
رۆژنامه‌وانی، سلێمانی، نووسینی: محه‌مه‌د ته‌قی روغنیها، وه‌رگێڕانی: مه‌جید ساڵح
به هۆی ئه‌و چوارچێوه‌و قاڵبانه‌ی كه هه‌یه‌تی، “هه‌واڵ” ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیار‌و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه و گۆشه جیاجیاكانی به‌درێژی روداوێك بخاته‌روو. هه‌ندێك جار روداوێك رووده‌دات یان ره‌وتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات پێویست ده‌كات به درێژی وه‌سف بكرێت و له دیدگا جیاجیاكانه‌وه بدرێته به‌ر ره‌خنه‌و راڤه‌و شیكار. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ په‌یام وه‌رگره‌كان هیچ لایه‌نێكی شاراوه نه‌مێنێت.
شێوه‌ی داڕشتنى راپۆرتی رۆژنامه‌وانی
ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجامت داوه، بریتی بوه له كۆكردنه‌وه‌ی بابه‌ت له سه‌رچاوه‌ی جیاجیا. پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه پێویسته‌كان،ده‌بێت ده‌ست بكه‌یت به داڕشتنی ده‌قه‌كه. زۆر له په‌یامنێره تازه‌كاره‌كان له‌م قۆناغه ده‌ترسن و ته‌نانه‌ت ریپۆرته‌ره به ئه‌زمونه‌كانیش به دڵه‌ڕاوكێ و ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه ده‌ست ده‌كه‌ن به‌م قۆناغه.
ئه‌و خاڵه‌ی كه پێویسته له‌سه‌ره‌تای ئه‌م باسه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر بكرێته‌وه، گرنگی دانه به خوێندنه‌وه‌و نوسین. په‌یامنێران ده‌بێت به‌به‌رده‌وامی جگه له خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ئینته‌رڤیو راپۆرتی جۆراوجۆر، چیرۆك و رۆمان و ده‌قی دیكه‌ی ئه‌ده‌بیش بخاته ریزی به‌رنامه‌ی كاری خۆیه‌وه.
راپۆرت هاوته‌ریبی چیرۆك و هه‌واڵ ده‌جوڵێته‌وه، نوسینی بابه‌تی له‌م چه‌شنه كه زۆر جار له چیرۆك ده‌چێت، به‌ستراوه‌ته‌وه به راده‌ی توانای نوسین لای ریپۆرته‌ر. خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی جۆراوجۆر، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی په‌راوێزی وشه‌سازی و ده‌ربڕینی گونجاو لای ریپۆرته‌ره‌كان زیاتر بێت و به ئاسانی ئه‌وه‌ی له مێشكیدایه به كۆمه‌ڵه وشه‌و رسته و ده‌سته‌واژه‌یه‌كی جوان، ده‌یخاته سه‌ر كاغه‌ز. راهینان له سه‌ر نوسین، مه‌رجێكی سه‌ره‌كیه بۆ بوون به ریپۆرته‌ر. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای كاره‌كه‌دا نوسینه‌كانت به لاواز ده‌زانیت، مه‌شڵه‌ژێ و خۆت به لاواز مه‌زانه، چونكه به راهێنانی زۆرتر و خوێنده‌وه‌ی فراوانتر ورده‌ورده ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌بێت و رۆژێك ده‌توانیت بگه‌یته ئه‌و ئاسته‌ی كه خۆت لات په‌سه‌ند ده‌بێت و په‌یام وهرگرهكانتیش لێی رازین.
