
رۆژنامهوانى – سلێمانى: لهم بهشهدا، نووسهرى كتێبى (رێبەرێك بۆ داڕشتنی هەواڵ)، باس له بڕگهى يهكهم و دهستپێكى ههواڵ دهكات و به نموونهوه شێوازى داڕشتنى دهخاتهڕوو.
دهقى بابهتهكه:
دەستنیشانكردنی باشترین دەستپێك بۆ هەواڵ كارێكی گرنگە بۆ نووسینی چیرۆكێكی هەواڵی باش، ئەم كارەش شایانی ئەوەیە هەندێك كاتی پێببەخشیت.
هەندێك جار لە چیرۆكە هەواڵییە لێكدراوەكاندا، ئەو رەگەزە سەرەكییانەی پێویستە لە بڕگەی یەكەمدا باس بكرێن، نا روونن، بۆیە ئەم شێوازانە بگرەبەر بۆ دەستنیشانكردنیان و بەدوای باشترین رێگادا بگەڕێ بۆ نووسینیان:
1- وێستگەی پاس – وا هەست بكە لە وێستگەی پاسدا وەستاویت و هەوڵ دەدەیت شتێك بە هاوڕێیەكت بڵێیت لە كاتێكدا ئەو پاسەی تێیدایە كەوتۆتە رێ، ئەو كاتە پێویستە گرنگترین شتی پێ رابگەیەنیت بەر لەوەی دووربكەوێتەوە و گوێی لە دەنگت نەمێنێت.
2- نوێگەری – واهەست بكە بەتەلەفۆن شتێك بە نەنكت رادەگەیەنیت.
3- هاوڕێ – وەڵامی پرسیاری هاوڕێیەك بدەرەوە كە دەڵێت: “لەوێ چی رووی دا؟”.
4- ناونیشان – سەرەتا ناونیشانی هەواڵەكە بنووسە، چونكە ئەوە تەركیزی عەقڵ دەخاتە سەر خاڵە جەوهەرییەكان.
5- وشەی میحوەری – یەك وشە دەستنیشان بكە و لەسەر بنەمای ئەوە بڕگەی یەكەم بنووسە.
شێوازەكانی بڕگەی یەكەم
ئەو بڕگەیەی یەكەم كە دەستبەجێ قسەكەرەكە دەستنیشان دەكات
لەم حاڵەتەدا ئەو كەسەی لە هەواڵەكەدا باس دەكرێت ئەوەندە گرنگە كە پێویست بە روونكردنەوە ناكات.
نموونە – ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك بیل كلینتۆن رایگەیاند بەنیازە هێزی زیاتر رەوانەی كۆسۆڤۆ بكات بەهۆی بەردەوامبوونی كاری توندوتیژی لەو وڵاتە.
بەڵام دەبێت لەوە دڵنیابیت كە خوێنەر دەستبەجێ كەسی باسكراو دەناسێت، ئەگەر واش نەبوو ئەوا بەمجۆرە بنووسرێت باشە:
نموونە – بەرپرسێكی گەورەی ئەمریكا دەڵێت حكومەت لە پلانی ناردنی هێزی زیاتر بۆ كۆسۆڤۆ دەكۆڵێتەوە.
دان مۆرگان یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی: “….” یاخود ئەو بەرپرسەی داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە وتی: “…..”.
بڕگەی یەكەمی پوختكەرەوە
ئەو كاتە بەكاردەهێنرێت كە چەند رووداوێك هەبن و رووداوێكی دیاریان بەتەنیا تێدا نەبێت، بەڵام هەموویان پێكەوە ببنە هۆی گۆڕانكارییەكی گەورە، یاخود ئەو كاتانەی رۆژنامەنووس كاتی تەواوی لەبەردەستدا نییە لە كاریگەری هەموو رووداوەكان بكۆڵێتەوە.
نموونە – حكومەتی تیمۆری خۆرهەڵات 350 رێوشوێنی نوێی گرتەبەر وەك هەوڵێك بۆ راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی بەتایبەتی لە كەرتی نەوت و گازدا.
لەو رێوشوێنانەش ..
بڕگەی یەكەمی فرەڕەگەز
لە كاتێكدا بەكاردەهێنرێت كە دوو رووداو پێكەوە روویان دابێت و نەتوانرێت هیچ كامیان بۆ بەرژەوەندی ئەوی تریان فەرامۆش بكرێت.
نموونە – رۆژی پێنجشەممە حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند تۆم جۆنز وەزیری بەرگری لەسەر كار لابردووە و هەموو كڕینی چەكێكیشی راگرتووە ئەویش لەدوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەكی رۆژنامەنووسی سەبارەت بە گەندەڵی لە وەزارەتەكەدا.
لەبری ئەوەش، ئەگەر ئەو زانیارییانە لەبڕگەی یەكەمدا زیاد لە پێویست بوون، ئەوا دەتوانیت بە رەگەزی سەرەكی دەست پێبكەیت و لە بڕگەی دووەمدا تەواوی بكەیت.
نموونە– ئەمڕۆ پێنجشەممە حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند تۆم جۆنز وەزیری بەرگری لەسەر كار لابردووە و هەموو كڕٍینی چەكێكیشی هەڵپەساردووە.
ئەم بڕیارەش پاش ئەو دەنگۆ رۆژنامەنووسییانە دێت كە سەبارەت بە روودانی گەندەڵی لە وەزارەتەكەدا بڵاوبوونەوە.
