
رۆژنامهوانى – سلێمانى: ئهم بابهته بهشێكه له كتێبى (رێبەرێك بۆ داڕشتنی هەواڵ) له نووسينى (سۆران عهلى) و لهبهر گرنگى بابهتهكه لێرهدا بڵاويدهكهينهوه.
دهقى بابهتهكه:
چەندە ئەو رووداوەی رووی داوە باشیش بێت، پێویستە رۆژنامەنووس بە شێوازێك بیخاتەڕوو كە خوێنەر بخوازێت وەری بگرێت، چونكە ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵك مامەڵە لەگەڵ بڕێكی زۆر زانیاری جۆراوجۆر دەكەن وەكو كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و رادیۆ و ئینتەرنێت و لەوانەیە بۆ نموونە لە پاسێكدا یاخود لە شەمەندۆفێرێكدا بیخوێننەوە، بۆیە لەپێناو سەرنجڕاكێشانیاندا دەبێت چیرۆكەكە (هەواڵەكە) روون و پوخت و سەرنجڕاكێش بێت.
شێوازێكی كۆنی داڕشتنی هەواڵ هەڕەمی هەڵگەڕاوەیە، رۆژنامەنووسی باش دەتوانێت هەواڵە سەرەكییەكە لە چوار پێنج بڕگەدا بخاتەڕوو، ئەویش لە ڕێی خستنەڕووی رەگەزە سەرەكییەكان لە سەرەتاوە، پاشان زیادكردنی رەگەزەكانی دیكە بەدوای یەكدا بە پێی بایەخی هەر یەكێكیان. دەتوانرێت ئەم جۆرە چیرۆكە (هەواڵ) لەڕێی سڕینەوەی بڕگەكانی كۆتاییەوە كورتبكرێتەوە.
بڕگەی یەكەم گرنگییەكی زۆری هەیە و دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:
*چی رووی داوە؟
*كێ پەیوەندیدارە؟
*كەی رووی داوە؟
*لە كوێ رووی داوە؟
*چۆن بە رووداوەكەت زانی؟
*سەرچاوەی هەواڵەكە چییە؟
ئەگەر لە بڕگەی یەكەم و دووەمدا وەڵامی كێ و چی و كەی و لە كوێ و بۆچی و چۆنت نەدایەوە، ئەوا كارێكی زەحمەتە بتوانیت هەواڵێك بنووسیت بخوێندرێتەوە.
بڕگەی یەكەم تەنیا فاكتە سەرەكییەكان لەخۆ دەگرێت، وردەكارییەكانی تر بۆ جێگەیەكی تری هەواڵەكە بەجێبهێڵە.
هەندێك هەواڵ هەیە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە لەخۆ ناگرێت بە تایبەتی پرسیاری (بۆچی؟). هەروەها سەرچاوەش هەیە بە مەبەست وەڵامی پرسیارێك یان دوو پرسیار فەرامۆش دەكات، بەتایبەتی ئەگەر هەواڵەكە مەبەستی بێت سەرچاوەكە پارێزراو بێت لەبەر هۆكاری ئەمنی یان هەر هۆكارێكی دیكە.
دەبێت ناوی قسەكەرەكە لە سەرەتاوە باس بكرێت ئەگەر كەسایەتییەكی ناودار بوو، بەڵام خۆت لەوە لابدە ئەگەر ناودار نەبوو یان نازناوەكەی (پۆستەكەی) دوورودرێژ بوو. ناوهێنانی سەرچاوە لە سەرەتاوە وا لە خوێنەر دەكات دەستبەجێ بزانێت كە هەواڵەكەت راستگۆیی تێدایە. هەندێك جار دەتوانرێت لە بڕگەی دووەمدا ناوی سەرچاوەكە بهێنرێت، بەڵام نابێت لەوە زیاتر دوابخرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا داڕشتنی نوێی هەواڵ خۆی بە قاڵبە كۆن و كلاسیكییەكانەوە نابەستێتەوە و دەروازەی گەشەپێدان و نوێگەری بۆ خۆی كردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بنەما سەرەكییەكانی داڕشتن فەرامۆش بكات.