بۆ نوسینی راپۆرت باشتر وایه ئه‌م قۆناغانه په‌یڕه‌و بكه‌یت:
- ریزبه‌ندكردنی بابهتهكان به پێی گرنگیان:
یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌بێت گرنگترین ئه‌و به‌شانه‌ی كه پێویستن بۆ نوسینه‌وه‌یان له راپۆرته‌كه‌دا، ده‌ست نیشان بكه‌یت و له بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی جیاكه‌یته‌وه. ئه‌و كاره ده‌بێته‌وه هۆی سه‌رگه‌ردان نه‌بونت له ناو خه‌رمانی ئه‌و هه‌موو زانیاریانه‌ی كه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كۆت كردونه‌ته‌وه. له كاتی ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كاندا ده‌كرێت بابه‌ت و زانیارییه‌كان پۆڵێن بكرێن تاكو له كاتی پێویستیدا به ئاسانی لێكیان جیاكه‌یته‌وه. له رێگه‌ی دانانی كۆد یان ژماره بۆ هه‌ر زانیاریه‌ك ده‌توانیت بابه‌ته گرنگه‌كان لێكجیا بكرینه‌وه. به شێوه‌یه‌ك بابهتهكان ریزبه‌ند بكه بۆ ئه‌وه‌ی له نوسینه‌وه‌ی ده‌قی كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا یه‌كه‌ی بابه‌ت و په‌یوه‌ندی له نێوان به‌شه‌كان و گونجانیان له گه‌ڵ یه‌كتریدا لۆژیكیانه بێت و ره‌وتی كشتی بابه‌ته‌كه تێك نه‌چێت.
- هه‌ڵبژاردنی ستایلی ده‌ربڕین:
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به نوسین بكه‌یت، ئه‌و ستایلی نوسینه‌ی كه له گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا ده‌گونجێت و له گه‌ڵ سه‌لیقه‌و زه‌وقی خوێنه‌راندا یه‌ك ده‌گرێته‌وه ده‌ست نیشان بكه. ریپۆرته‌ر به پشت به‌ستن به ئه‌زموون و جۆری ئه‌و راپۆرته‌ی ئاماده‌ی ده‌كات، زمانی پێویست و ستایلی ده‌ربڕینی گونجاو هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ راپۆرته‌كه‌ی. ریپۆرته‌ره به‌ئه‌زمونه‌كان ئاشناییان له گه‌ڵ ستایله جۆراوجۆره‌كاندا هه‌یه و ده‌توانن بۆ ده‌ربڕینی بۆچونه‌كانیان سود له جۆره‌ها قاڵب وه‌رگرن. ریپۆرته‌ره‌كان به پێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی كه له‌سه‌ر خوێنه‌ره‌كانیان هه‌یانه، بۆ هه‌ر راپۆرتێك زمان و ستایلێكی گونجاو له گه‌ڵ ناوهڕۆك و خوێنه‌ری بابه‌ته‌كه‌دا هه‌ڵده‌بژێرن. گه‌ر راپۆرته‌كه له ستایلێكی ره‌وان وجوان و سه‌رنجراكێشدا بخرێته‌ڕوو، خوێنه‌ری زۆرتر بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات و كاریگه‌ریه‌كه‌شی زیاتر ده‌بێت و په‌یامه‌كه‌ش به جوانی ده‌گاته لای په‌یام وه‌رگره‌كان.
داهێنان و نوێخوازی، خۆدورگرتن له رسته‌و وشه‌ی سواو و كڵێشه‌یی، به‌كارهێنانی وشه‌ی جوان، پیویستیان به خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌یه.
- هه‌ڵبژاردنی مانشێتێكی سه‌رنج راكێش:
مانشێتی راپۆرت خاڵی یه‌كه‌می به‌یه‌ك گه‌یشتن و دروستكردنی په‌یوه‌ندیه له نێوان خوێنه‌ر و بابه‌ته‌كه. ئه‌و ده‌سپێكه پێویسته كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر راكێشێت بۆ خوێندنه‌وه‌و رۆچون به درێژه‌ی بابه‌ته‌كه. خوێنه‌رانی چاپه‌مه‌نیه‌كان هه‌موو جۆره بابه‌تێك ناخوێنه‌وه، به‌ڵكو هه‌ندێك هه‌واڵ و راپۆرت و بابه‌ت هه‌ڵده‌بژێرن. مانشێت ئه‌و خاڵه‌یه كه ده‌توانێت خوێننهران كهمهنكێش بكات بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی بابه‌ته‌كه.