بڕگەی یەكەمی شیكەرەوە
بەكارهێنانی سەرچاوەكان بۆ وەسفی ئاكامەكانی كارێك.
نموونە – ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆك بیل كلینتۆن رایگەیاند بەنیازە سێ هەزار سەربازی ئەمریكا لە كۆسۆڤۆ بكێشێتەوە لە هەنگاوێكدا كە بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن رەنگە ببێتە هۆی هەڵاتنی زیاتری سڕبەكان لەو هەرێمە.
لەوە دڵنیابە كە لە شوێنێكی پێشەوەدا باسی بەڵگەی رووداوەكە بكەیت، لە بڕگەی سێیەم یان چوارەمدا، باشتریش وایە ئەو بەڵگەیە لە سەرچاوەیەكی ناسراوەوە بێت.
نموونە – جان سۆشینسكی سەرۆكی نووسینگەی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەلەگراد بە یەكێك لە رۆژنامەنووسانی وت: “سڕبەكان بە كردەوە بە رێژەی 50 كەس لە هەر هەفتەیەكدا ناوچەكە جێدەهێڵن لەترسی كاردانەوەی تۆڵەئامێزی ئەلبانەكانی كۆسۆڤۆ، ئەم هەنگاوەش رەنگە ببێتە هۆی خێراكردنی رەوتی هەڵاتنەكە”.
ناوهێنانی سەرچاوە لە بڕگەی یەكەمدا
زۆربەی جار سەرچاوە لە كۆتایی بڕگەی یەكەمدا دێت.
بەڵام هەندێك جار سەرچاوە لە كۆتایی بڕگەی یەكەمدا دێت. بەتایبەتی ئەگەر گومان لە راستی زانیارییەكە هەبێت یاخود هەواڵەكە بەردەوامی تێدابێت، ئەوا دەبێت سەرچاوەكە لە سەرەتادا بێت.
نموونە – زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەر لە ئەنجامی جەنگی بۆسنە لە سڕبیا دەژین، بەپێی وتەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە راپۆرتی رۆژی هەینیدا.
بەڵام ئەگەر گومان لە راستی زانیارییەكان هەبێت یان ئەگەر جێی مشتومڕ و ناكۆكی بن، ئەوا دەبێت بە باسكردنی سەرچاوە دەست پێبكەین.
نموونە – سیاسەتمەتدارێكی دیاری جیابۆوەی مانشوكستان رایگەیاند زیاتر لە پێنج هەزار كەس لەماوەی شەش مانكی رابردوودا بەدەستی تیمەكانی كوشتن لەناوبراون كە سەر بە حزبی دەسەڵاتدارن.
چۆنێتی باشكردنی داڕشتنی بڕگەی یەكەم
*كرداری بكەر دیار بەكاربهێنە لەبری بكەر نادیار بۆئەوەی رستەكەت كورتتر و راستەوخۆتر بێت.
نموونە – پێنتاگۆن رایگەیاند هێزەكانی فەرەنسا بە فەرماندەیی ناپلیۆن رۆژی پێنجشەممە مانشوكستانیان داگیركردووە.
نەك: رۆژی پێنجشەممە بەفەرماندەیی ناپلیۆن لەلایەن هێزەكانی فەرەنساوە هێرش كرایەسەر مانشوكستان.
*چیرۆكی هەواڵی بە پرسیار دەست پێمەكە، چونكە ئەو كارە سەركەوتوو نابێت بەكەمی نەبێت ئەویش لە نووسینی بەدواداچوونی رۆژنامەنووسیدا.
*خۆت بەدووربگرە لە كورتكردنەوە و پۆست و ناوی دوورودرێژی كەس و شوێنەكان ئەگەر ناودارنەبن.
نموونە – دەكرێت لە بڕگەی یەكەمدا بنووسیت.. رێكخراوی ئاسایشی سەرەكی لە ئەوروپا لەبری ئەوەی بنووسیت رێكخراوی ئاسایش و هاریكاری لە ئەوروپا (ئۆ.ئێس.سی.ئی).
یان…ئاژانسی پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان لەبری كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان (یو.ئێن.ئێچ.سی.ئاڕ).
*لە بڕگەی یەكەمدا كۆتەیشن بەكارمەهێنە ئەگەر زۆر كاریگەر نەبێت.
نموونە – فەرماندەی سوپای یۆگسلاڤیا هۆشداری دا لەوەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی رووبەڕووی “دۆزەخێك لەسەر زەوی” دەبێتەوە ئەگەر هێزەكانی هەوڵ بدەن بچنە هەرێمی كۆسۆڤۆ.
- كرداری رانەبردوو بەكاربهێنە لەبری كرداری رابردوو. وەك: چین پلان دادەنێت…نەك چین پلانی داناوە….
- وریای ئەوە بە زانیارییەكانی بڕگەی یەكەم دووبارەبوونەوەی ئەو زانیارییانە نەبن كە لە بڕگەكانی دیكەی هەواڵەكەدا باسكراون بەهەمان شێواز و داڕشتنەوە.
- وریای ئەوەبە بڕگەی یەكەم پڕ نەكەیت لە چەندین بیرۆكە و وردەكاری زۆر.
- تەنیا باسی یەك رووداوی سەرەكی بكە نەك چەند رووداوێك.
- هەوڵ بدە بڕگەی یەكەم لە 25 بۆ 30 وشە تێنەپەڕێت.
سهرچاوه:
*ناوی كتێب: رێبەرێك بۆ داڕشتنی هەواڵ
*نووسەر: سۆران عەلی
* ساڵی چاپكردن: 2015