پێشتر مەرج بوو وەڵامی هەر شەش پرسیارەكەی هەواڵ بدرایەتەوە و بەشی زۆریشیان یاخود سەرەكییەكانیان لە بڕگەی یەكەمی هەواڵەكە یان پێشكییەكەدا بوونایە و پاشان وردەكارییەكانی بەپێی گرنگی باس بكرانایە، بەڵام ئێستا ئەم شێوازە تەواو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و رۆژنامەنووس و هەواڵساز دەتوانن چ رەگەزێكیان بەلاوە گرنگە لە پێشەكیدا دایبنێن، لەوانەیە هەواڵسازەكە شوێن یان كات یان كارەكەی بەلاوە گرنگترین رەگەز بێت، گرنگ ئەوەیە بایەخدارترین رەگەز بۆ پێشەكی هەواڵەكە هەڵبژێرێت پاشان بڕگەكانی دیكەی لەسەر بنات بنێت.
پێویستە هەر بڕگەیەك بیرۆكەیەكی سەربەخۆ لەخۆبگرێت و لە چەند رستەیەك پێك بێت، كە رستەیەكیان سەرەكی و بنەمایە و ئەوانی دیكەش پاڵپشتن، لەوانەیە هەموو بڕگەیەكیش بە رستە سەرەكییەكە دەست پێ بكات و رستە پاڵپشتەكانیش بەدوایدا بێن، ئەم جۆرە بڕگانەش بە “بەڵگەیی” ناسراون، وەكو: “سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە نووسەری ئەڵمانی بەڕەگەز میسر حامد عەبدولسەمەد دوێنێ گەڕاوەتەوە هۆتێلەكەی لە قاهیرە، پاش دیارنەمانی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هەلومەرجێكی نادیاردا، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە هەڕشەی كوشتنی لێكراوە بەهۆی ئەو نووسینانەی تێیدا هێرش دەكاتە سەر ئایینی ئیسلام” لێرەدا رستەی سەرەكی گەڕانەوەی نووسەرەكەیە پاش دیارنەمانە گوماناوییەكەی.
دەشكرێت بڕگەكە بە رستەیەكی پاڵپشت دەست پێبكات و رستە سەرەكییەكە لە كۆتاییدا بێت بەم بڕگانەش دەوترێت “بڕگەی هەڵێنجراو” وەكو: “محەمەد سەلماوی وتەبێژی رەسمی لیژنەی پەنجا كە نووسینەوەی دەستووری نوێی پێ سپێردراوە وتی ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەكە لە داڕشتنی رەشنووسی دەستوور دەبێتەوە، رایشیگەیاند قەیرانی دیباجە كۆتایی هاتووە و ئەوەیان پەسەندكردووە كە میسر دەوڵەتێكی دیموكراتییە و سیستمی حوكمڕانی تێیدا مەدەنییە”. لێرەشدا رستەی كۆتایی تایبەت بە سیستمی حوكمڕانی مەدەنی رستەی سەرەكییە.
ریزبەندی بڕگەكان بەپێی گرنگییان دەبێت واتە “گرنگترین” ئینجا “گرنگتر” پاشان “گرنگ”. واش بەباش دەزانرێت هەر بڕگەیەك لە دوو یان سێ رستە پێك بێت و بیرۆكەی هەر رستەیەكیش لە بیرۆكەی سەرەكی كۆی بڕگەكە لانەدات.
*پێویستە رۆژنامەنووس و هەواڵساز و موحەریرەكان رستەی كورت و سادە بەكاربهێنن و هەتا دەشتوانن دەبێت هەر رستەیەك یەك بیرۆكە لەخۆبگرێت، تا ئەو مەبەستەش بێتەدی پێویستە تا دەتوانرێت رستە جیاجیاكان لە دەستەواژەی وەسفی پێك بێن.