مه‌رج نییه مانشێتی راپۆرت، به هه‌مان شێوه‌ی مانشێتی هه‌واڵ بریتی بێت له ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كه له رسته‌یه‌كدا، به‌ڵكو ده‌توانێت شیكردنه‌وه‌یه‌كی كورتی راپۆرته‌كه بێت. له هه‌واڵه‌كاندا، پێویسته مانشێت گونجاو بێت له گه‌ڵ لیدهكهو هه‌ڵگری په‌یامێكی رون وئاشكرا له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌وه بخاته‌ڕوو. به‌ڵام له مانشێتی راپۆرتدا پێویست به ره‌چاوكردنی ئه‌و رێسایه ناكات. ته‌نها ئاگاداری ئه‌وه بن مانشێته‌كان سه‌رنج راكێش و قابیلی تێگه‌یشتن بن. بۆ نمونه ده‌كرێت مانشێتی راپۆرت بریتی بێت له قسه‌یه‌كی نه‌سته‌ق یان په‌ندێك یاخود وشه‌یه‌ك بێت.
- هه‌ڵبژاردنی لیدی گونجاو:
لید به‌شێكی سه‌ركی و گرنگی راپۆرته‌كان پێك ده‌هێنێت و هانی خوێنه‌ر ده‌دات ده‌قی راپۆرته‌كه بخوێنێته‌وه. هه‌ڵبژاردنی لیدی راپۆرت به‌ستراوه‌ته‌وه به جۆری راپۆرته‌كه‌و سه‌لیقه‌و ئه‌زموون و شاره‌زایی ریپۆرتهرهكانهوه. ریپۆرته‌ری سه‌ركه‌وتوو به كه‌مترین وشه زۆرترین ناوهڕۆك ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت به چاوپێخشانێك له ناوه‌ڕۆكی لیده‌كه تێبگه‌ین، له هه‌واڵه‌كاندا لید كورته‌یه‌كی ناوه‌ڕۆكی ههواڵهكهیهو سه‌ره‌كیترین ره‌گه‌زه‌كانی هه‌واڵی تێدایه، به‌ڵام له راپۆرته‌كاندا مه‌رج نیه هه‌مان یاسا په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی تێدا بێت له یه‌كه‌م نیگادا خوێنه‌ر بۆ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه جه‌زب بكات.
لیدی راپۆرت ده‌توانێت رسته‌یه‌كی وه‌سفی تێكه‌ڵ به وێنه‌یه‌ك له رووداوه‌كه بێت، یان ده‌كرێت به وته‌ی یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كان ده‌ست پێبكات. ته‌نانه‌ت ده‌كرێت به چه‌ند پرسیار‌و وه‌ڵامێك ده‌ست پێبكات و له بناغه‌وه جیاواز بێت له گه‌ڵ لیدی هه‌واڵه‌كاندا.
- تۆماركردنی ده‌ق:
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قی راپۆرتێك سه‌رنج راكێش و جوان بێت و زانیاری و چه‌مكه‌كان به ساده‌یی بگه‌یه‌نێته په‌یام ورگرهكان، پێویسته ئه‌م چه‌ند خاڵه له‌به‌رچاو بگرین:
پاراستنی یه‌كه‌ی بابه‌ته‌كه
یه‌كێك له ساده‌ترین تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی هه‌ر ده‌قێك، بریتیه له پاراستنی یه‌كه‌ی بابه‌ته‌كه‌و له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی راپۆرته له رووی قه‌باره‌ی بابه‌ته‌كه‌و خستنه‌ڕووی ورده‌كاریه‌كان و چۆنێتی كه‌ڵك وه‌رگرتن له زانیاریه كۆكراوه‌كانی تر.
له هه‌موو راپۆرتێكدا ره‌چاوكردنی “ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی” و “پاراستنی یه‌كه‌ی بابه‌ت” به خاڵی بنه‌ڕه‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت و پێویسته ریپۆرته‌ره‌كان له‌به‌رچاوی بگرن. به‌به‌رده‌وامی ئه‌وه‌تان له‌بیر نه‌چێت كه بۆ كێ ده‌نوسیت وپه‌یام وهرگرهكانت به گشتی چ كه‌سانێكن. له كاتی نوسینه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌دا ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی خۆت له گه‌ڵ خۆتدا دوبارهكهرهوه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه سه‌ره‌كیه‌كه لانه‌ده‌ی. ئاراسته‌كردنی خوێنه‌ر به شێوه‌یه‌كی ته‌دریجی بۆ لای ده‌رئه‌نجامی راپۆرته‌كه‌و رێكخستنی زانیارییه‌كان و په‌یامه‌كانی به شێوه‌یه‌ك كهههنگاوبه هه‌نگاو خوێنه‌ر بۆ لای خۆی راكێشێت، ئه‌و خاڵانه‌ن كه ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێن.
ئه‌گه‌ر بابهتهكان به رێكوپێكی و له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی ره‌وان ئاراسته نه‌كرێن، یان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران سه‌ریان لێ بشێوێت، یاخود راده‌ی كاریگه‌ریه‌كه‌ی كه‌م ده‌بێته‌وه. ره‌چاو نه‌كردنی هاوسه‌نگی له راپۆرته‌كاندا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی راپۆرته‌كه بێزاركه‌ر بێت و سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران واز له خوێندنه‌وه‌ی بهێنن، له‌وانه‌شه به‌هۆی درێژبوونی بابه‌ته‌كه‌وه هه‌ندێك له بابه‌ته گرنگهكانیش نادیده بگیرێن.
وێنه‌سازی
یه‌كێك له‌و ره‌گه‌زانه‌ی كه راپۆرت له هه‌واڵ جیاده‌كاته‌وه، سودوه‌رگرتنه له دروستكردنی وێنه‌ی رووداوه‌كه له رێگه‌ی وشه‌وه لای په‌یام وه‌رگره‌كان. وێنه‌سازی، په‌یمام وه‌رگره‌كان له گه‌ڵ ریپۆرتهرهكهدا ده‌كێشێته ناو قوڵایی روداوه‌كه‌وه. راده‌ی وێنه‌سازی به‌ستراوه‌ته‌وه به قه‌باره‌و جۆری ئه‌و راپۆرته‌ی ئاماده‌ده‌كرێت. ده‌قی راپۆرت هاوته‌ریبه له گه‌ڵ چیرۆك و هه‌واڵ. ئه‌مه به‌ومانا دێت كه بابه‌ته‌كه جگه له‌وه‌ی باس له هه‌واڵێكی راسته‌قینه ده‌كات، له هه‌مانكاتدا وێنه‌ی چیرۆكیشی تێدایه.
كورت وسادهنوسین
بۆ نوسینی راپۆرت وشه‌ی ساده‌و ره‌وان و روون به‌كار بهێنن. به‌كارهێنانی وشه‌ی ئاڵۆز و نه‌بیستراو و ده‌سته‌واژه‌ی بێگانه، كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر راپۆرته‌كه ده‌بێت. ئه‌و نوسینه زوو له دڵ ده‌چه‌سپێت كه به ساده‌یی و ره‌وانی نوسرابێت. ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه به زمانێكی ساده و بێ گرێ بنوسه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ران به ئاسانی له مه‌به‌سته‌كه‌ت تێبگه‌ن. به كورتی، به‌و جۆره بۆ ئه‌وان بنوسه كه حه‌ز ده‌كه‌ی ئه‌وان بۆ تۆی بنوسن و به خێرایی بیخوێنیته‌وه.
له نوسینی راپۆرتدا، جگه له سادهنوسین ده‌بێت ئاگات له كورت نوسینیش هه‌بێت. ریپۆرتهرهپرۆفیشناڵهكان هه‌وڵده‌ده‌ن به كه‌مترین وشه و رسته مه‌به‌سته‌كانی خۆیان بگه‌یه‌ننه به‌رامبه‌ره‌كانیان. كورت نوسین دوو رووی هه‌یه:
یه‌كه‌م: نوسینی رسته‌و په‌ره‌گرافی كورت.
دووه‌م: كورت نوسین له كۆی گشتی راپۆرته‌كه‌دا و دوركه‌وتنه‌وه له به‌كارهێنانی وشه‌ی زیاده و هاومانا.
ئه‌و رسته درێژانه‌ی كه له چه‌ند په‌ره‌گرافێك پێك دێن، جگه له ناشیرنكردنی ده‌قه‌كه، خوێنه‌ره‌كان ماندوو شه‌كه‌ت ده‌كات و هه‌ندێك جاریش تێگه‌یشتن له ماناكه‌ی ئاڵۆز ده‌كات.
لایه‌نێكی دیكه‌ی كورت نوسین بریتیه له دوركه‌وتنه‌وه له ده‌قی دورودرێژ. هه‌وڵ بده تا پێت ده‌كرێت و تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه نابێته هۆی تێك چوونی راپۆرته‌كه، كورت بنوسه. په‌یامێك دووجار به شێوه‌ی جیاجیا مهنوسهوهو باس له شتێك مه‌كه كه هیچ په‌یوه‌ندی به بابه‌ته‌كه‌وه نیه، چونكه ده‌بێته هۆی درێژبوونی ده‌قه‌كه‌و له جوانیه‌كه‌ی كه‌م ده‌كاته‌وه.
ره‌چاوكردنی رێزمان
ئه‌ركی هه‌موو نوسه‌ر و له ناویانیشدا رۆژنامه‌نوسان و ریپۆرتهرهكانه، زمانی كوردی بپارێزن و ره‌چاوی رێزمانه‌كه‌ی بكه‌ن. بۆیه پێویسته رۆژنامه‌نوس له رێگه‌ی په‌یڕوكردنی هه‌موو رێسا‌و رێزمانهكانی كوردیه‌وه رۆڵی خۆی له گه‌شه‌پێدان و پاراستنی زمانه‌كه‌دا بگێڕێت كه به‌شێكی سه‌ره‌كیه له كولتوری ئێمه‌ی كورد. نوسینی ده‌قی بێ هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕی له‌و پێناوه‌دا كاریگه‌ری زۆری هه‌یه.
پێداچونه‌وه و چاككردنی ناوهڕۆك
پاش یه‌كه‌م داڕشتن زۆر پێویسته به ناوهڕۆك وده‌قی راپۆرته‌كه‌دا بچیته‌وه. پاش نوسینه‌وه‌ی راپۆرته‌كه له رێگه‌ی پێداچونه‌وه‌یه‌كی وردی نوسینه‌كه ئه‌وشتانه‌ی كه له بیرت چووه بۆ بابه‌ته‌كه زیاد بكه و ئه‌و شتانه‌ی كه به‌لاته‌وه زیاده‌ن بسڕه‌وه.
له كاتی خوێندنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه له خۆت بپرسه، ئایا راپۆرته‌كه زانیاری پێویست ده‌دات به په‌یام وه‌رگره‌كان؟ ئایا بابه‌ته‌كه پێویستی به شه‌رحی زیاتر هه‌یه؟ ئایا بابه‌ته‌كه درێژ نییه؟ ئایا ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه مه‌نتقی تێدایه؟ هه‌روه‌ها به‌و چاوه‌وه راپۆرته‌كه‌ت بخوێنه‌وه تاوه‌كو بزانیت راده‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌ر چه‌نده، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بیت له‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ت به رونی گه‌یاندوه‌ته په‌یام وه‌رگره‌كان و به‌شه‌كانی راپۆرته‌كه به شێوه‌یه‌كی مه‌نتقی پێكه‌وه گرێدراون.
ئه‌م بابه‌ته له بلۆگی وه‌رگێڕ وه‌رگیراوه.