
رۆژنامهوانى – سلێمانى: لهم بهشهدا باس له بنهما سهرهكى و رێنماييه گشتييهكانى تايبهت به داڕشتنى ههواڵ كراوون و ئهو بنهمايانه روونكراونهتهوه، كه پێويسته ههواڵساز يان پهيامنێران له داڕشتنى ههواڵدا لهبهرچاويان بگرن.
** وردبینی – ئەگەر نەتتوانی فاكتە سەرەكییەكان بەشێوەیەكی دروست باس بكەیت، ئەوا هیچ كەس باوەڕ بە هیچ شتێكی تر لەوانە ناكات كە نووسیوتن. هەرگیز گریمانەی ئەوە دامەنێ كە خوێنەر بیرۆكەیەكی پێشوەختی لەبارەی هەواڵەكە هەیە، پێویستە هەموو جارێك كە هەواڵ دەنووسیت پاشخان و شیكردنەوەی پێویستی بۆ زیاد بكەیت، تەنانەت ئەگەر لەبارەی رووداوێكیشەوە بێت كە ماوەیەكە رووی داوە، وا هەست بكە بۆ خوێنەرێك دەنووسیت چەند مانگێكە لە دەرەوەی وڵاتە و ئێستا گەڕاوەتەوە.
** نەرم بە – هەرگیز ئەوە مەسەپێنە كە لایەنێك راستە یان هەڵەیە.
** روونی – خۆت لە وردەكاری و ژمارەدا نقوم مەكە، شێوازێكی سادە و راستەوخۆ بەكاربهێنە. رۆژنامەنووس و نووسەری بەریتانی ئێچ ویڵز جارێكیان وتوویەتی: “بەپێی توانام بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەنووسم وەكو چۆن بەپێی توانا راستەوخۆ و لەسەر هێڵێكی راست دەڕۆم بەڕێدا، چونكە ئەوە باشترین رێگایە بۆ گەیشتن”.
** پاكسازی و پێداچوونەوە – بەلایەنی كەمەوە دووجار هەواڵەكە بخوێنەرەوە، هەڵە و وشە ناپێویستەكان بسڕرەوە. بە ژمارەكاندا بچۆرەوە و لە راستی و دروستیان دڵنیابەرەوە، بە رێزماندا بچۆرەوە، بەهەموو شتێكدا بچۆرەوە، بەتایبەتی ناوی كەس و شوێنەكان، چاوەڕوانی ئەوە مەبە كەسێكی تر هەڵەكانت بدۆزێتەوە.
** كۆتەیشن – هەمیشە بەدوای كۆتەیشنی باش و سەرنجڕكێشدا بگەڕێ، چونكە گیان و راستگۆی بە هەواڵەكە دەبەخشێت، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كۆتەیشندا مەكە، چونكە زۆربەیان تێگەیشتنیان زەحمەتە. ئەگەر ئەو قسەیەی كراوە بەشی زۆربەی هەواڵەكەی پێكهێنا، ئەوا لە زاری قسەكەرەكەوە بیگوازەرەوە و شێوازی ناڕاستەوخۆ بەكاربهێنە لەگەڵ كەمێك كۆتەیشنی راستەوخۆی سەرەكیدا.
** خاڵە جیاوازەكانی ناو هەواڵە لەڕێی پلەبەندییەكی لۆجیكییەوە پێكەوە گرێ بدە، بەمەبەستی یارمەتیدانی خوێنەر و گواستنەوەی بەشێوەیەكی رەوان لە خاڵێكەوە بۆ خاڵێكی تر. رەوانی باسكردنی زانیارییەكانی ناو هەواڵەكە بپارێزە.
** هاوسەنگی – لەوە دڵنیابە ئەوەی دەینووسیت مانای ئەوە نییە كە لایەنگری لایەنێك دەكەیت و نابێت بیروڕای خۆت بخەیتە ناو هەواڵەكەوە. دڵنیابە لەوەی لە هەر بابەتێكدا بیروڕای هەردوو لایەنی ناكۆكییەكە بخەیتەڕوو. دەرفەتی وەڵامدانەوە بدە بە هەر كەسێك كە بە ئەنجامدانی تاوانێك تۆمەتبارە. خۆت بەدوور بگرە لە بەكارهێنانی وشەی وەك.. “گوایە” كە ئەوە دەگەیەنێت گومانت لەوە هەیە كە دەوترێت. خۆت بەدوور بگرە لە وشەی وەك “ترس” و “ئومێد” هەیە لە چوارچێوەیەكی سیاسی دیاریكراودا وەك “لەوە دەترسێت كە …”، چونكە ئاماژەیە بۆ لایەنگریكردنی لایەنێكی دیاریكراو. هەروەها بەكارهێنانی وشەی “دانی بەوەدا نا” یان ” ئەوەی دركاند” ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەسێك هەڵەیەكی كردووە. وشەكانی وەك “تەئكیدی كردەوە” و ” ئاماژەی كرد بۆ” ئاماژەیە بۆ ئەوەی تۆ باوەڕت بە قسەی سەرچاوەكە هەیە. لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا وشەی “وتی” بەكاربهێنە چونكە بێ لایەنە.