*ناو و نازناو یان پۆست لە سەرەتای هەواڵەكەوە دەنووسرێن و دواتر بە ناوی خێزان یاخود بە نازناوەكەی ئاماژەی بۆ دەكرێت بەمەبەستی هەمەجۆركردنی هەواڵەكە.
باشترە ئەگەر نازناو یاخود پۆست كورت بوو پێش ناوەكە بخرێت وەكو: “وەزیری دەرەوە ئیبراهیم جەعفەری” و دواتریش تەنیا بە جەعفەری یان وەزیر ئاماژەی بۆ دەكرێت.
بەڵام ئەگەر نازناوەكە یاخود پۆستەكە دوورودرێژ بوو ئەوا باشترە بۆ روونی لەدوای ناوەكەوە بێت وەكو: “محەمەد حەمدان سەرۆكی بەشی كاروباری كۆمەڵایەتی سەر بە حزبی كاری سۆشیالیستی لە تەتوان”.
مەرجی نووسینی تەواوی ناو و نازناو و پۆستەكان، سەرۆك و سەركردە و كەسایەتییە ناسراو و ناودارەكان ناگرێتەوە وەك: “سەرۆك ئۆباما، سەرۆك تاڵەبانی، شا عەبدوڵڵا و هتد”. چونكە هیچ خوێنەرێك نییە نەزانێت سەرۆك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكایە و سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق بووە و شاعەبدوڵڵاش پادشای عەرەبستانی سعودیەیە.
باشترە نازناوی قەبە و گەورە وەكو خاوەن شكۆ و پایەدار و هتد… بەكارنەهێنرێت و تەنیا سەرۆك یان شا یاخود بەڕێز بەكاربهێنرێت. بەڵام ئەم رێسایە ئەو كۆتەیشنانە ناگرێتەوە كە لە زاری كەسانی دیكەوە وەردەگیرێن، چونكە قسەكە چۆن لە زمانی خاوەنەكەیە كراوە بەو شێوەیە دەگوازرێتەوە.
بەڵام بۆ پۆستە پیشەیی و ئەكادیمی و سەربازییەكان وەكو “دكتۆر ، پرۆفیسۆر ، باڵیۆز ، لیوا و فەریق روكن و …هتد” ئەوا بەبێ تێبینی و گۆڕانكاری بڵاودەكرێنەوە.
وەرزشكار و هونەرمەندانی ناوداریش لەو رێسایە بەدەرن، چونكە عادەت ناوی یەكەمیان بەكار دەهێنرێت لەبری ئەوەی بە ناوی خێزانەكانیانەوە ئاماژەیان بۆ بكرێت، هەروەك زۆرجار ئەو كەسانە نازناوێكیان هەیە لە ناوی خۆیان زیاتر پێی دەناسرێن.
*سەبارەت بە ناوی شوێنیش، ئەوا پێویستە ناوی ئەو وڵاتە بنووسرێت كە ئەو شارە یاخو ئەو گوندەی تێدایە كە رووداوەكەی تێدا رووی داوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو شارە یاخود گوندە زۆر بچووكیش بێت و لای زۆر كەس نەناسراو بێت یان بكەوێتە وڵاتێكی بێگانەوە، بەڵام لەو رووەوە دەبێت وشەی شار یان شارۆچكە یان گوندەكە لەگەڵ ناوی وڵاتەكە بهێڵرێتەوە، وكو “شاری ئیزمیری توركیا” نەك “ئیزمیری توركیا” بۆئەوەی ئاماژەیەك نەبێت بۆ ئەوەی چەند ئیزمیرێك لەو ڵاتانی دیكە هەیە.
دەبێت بڕگەی دووەم وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە بڕگەی یەكەم نەیداونەتەوە ئەوانیش بریتین لە بۆچی و چۆن رووداوەكە رووی داوە؟
پاشان ئەو پرسیارە زۆر گرنگە لە خۆت بكە:
بۆچی رووداوەكە گرنگە؟ چی تێدایە؟
چوارچێوەی هەواڵەكە دیاری بكە و بۆ خوێنەری روون بكەرەوە، بۆچی هەواڵەكە شایانی خوێندنەوەیە، لەوانەیە هەواڵەكە سەرنجڕاكێش و گرنگ بێت بۆ تۆ، بەڵام ئەگەر كەسانی تر بایەخی پێ نەدەن، ئەوا تۆ كاتی خۆت بەفیڕۆ دەدەیت.
پاش ئەوەی بنچینەی هەواڵەكەت نووسی، پێویستت بە قسەیەكی وەرگیراو (كۆتەیشن) هەیە پشتیوانی بێت بۆ ئەوەی لە بڕگەی یەكەمدا باس كراوە و راستگۆیی بە هەواڵەكە ببەخشێت و روونی بكاتەوە ئەوەی دەینووسیت پشتی بە بەڵگە بەستووە.
ئەم هەواڵەی رۆیتەرز ئەوە روون دەكاتەوە چۆن وەڵامی پرسیارە سەرەكییەكان دراوەتەوە، بەتایبەتی دەستنیشانكردنی سەرچاوەكە و چوارچێوەی هەواڵەكە لە بڕگەی دووەمدا و هێنانی قسەیەكی وەرگیراو (كۆتەیشن) لە بڕگەی سێیەمدا.
سۆل (رۆیتەرز) – ئاژانسی یونهابی كۆریای باكوور لەسەر زاری وتەبێژی رەسمییەوە لە پیۆنگ یانگ بڵاوی كردەوە كە رەنگە كۆریای باكوور گفتوگۆی شەشقۆڵی بۆ كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەست پێبكاتەوە ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت.
ئەم راگەیاندنە پاش ئەوە هات كە سەرۆك بوش و سەرۆك هۆجین تاو نیگەرانی خۆیان بەرامبەر ئەو دەوڵە كۆمۆنیستییە گۆشەگیرە پیشان دا. هەروەها سەرۆك بڵێنی پشتیوانیكردنی ئەو گفتوگۆیەی دەربڕی كە نزیكەی ساڵێكە دواخراوە.
بەرپرسێكی كۆریای باكووریش بە وەفدی پەرلەمانی روسیای راگەیاندووە كە بەسەردانێك لە پیۆنگ یانگە: “ئێمە دێینە پێشەوە بۆ گفتوگۆ ئەگەر وڵاتە یەكگرتووەكان هەڵسوكەوتێك بنوێنێت شایانی متمانە بێت و مەرجی گونجاو دابنێت”.
سەرنجی ئەوە دەدەیت پاش قسە وەرگیراوەكە (كۆتەیشن) پاشخانی پێویست باسكراوە كە هەمیشە لە بڕگەیەك یان دوواندا دەبێت ئەویش بەمەبەستی روونكردنەوەی هۆكاری پشت خستنەڕووی هەواڵەكە.
لەم خاڵەشدا، واتە پاش چوار بڕگە دەتوانرێت هەواڵەكە لە رۆژنامە یاخود لە سایتێكی ئینتەرنێتدا بڵاوبكرێتەوە، چونكە رەگەزە سەرەكییەكانی پێشكەش بە خوێنەر كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەواڵەكە بە وردەكاری و كۆتەیشن و پاشخانی زیاتر پتەو بكرێت.
رستەی كورت و شێوازی راستەوخۆ كرۆكی نووسینی هەواڵن، هەر بڕگەیەكیش مانایەكی تەواو دەدات بەدەستەوە و هەر كە دەربڕینی ئەو مانایە تەواو بوو، پێویستە بڕگەیەكی نوێ دەست پێبكات كە پێویست ناكات لەڕێی (واو)وە پێكەوە ببەسترێنەوە، بەڵكو لە ڕێی “وشەی گرێدان”وە پێكەوە گرێدەرێن كە ئەمانەش كۆمەڵێك وشەن بۆ پێكەوەبەستنەوەی دەستەواژە و بڕگەكان دەقی یەك هەواڵدا بەكار دەهێنرێن كە باس لە تەنیا یەك رووداو بكات و تێپەڕ ناكات بۆ باسكردنی بابەتێكی جیاوازتر. وەكو “وتی ، رایگەیاند ، تەئكیدی كردەوە ، روونی كردەوە ، هۆشداری دا ، ئاماژەی كرد بۆ ..، بڵاوی كردەوە و جەختی كرد…هتد”.
