رقاڵكردنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌وه بوونه‌ته هۆى درووستبوونى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژيانى پێشمه‌رگه.
7.6: زۆر جار په‌يامنێران خۆيان وه‌ك سه‌رچاوه له لايه‌ن كه‌ناڵه‌وه پشتيان پێده‌به‌سترێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا ههستيارى كارى په‌يامنێره‌كه زياتر ده‌بێت و پێويسته به‌و په‌ڕى ئه‌مانه‌ت و ديقهتهوه به له‌به‌ر چاو گرتنى ئيتيكى پيشه و بارى شه‌ڕ و حاڵه‌تى نائاسايى، لێدوان بدات و زانيارى بگوازێته‌وه. ئه‌وه راستييه‌كى تاڵه، كه له كاتى شه‌ڕدا هه‌موو راستييه‌ك ناكرێت بوترێت، به‌و پێيه‌ى به سروشتى خۆى “شه‌ڕ فڕوفێڵه”.
8. داعشييهكان بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى ميدياى كوردى: يه‌كێك له گرفته زه‌قه‌كانى ميدياى كوردى ئه‌وه‌يه كه ههژمارهكانى داعش له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر و هه‌ژمارى چه‌كداره‌كانى داعش بوونه‌ته خوانى ئاماده‌ى ميدياكارانى كورد و به بێ هيچ لێكدانهوهيهكى پيشه‌يى و زانستى كه‌ناڵه كوردييه‌كان و سايته هه‌واڵييه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌نگوينيان له كڕۆڵى دار دۆزيبێته‌وه، په‌له پهلييانه بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س “ركابهرييان” نه‌كات له كۆپى كردنى هه‌واڵى ههژمارهكانى داعش.
بينيمان، كه‌ناڵێكى ئاسمانى پێش ئه‌وه‌ى لێدوانى ره‌سمى به‌رپرسێكى عێراقى يان هه‌رێمى كوردستان له باره‌ى هه‌ڵوێستى داعش له هه‌مبه‌ر كورد و پرۆسه‌ى سياسى عێراق وه‌ربگرێت، چه‌كدارێكى داعشيى به‌ناوى ئه‌بو عومه‌ر وه‌ك وته‌بێژى داعش پێ ناساندين و رايگه‌ياند، “داعش په‌يام بۆ كورد ده‌نێرێت”.
له ئه‌رشيفى ميدياى وڵاتاندا، ئه‌سته‌مه ده‌به‌نگى هێنده‌ى ئه‌و كاره به‌رچاو بكه‌وێت و كه‌ناڵێكى ميدياى هێنده بێده‌ربه‌ست بێت له ئاستى دۆزى ره‌واى وه‌رگره‌كانى و بێت و به سانايى رێگه بدات، گرووپێكى توندڕه‌وى رهشهكوژكار و مرۆڤ سه‌ربڕ وه‌ك خاوه‌ن “په‌يام” بناسێنێت و رێگه بدات له رێگه‌ى ئه‌وه‌وه ئه‌و گرووپه په‌يام بۆ خه‌ڵك بنێرێت، له كاتێكدا بوقى شه‌ڕى ئه‌و گروپه و خه‌ڵك له ئان و ساتى لێداندابێت.
مه‌ترسيدارى ئه‌و كاره ته‌نيا له‌وه‌دا خۆى نابينێته‌وه كه ئه‌و كه‌ناڵه يان هه‌ر كه‌ناڵێكى ديكه بێت و په‌يامى گروپى تيرۆريستى به‌و رههاييه و له په‌خشى راسته‌وخۆ بگوازێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له ديدى زانستييه‌وه چاوى لێبكه‌ين، كێشه‌كه ئه‌وه‌يه، په‌يوه‌ندييه‌كه له‌سه‌ر داواى چه‌كدارانى داعش بووه. هه‌مان ئه‌و ژماره مۆبايله په‌يوه‌ندى به چه‌ند كه‌ناڵێكى ديكه‌وه كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى لێدوان بدات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه جگه له “روداو” كه‌س ئاماده نه‌بوو لێدوانى لێوه‌ربگرێت.
ماناى ئه‌و كاره‌ش ئه‌وه‌يه، ئه‌و چركه ساته‌ى ميديا رێگه‌ى دا كه‌س، لايه‌ن، داواى گه‌ياندنى په‌يام بكات و ميدياكار يان كهناڵيش رازى بوو ئيدى هه‌موو جۆره ئيتيك و پابه‌ندييه‌كى پيشه‌يى كه‌ناڵ له‌ق و له‌نگ ده‌بێت، چونكه له كه‌ناڵێكى خاوه‌ن په‌يام و ستراتيژى كارى خۆيه‌وه ده‌بێته “ده‌ستكه‌لا” و “كرێگرته” و كه‌ڕه‌ناى ده‌ستى ئه‌و كه‌س و لايه‌نانه.