** پاشخان – پاشخان (زانیارییە مێژووییەكان یاخود لاوەكییەكان) بۆ هەموو هەواڵێك پێویستە. لەچوارچێوەی هەواڵەكەدا بە دەستەواژە و رستەی كورت لەكاتی گێڕانەوەی رووداوەكاندا دایبڕێژە لەوە باشترە كە هەمووی بە یەك جار لە ناوەڕاستی هەواڵەكەدا یاخود لە كۆتاییەكەیدا دابنێیت. خاڵە سەرەكییەكانی پاشخانەكان لەسەر كاغەزێكی بچووك بنووسە و لەلای خۆتەوە دایبنێ و هەر خاڵێكی لێ بسڕەوە كە دەیخەیتە شوێنێكی گونجاوی هەواڵەكەوە. پاشخان تەنیا لەو كاتانەدا بەكاربهێنە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە هەواڵەكەوە هەبێت، چونكە دەبێتە بەربەست لەبەردەم رەوانی و ئاسانی هەواڵەكەدا. باشترین شێوەی دانانی پاشخانیش ئەوەیە بە لەسەرخۆیی تێكەڵ بە ناواخنی هەواڵەكە بكرێت، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی پچڕانی هەواڵەكە و بەربەست لەبەردەم رەوانی و سادەییەكەید، ئەوا لە چەند بڕگەیەكی سەربەخۆدا دایبنێ و لە شوێنێكی شیاودا لە دوای گێڕانەوەی رووداوە سەرەكییەكان، جێگای بۆ بكەرەوە. وریابە پاشخان تێكەڵ بە زانیارییە جەوهەرییەكان نەكەیت، بەڵكو رستەی سەربەخۆی بۆ بەكاربهێنە، چونكە پاشخان جەوهەری هەواڵەكە نییە و زانیاری زیادەیە.
** رەگەزەكانی سەرنجڕاكێشان – وردەكاری و وەسفكردن گیان بە هەواڵەكە دەبەخشن و كەسەكان راستەقینەتر دەردەخەن یاخود ئەوە بۆ خوێنەر روون دەكەنەوە كە تۆ بەكردەوە لە شوێنی رووداوەكەدایت.
** وشەی زیادە – ئەو وشانەی كە پێویست نیین، مانا لاواز دەكەن. بۆ نموونە پێویست ناكات بوترێت: “وتووێژی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات” چونكە بەتەنیا “وتووێژی دووقۆڵی” بەسە. هەروەها وەكو: “ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆماركرد” هەڵەیە، چونكە هەر ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە، بەو پێیە دەبێت بوترێت: “ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد…”. باشترە وشەی كورت و ناسراو لەبری وشەی دوورودرێژ و نامۆ و نەناسراو بەكارهێنرێت (وا لە خوێنەر مەكە پەنا بۆ قاموس ببات) پێویستە خۆمان لە باسكردنی وردەكاری زۆر لابدەین، چونكە زیان بە روون و ئاشكرایی بابەتەكە دەگەیەنێت و تەركیزی خوێنەر پەرشوبڵاو دەكات و لە هێڵی سەرەكی كرۆكی بابەتەكە لادەدات. بەكورتی: وشەی كورت هەڵبژێرە نەك دوورودرێژ، وشەی ناسراو هەڵبژێرە نەك قەبە، وشەی دیاریكراو هەڵبژێرە نەك وشەی گشتگیر. زیاتر لەوەی كە پێویستت پێیە وشە بەكار هەمێنە، پێویست ناكان وشەی هاومانا بەكاربهێنیت وەك: “بەرز و بڵند ، روون و ئاشكرا ، گەنجان و لاوان ، ئازادی و سەربەستی و …هتد”.
** خۆت لە دووبارەكردنەوەی هەمان بیرۆكە لابدە كە پێشتر باست كردووە.
** خۆت لە رستەی دوورودرێژ لابدە، چونكە دەتوانرێت بە قسەیەكی پوخت و كورت و داڕشتنێكی توندوتۆڵ گوزارشت لە هەر بیرۆكەیەك بكرێت. تەركیز بكەرە سەر ئەوەی راگەیەندراوە نەك ئەوەی سەرچاوەی هەواڵەكە دەیڵێت.
** هیچ دەستەواژەیەك بەكارمەهێنە زیانی بۆ كەسانێك هەبێت، هەرگیز نابێت چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسانی ناسنامە نادیاردا بڵاوبكرێتەوە یاخود لێدوان یان تۆمەتباركردنی كەسانی دیكە لەسەر زاریانەوە بگوازرێتەوە.
** هەرگیز بۆ ناساندنی كەسێك یاخود گرووپێك ئەو ناوە بەكارمەهێنە كە خۆیان پێیان ناخۆشە، هەروەها هیچ كەسێك بە ئایینەكەی یاخو رەنگی پێستی مەناسێنە.
** وشەیەك بكارمەهێنە كە لە چوارچێوەی هەواڵەكەدا تۆمەتێك یان سیفەتێكی رەگەزپەرستی بسەلمێنێت. وەكو باسكردنی وشەی “ئیتاڵی” لە هەواڵێكدا سەبارەت بە تاوانی رێكخراو، بەڵكو باشترە وشەی “بیانی یان بێگانە” بەكاربهێنرێت.
** وشەی “پیرێژن” بەكارمەهێنە و لەبری ئەوە “ژنێكی بەتەمەن” بنووسە باشترە، ئەگەرچی ئەوەی یەكەمیان لەرووی زمانەوانیشەوە راستە.
** ئەگەر وشەیەكی دیاریكراوت بە پێویست نەزانی ئەوا بیسڕەرەوە، ئەگەر هەر رستەیەكیش هاوكار نەبوو بۆ گەیاندنی زانیاری، ئەوا باشترە بیسڕیتەوە و تەنیا ئەو زانیارییانە بنووسە كە راستی ودروستیان پشتڕاست بۆتەوە.
** زیاتر تەركیزت لەسەر بەكارهێنانی ناو و بكەر بێت، تادەتوانیت بەكارهێنانی ئاوەڵناو كەم بكەرەوە، چونكە تا زیاد بن بەهایان كەم دەبێتەوە و تا كەمیش بن بەهادار دەبن.
** هەندێك جار دەستەواژەكانی گومانكردن پێویستن وەكو “رەنگە ، پێدەچێت ، لەوانەیە ، ئەگەری هەیە” بەڵام زۆر بەكارهێنانیان نەگونجاوە.
** خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ وردەكاریدا رەنگە هەواڵەكە بشارێتەوە، چ لەڕێی باسكردنی ئەو وردەكارییانەی بایەخیان كەمە یاخود لەڕێی لابردنی ئەو وردەكارییانەی هەواڵەكە پێویستی پێیانە.
** پێویستە پەیامنێر ئەو گۆشەنیگا نوێیانە هەڵبژێرێت كە هەواڵەكەی لە هەواڵە رۆتینییەكانی دیكە یان لە هەواڵی پەیامنێرانی دیكە جیابكاتەوە، ئەمەش لەڕێی زیادكردنی ئەو زانیارییە لاوەكییانەوە دەبێت كە بەباشی هەڵیاندەربژێرێت و دەستنیشانیان دەكات و لەوانەیە پەیامنێران و موحەریرانی دیكە گوێیان پێ نەدەن، وكو: “هەواڵی ئەو ئۆتۆمبێلەی بەخێرایی خۆی دەكات بە چێشتخانەیەكی پڕ لە نەفەردا لەكاتی نانی نیوەڕۆدا و دووكەس دەكوژێت” بۆنموونە ئەم زانیارییانەی بۆ زیاد دەكات: “دوو قوربانییەكە پیاوێكی تەمەن 72 ساڵە و هاوسەرە 68 ساڵەكەیەتی، لەو شوێنە لایاندابوو تا ساندویچێك بخۆن لە رێگەیاندا بەرە و پرسەی باوكی ژنی كوڕەكەیان”.
سهرچاوه:
*ناوی كتێب: رێبەرێك بۆ داڕشتنی هەواڵ
*نووسەر: سۆران عەلی
* ساڵی چاپكردن: 2015