پاشان دەبێت بڕگەكان بە چەند دەستەواژەیەك پێكەوە گرێ بدرێن كە پێیان دەوترێت “دەستەواژەكانی گواستنەوە”، وەكو: “لەلایەكی ترەوە” و “لەروویەكی ترەوە” و “لەبەرامبەردا” و “هاوكات” و “لەم كاتەدا” و “لە بابەتێكی هاوپەیوەنددا” و “لەم رووەوە” “لەلایەن خۆیەوە” و…هتد بەپێی پێویستی دەربڕینەكە.
زۆر رۆژنامەنووس و هەواڵساز و موحەریر لە كاتی بەكارهێنانی “وشەكانی گرێدان” و “دەستەواژەكانی گواستنەوە” تا رادەیەكی زۆر تێكەڵیان دەكەن، هەندێكیش هەڕەمەكییانە بەكاریان دەهێنن بەبێ ئەوەی گوێ بدەن بە گونجانی ماناكەی لەگەڵ ئەو مەبەسەتەی بۆی بەكارهاتووە یان ئەو دیمەنەی وەسفی دەكات.
بۆ نموونە لە وشەكانی گرێداندا پێویستە خۆمان لە “تەئكیدی كردەوە” یان “دووپاتی كردەوە” لەسەرەتای هەواڵدا لابدەین ئەگەر مەبەستمان لێی “رایگەیاند” یان “وتی” بێت، چونكە تەئكیدكردنەوە یان دووپاتكردنەوە بۆ بابەتێك بەكاردێت كە پێشتر باس كرابێت و بویسترێت سەرلەنوێ باس بكرێتەوە. بۆیە پێویستە كردارەكان لە شوێنی خۆیان و بۆ مانای تایبەتی خۆیان بەكاربهێنرێن. بۆیە دەكرێت “وتی” بۆ سەرەتای قسە بەكاربێت و “وتیشی” و “هەروەها وتی” بۆ زیادكردنی زانیاری دیكە بەكاردێن. “روونی كردەوە” بۆ روونكردنەوەی بڕگەی پێش خۆیەتی، و “تەئكیدی كردەوە” بۆ تەئكیدكردنەوەی بابەتێكە كە پێویستی بە پشتڕاستكردنەوەیە. هەندێك لە كردارەكانیش مانای بێلایەنی دەگەیەنن وەك: “وتی ، روونی كردەوە ، ئاماژەی كرد بۆ ، وتیشی ، باسی لەوەش كرد ، بەبیری هێنایەوە”. بەڵام هەندێك كردار مانای لایەندارییان تێدا بەدیدەكرێت وەك: “سووربوو لەسەر ، هۆشداری دا ، رەخنەی ئەوەی گرت”.
هەرچی وشەی “رایگەیاند”یشە ئەوا باشترە لەگەڵ سەرچاوەی دیار و ناوبراودا بەكار بێت، بۆیە ناكرێت بوترێت “سەرچاوەیەك رایگەیاند” چونكە وشەی “رایگەیاند” بە ئاشكرا دەبێت و وشەی “سەرچاوەیەك” مەبەست لێی شاردنەوە و بەنادیارهێشتنەوەی قسەكەرەكەیە. بۆیە باشترە لەگەڵ سەرچاوەی نادیاردا “وتی” و لەگەڵ سەرچاوەی دیار و ناوهێنراودا “رایگەیاند” بەكار بهێنرێت.
وشەی “ئاشكرای كرد”یش بۆ بابەتێكی گرنگ و باس نەكراو یاخود شاراوە بەكاردێت كە كەسێك شتێكی لەبارەوە ئاشكرا بكات كە پێشتر نەزانرا بێت و ناكرێت لەگەڵ هەر راگەیاندنێكی ئاساییدا بەكاربهێنرێت. بەكارهێنانی وشەی “هاوكات” بۆ پێكەوەگرێدانی دوو رووداوی جیاوازە كە پەیوەندی لەنێوانیاندا هەبێت، بۆیە بەكارهێنانی لەیەك هەواڵدا و لەچوارچێوەی وردەكاری هەمان رووداودا نەشیاوە. واتە نابێت بۆ گرێدانی وردەكاری یەك رووداو بەكاربهێنرێت وەك: ” نوری مالكی رایگەیاند عیراق لەقەیراندایە، هاوكات بارودۆخی وڵاتی بەمەترسیدار وەسف كرد”. بەڵكو دەتوانرێت بوترێت:” نوری مالكی رایگەیاند عیراق لە قەیراندایە، هاوكات ئەیاد عەلاوی رەوشی عیراقی بە مەترسیدار وەسفكرد”.
هەر لەم چوارچێوەیەدا “وشەكانی گرێدان” و “دەستەواژەكانی گواستنەوە” هەر یەكەیان بۆ مەبەست و ئامانجێك بەكاردێن، وەكو: “بۆیە ، چونكە ، بەو هۆیەوە و…هتد” بۆ روونكردنەوە بەكار دێن. هەروەها “لەبەر ئەوە ، بەوهۆیەوە ، بۆتە مایەی و ….هتد” كاتێك بەكار دێن كە رستەی دووم ئەنجام بێت بۆ رستەی پێش خۆی. هەروەها “بەڵام ، سەرەڕای ئەوەی ، بەڵكو و …هتد” كاتێك بەكاردێن كە رستەی دووەم پێچەوانەی مانایەك لە ماناكانی رستەی پێش خۆی بێت. هەروەها “لە كاتێكدا ، هاوكات ، لە هەمان كاتدا و …هتد” بۆ هاوزەمانبوونی دوو رووداو بەكاردێن. هەروەها “سەرەڕای ئەوەی ، سەرباری ئەوەی ، جگە لەوە و …هتد” بۆ زیادكردنی بیرۆكەیەكی نوێیە بۆ بیرۆكەیەكی پێشتر.
*نووسینی كۆتەیشن دەكرێت بەم جۆرە بێت: فڵانی فڵان وتی:…………. . پاش تەواوبوونی قسەكەش خاڵێك دادەنرێت. یان قسە وەرگیراوەكە دەخرێتە نێوان دوو كەوانەی بچووك لەسەرەتا و كۆتاییدا بەم جۆرە “…….”.
پێویستە كۆتەیشن وەكو خۆی بگوازرێتەوە، بەڵام ئەمە هەڵەی رێزمانی روون و ئاشكرا ناگرێتەوە و دەشتوانرێت قسەكە كورت بكرێتەوە لەڕێی دانانی سێ خاڵ لە نێوان كەوانەكاندا لە جێی وشە لابراوەكان “…”.
دانانی كەوانەی گەورە (…) مانای ئەوەیە قسەیەك بنووسرێت لە چوارچێوەی خۆیدا نەبێت ئەویش بەزۆری بۆ روونكردنەوە دێت. وەك: وتەبێژەكەی سوریا وتی: “رێككەوتنەكە (كە لە 17ی ئایاری 1983 لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەستراوە) و هەموو رێوشوێنەكانی رەت دەكەینەوە”. كەواتە قسەی نێوان كەوانە گەورەكان روونكردنەوەی پەیامنێرەكەیە.
سهرچاوه:
*ناوی كتێب: رێبەرێك بۆ داڕشتنی هەواڵ
*نووسەر: سۆران عەلی
*دیزاینی بەرگ: هەڵۆ جەلال
* تایپ و هەڵەچنی: رێزان ئەحمەد
*تیراژ: 1000
* ساڵی چاپكردن: 2015