هه‌روه‌ها پێويسته ئه‌وه‌ش بڵێين، داعشييهكان كه‌سانێكى شاره‌زا و خوێنده‌وارن و زۆرينه‌ى ره‌هايان به باشى ده‌توانن سوود له ته‌كنۆلۆژياى گه‌ياندن بۆ گه‌ياندنى په‌ياميان وه‌ربگرن. ئه‌وان له رێگه‌ى مۆبايلهكانييانهوه چركه به چركه زانيارى به يه‌ك ده‌گه‌يه‌نن و تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر باش‌ترين مه‌يدانى تهراتێنيانه، له رووى ميدياييه‌وه.
بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و پهيامانهى داعشييهكان به بێ هيچ جۆره پارێزگارييهك و له‌به‌رچاو نه‌گرتنى هيچ جۆره بهرپرسيارێتييهك له ئاستى وشه و پهيامدا دۆخێكى خولقاندووه، كه ئێسته كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه به‌رهه‌مه‌كه‌ى ده‌چنێته‌وه.
داعشييهكان وێنه‌ى كوشتن، سووتاندن، گرتن، گولهبارانكردن، شه‌ڕى خۆيان، ته‌قينه‌وه‌كان، شاره‌كان، له‌شكره تێكشكاوه‌كه، شهكانهوهى ئاڵا رهشهكهيان په‌يتا په‌يتا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه راستييه ئه‌گه‌ر بڵێين، ماوه‌ى دوو مانگه ئێمه وه‌ك تاك له‌م هه‌رێمه‌دا هه‌موو ئه‌و ديمهنانهم له ميدياى كوردى به زيادهوه بينيوه. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر نهگوازرابايهوه ره‌نگه هيچ كاريگهرييهكيان به‌جێ نه‌هێشتبا چونكه زۆرينه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێم تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر به‌كار ناهێنن و زياتر سه‌رقاڵى فهيسبووكن.
بێگومان خوێنه‌رى به‌ڕێز تۆش وه‌ك ئێمه ئه‌و ناونيشانانهت له ميدياى كوردى به‌رچاو كه‌وتووه، له‌وانه (بزانه ئه‌م چه‌كداره‌ى داعش چۆن شه‌ڕ ده‌كات، راكردنى سوپا له ترسى داعش، داعش ئاڵاى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى داگرت و ئاڵاى خۆى هه‌ڵكرد، ئه‌م قهسابخانهيهى داعشت بينيوه، داعش سه‌دان گه‌نجى سه‌ربڕى، كاروانى ئۆتۆمبێله‌كانى داعش ببينه، كاتێك خهليفه وتارى دا بزانه چۆن پارێزگارى لێكراوه، داعش ئاوا خه‌ڵك ده‌كوژێت.. به ڤيديۆ بيبينه، هتد) هه‌موو ئه‌م جۆره ناونيشانانه و زياتريش بێگومان به‌رچاوتان كه‌وتوون.. ئيدى بۆ ده‌بێت ئێستا گله‌يى له خه‌ڵك بكه‌ين كه ده‌ترسێت.
9. بوونه سه‌رچاوه بۆ دوژمن: بابه‌ت و بڵاوكراوه‌كانى ميدياى كوردى له ئێستادا باش‌ترين سه‌رچاوه‌ى زانيارى داعشييهكان و كه‌رسته‌ى شه‌ڕى ده‌روونى ئه‌وانه دژ به پێشمه‌رگه.
راگهياندنكارێك، گرافيك ده‌كات و لێدوانه‌كانى به‌رپرسانى پێشمه‌رگه به درۆ ده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێن گه‌يشتووينه‌ته سنوورى شنگال و له پێشڕهويداين و ئه‌و به گرافيك ده‌ڵێت ئه‌وه راست نييه، داعشييهكان ئه‌و گرافيكهيان وه‌رگرتووه و ده‌ڵێن: سه‌ير كه‌ن شهد شاهد من اهلها.
