
رۆژنامهوانى – ههولێر:
گەیاندنی ههواڵ لە کوردستانی رۆژهەڵات، لە رێگەی تۆڕی کومەڵایەتیی تێلێگرام، چیتر شێوەیەکی جێگیری وەرگرتووە و هەر شارێکی کوردستانی رۆژهەڵات لە لایەن میدیاکارانیەوە چەند کەناڵێکی تێلێگرامی تایبەت بە خۆی بۆ دروست کراوە.
بە پێی لێکدانەوەی زانیارییەکانی سەر کەناڵەکان، ئەو کەناڵانە بە لەبەرچاوگرتنی رووبەر و رێژەی دانیشتووانی شار و گوند و شارۆچکەکانی دەور و پشتیان، لە نێوان ۱۰ بۆ زیاتر لە ٥۰ هەزار ئەندامیان هەیە کە وەرگری هەواڵ و زانیارییەکانیانن و لە رێگەی مۆبایلی زیرەک و بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێتەوە پەیوەستی کەناڵە هەواڵییەکانی تێلێگرام دەبن.
بە پشتبەستن بە هەمان پێوەری رووبەر و رێژەی دانیشتووانی شار و گوند و شارۆچکەکانی دەور و پشتیان و، بە هەڵسەنگاندنی ژمارە و جۆری هەواڵەکان، بە شێوەیەکی رێژەیی دەردەکەوێت:
لەو شارانەی بە بەراورد بچووکن و ژمارەی دانیشتووانیان کەمترە، رۆژانە ۱۰ بۆ ۱٥ هەواڵی تازە بڵاو دەکرێنەوە. لەو شارانەیش بە بەراورد گەورەن و ژمارەی دانیشتووانیان زیاترە، رۆژانە لە نێوان ۲۰ بۆ ۳۰ هەواڵی تازە لە کەناڵەکانیان بڵاو دەکرێنەوە.
هەواڵەکان لە رووی جۆرایەتییەوە زیاتر لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان بڵاو دەکرێنەوە کە زۆرجار رەهەندی رەخنەی سیاسیی و ئابوورییش وەردەگرن، وەکوو: نرخی کاڵا و خۆراک، پرسی هەژاریی و کۆڵبەریی، خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و، هێڵی غاز، پەروەردە و خوێندنگەکان، هەلی کار و دامەزراندن، رووداوی هاتوچۆ و رێگە و بان، ژینگەپارێزیی، پێشکەوتنی فەرهەنگیی و هونەریی، وەرزش، کەش و هەوا، نرخی دراو و …
ئەو کەناڵانە لە لایەن حکومەتەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و دەبێ پابەندی ئەو یاسا و رێسایانە بن کە بۆیان داندراوە، هەندێکجار بە هۆی سەرپێچیکردن لەو یاسایانە میدیاکارانیان رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و سزا دەدرێن.
سەرچاوەی سەرەکی داهاتی کەناڵەکان ریکلامە، کە بە شێوەیەکی گشتیی دەتوانین بڵەین داهاتێکی باشیان دەست دەکەوێت.
لە بڵاو کردنەوەی هەواڵدا خێران، هەواڵەکانیان کورتن و لە چەند دێڕێک پێک دێن، هەندێکجار راپۆرتی نووسراو، ئینفۆگرافیک، وێنەهەواڵ، وێنەی جوڵاو، کورتە هەواڵی دەنگیی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ژانری سەرەکییان کورتە هەواڵی نووسراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی ئەو کەناڵانە بە شێوەیەکی گشتیی پێکدێن لە: پەیامنێرەکانیان، راگەیەندراوی دەزگا حکومییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان، ئاژانسە رەسمییەکانی ئێران و ئەو هاووڵاتییانەی خۆبەخشانە لە شوێنی رووداوەکانەوە زانیاریی و وێنە و وێنەی جوڵاویان پێ دەگەیێنن، هەندێکجاریش هەواڵی میدیاکانی دەرەوەی ئێران، بە هێنانی ناوی سەرچاوە دەگوازنەوە، بە تایبەت میدیاکانی کوردستانی باشوور.
زۆربەی کەناڵەکان زمانی فارسیی بەکار دەهێنن، هەرچەند حکومەت بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردیی رێگرییان لێ ناکات، بەڵام لە بەر کەمبوونی ژمارەی ئەو وەرگرانەی بە ئاسانی دەتوانن رێنووسی کوردیی بخوێننەوە (چونکە لە ئێران خوێندنی رەسمیی بە زمانی کوردیی پەرەی نەسەندووە)، پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی زمانی فارسیی، ئەگەر وا نەکەن ژمارەی ئەندامانیان کەم دەکات و ئەو سوودە مادییەی مەبەستیانە دەستیان ناکەوێت، لە راستیدا ژمارەی ئەندامانی ئەو کەناڵانەی زمانی کوردیی بەکار دەهێنن کەمترە لە ژمارەی ئەندامانی ئەو کەناڵانەی زمانی فارسیی بەکار دەهێنن، بەڵام کەناڵە زمان کوردییەکانیش جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەندێکیان ژمارەی ئەندامانیان گەیشتووەتە زیاتر لە ۲۰ هەزار کەس.
لە نێوان کەناڵە هەواڵییەکان و وەرگرانی پەیامەکانیان پێوەندییەکی گەرم و گوڕ دروست بووە و تا دێت ژمارەی ئەندامانیان زیاد دەکات، هەروەها ژمارەی ئەو جۆرە کەناڵە هەواڵییانە رووی لە زیادبوونە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری و کاری خۆڕسکیان لە بواری میدیای ئۆنلایندا لێ دەبیندرێت کە ئومێدبەخشە بۆ سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی کاری میدیایی و هاتنە پێشەوەی چینێکی نوێی میدیاکار لە کوردستانی رۆژهەڵات.
شەھرام عەبدوڵڵا