كه‌ناڵێكى سهتهلايتى كه زۆرترين پڕوپاگه‌نده بۆ پرۆفيشناڵێتى ده‌كات، له ئان و ساتى نائاسايى وه‌ك كۆچڕه‌وى ئێزدييه‌كانى شنگال و درووستبوونى كاره‌ساتێكى مرۆيى له چياى شنگال، ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى توڕه و نيگه‌ران و دڵ پڕ له خه‌مى ئێزدى ده‌هێنێته سه‌ر شاشه و ئه‌وان له ژێر كاريگه‌رى عه‌قڵى دهستهجهمعيدا په‌يتا په‌يتا ده‌ڵێن: “پێشمه‌رگه ئێمه‌ى فرۆشت”، به‌ڵام به‌رپرسانى ئه‌و كه‌ناڵه و پێشكه‌شكار داناچڵهكێت و بارى لار راست ناكاته‌وه و ئه‌وه‌نده له ئيتيك نازانێت، ئه‌گه‌ر لايه‌نێك سوكايه‌تى به لايه‌نێكى ديكه كرد ئه‌و به‌رگرى له لايه‌نى ئاماده نه‌بوو بكات و وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌بقى ده‌ستكه‌وتبێت راسته‌وخۆ په‌يامى ئه‌و هاووڵاتييه توڕانه بڵاو ده‌كاته‌وه، بێ ئاگا له‌وه‌ى كه له 2003ه‌وه پێشمه‌رگه ناوچه‌ى ئێزدياتى ده‌پارێزێت و له ژێر هه‌ر كاريگهرييهكدا بێت ئه‌گه‌ر كشابنه‌وه يان شكستيان هێنا بێت، ماناى وا نييه ئه‌وان خه‌ڵكيان فرۆشتبێت.
ئه‌مه يه‌كێكه له سه‌رچاوه كوردييه‌كان و راسته‌وخۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت دايمه‌زراندووه و مانگانه ملياران دينارى بۆ خه‌رج ده‌كرێت، كه‌چى نه‌زانى و هيچ پێ نهبوويى كاره‌كته‌ره‌كانى، له ره‌وشێكى ناسكدا، وه‌ها به‌رنامه‌يه‌ك ساز ده‌كات، كه ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه وه‌ك هه‌ر كه‌رتێكى ديكه‌ى هه‌رێم هه‌زاران كێشهشى هه‌بێت، به‌ڵام دوا هيوايهكه بۆ ده‌ربازبوون له مه‌ترسى داعش و ناكرێت له‌م چركه ساته‌دا وا له خه‌ڵك بكرێت ئه‌و هيوايهشى له‌ده‌ستبدات.
دواتر كاتێك تۆ وه‌ك ميدياى شه‌خسى سه‌رۆكى حكومه‌ت دێيت و رێگه به تۆمه‌تباركردنى پێشمه‌رگه به “خيانه‌تى فرۆشتنى خه‌ڵك” بڵاو ده‌كه‌يته‌وه، ئيدى ده‌بێت چ ئومێدێك بمێنێت پێشمه‌رگه ئاماده‌يى گيانبازى هه‌بێت.
هه‌تا ئێره له ئاستى ناوخۆدايه، مه‌ترسى ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ى پێشمه‌رگه به خيانه‌تى فرۆشتنى خه‌ڵك، هه‌رچه‌ند مه‌ترسيدار بوو، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ژموونى خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كه كه‌س خۆى له قه‌ره‌ى نه‌دا و باسى نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وه‌ك چه‌ك گرتييه ده‌ست و به‌كارى هێنا داعشييهكان بوون، له ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرى دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌رنامه‌كه، له سه‌رجه‌م هه‌ژمارى داعشييهكاندا، ئه‌و وتهيهى هاووڵاتييه‌كى ئێزدى دووباره كرابوويه‌وه كه وتى: “پێشمه‌رگه ئێمه‌ى به درهمێكى رهخيس فرۆشت”.
داعشييهكان ته‌نانه‌ت سوود له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فهيسبوكيش ده‌بينن و بڵاوبوونه‌وه‌ى پۆستى دژى به‌رژه‌وه‌ندى كورد له تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بووه‌ته سه‌رچاوه‌يه‌كى گرنگى زانيارى بۆ داعشييهكان. ئه‌و وێنه‌يه‌ى په‌رله‌مانتارێك گرتبووى باسى ئهزمهى به‌نزينى ده‌كرد، له هه‌ولێر، هه‌ر زوو داعشييهكان بڵاويانكرده‌وه و موژده‌ى گرتنى هه‌ولێريان ده‌دا به يه‌كدى.
دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى گيرانى ژماره‌يه‌ك ئه‌ندامى داعش، له شارۆچكه‌ى خه‌بات، له درهنگانكێى شه‌ودا، له سايتى باسنيوزى نزيك له پارتى، كه به په‌له داينابوو، داعشييهكان له ههژمارهكانيانهوه كه‌وتنه بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه و هه‌موو لايهندار و ئه‌ندامه‌كانيان كه وه‌ك تابوورى پێنجه‌م له ناو هه‌رێمدان وشيار كرده‌وه كه هه‌ڵمه‌تى گرتن له دژيان هه‌يه، ئه‌گه‌ر باسنيوزى نزيك له ده‌زگاى ئه‌منى دركى به مه‌ترسى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى له‌و شێوه‌يه نه‌كردبێت و ئاگادارى ئه‌وه نه‌بێت به‌و جۆره هه‌واڵه بووه‌ته سيخوڕى داعشييهكان، ئيدى كۆڵكه سايتێكى ريسايكلى ده‌بێت حاڵى چۆن بێت.
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان