

رۆژنامهوانی، ههولێر، ئەسعەد ئەنوەر عارف
پێشەکی
ئەدەبیاتی قەیران زۆر بەربڵاوە: جهنگ، دووری لە جهنگ، قەیرانی ناسنامه و سیاسی، تا رووداوی سروشتی و مرۆیی لەخۆ دەگرێت. ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە قەیرانە، گەیشتن بە رێگەچارەی گونجاوە بۆ رەواندنەوەی هەلومەرجی نائاسایی؛ بە شێوەیەك کە بەرژەوەندیی گشتی، پارێزراو و دابین بکرێن. قەیرانی سیاسی بەپێچەوانەی قەیرانی تر، بە شێوەیەکی لەناکاو روو نادات و، هێدی هێدی پەرە دەسەنێت و، هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە داگیر دهكات و، دەگاتە ئاستێک کە هەر تاکێکی ئاساییی کۆمەڵگە هەست بە بوونی ئەو قەیرانە دەکات. راگەیاندن بە هۆی جۆری کار و پسپۆڕییان لەم بوارەدا، پێویستە پێش لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە و هەر لە قۆناغی سەرەتای قەیراندا، بە شیکاری بابەتی بۆ پرسەکە، کاربەدەستان و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسی و مەترسییەکانی و رێگەچارەی، ئاگادار بکەنەوە. لەم وتارەدا مەبەستمانە تیشک بخەینە سەر بابەتی قەیرانی سیاسی و رۆڵی راگەیاندن لە چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا.
پەیوەندیی نێوان قەیران و راگەیاندن:
ڕاگەیاندن هەستیارترن خاڵی ستراتژییە لە کاتی سەرهەڵدانی قەیراندا کە چارەسەری ئەم پرسەی دەکەوێتە ئەستۆ، کە هەم دەکرێت سەرچاوەی قەیران و هەم هەوێنی چارەسەرکردنی لە کۆمەڵگەی خۆی بێت و، یەکەمین ئامرازه کە هەواڵ و داتاکان دەخاتە بەر دەستی خوێنەر و بینەر و، لە هەمان کاتدا شڕۆڤەی خۆیشیانی بۆ زیاد دەکەن، کە لە ئاراستەکردنی رای گشتیدا گرنگیی تایبەتی هەیە. رۆڵی راگەیاندن لە پرسی قەیرانی سیاسیدا بە بەراورد لەگەڵ قەیرانەکانی تردا قورس و ناڕوونە. بەو مانایە کە راگەیاندن ئاستی زانیاریی هاووڵاتیان سەبارەت بە بابەتە سیاسییەکان و رێکخستنی سیستەمی سیاسی، بەرزتر و کاراتر دەکەن و، لە هەمان کاتدا خاڵی لاوازی سیستەمی سیاسیی کارپێکراو دەخەنە بەرچاوی هاووڵاتیان. بەم شێوەیه، چاوەڕوانیی هاووڵاتیان و داواکارییان لە دەسەڵات زۆرتر دەبێت و، حکوومەت و کاربەدەستان ناتوانن وەڵامی ئەرێنیی هەموو ئەم داواکارییانە بدەنەوە و، دەبێتە هۆی دووری لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی و، لە ئاکامدا سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەشوێن خۆیدا دێنێت. بیرمەندێکی بواری راگەیاندن باوەڕی وایە كه ئەوە راگەیاندنە كه بەشێک لەو شتانەی کە پێویستە فێر بین و بیخەینە سەر زانیارییەکانمان، لە ئەستۆی گرتووه، بەڵام لە روانگەیەکی ترەوە، چۆن بیرکردنەوە و لە چی بیرکردنەوە، بە سەرماندا دەسەپێنن و تێگەیشتنی تاک لە پەیوەندییەکانی دەگۆڕن و ئەو زانیاری و هزرەی کە راگەیاندن بڵاوی دەکاتهوه، تەنیا رەنگدانەوە لە هزری کۆمەڵایەتی و سیاسی نییە، بەڵکوو یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکان لە داڕشتنی هزری کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگەدا. راستییهكهی، ئەم باوەڕە لە لای زۆربەی تاکی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دروست بووە کە راگەیاندن هێزێکی گەورەی ههیه و، دەتوانێ هزری سیاسی و فەلسەفی بگۆڕێ و رەواڵەتێکی نوێی پێ ببەخشێ.
ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی قەیرانی سیاسی:
جۆر و هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی بەپێچەوانەی زۆرێک لە قەیرانەکانی تر جیاوازە، بۆیە لە راگەیاندنی پرۆفیشناڵ ئەو چاوەڕوانییە دەکرێت کە بەشوێن سەرچاوەی قەیراندا بڕوات و هۆکار و رێگەچارەی گونجاو بخاتە روو. لە کاتێکدا لە هەندێ باردا کاربەدەستان و بەرپرسان ئاگاداری دەرەنجامی قەیران نین و، له جیاتی بەرزکردنەوەی کاراییی خۆیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی، لە هەوڵی جێگیرکردنی بارودۆخدان، لەم کاتەدا راگەیاندن بە شیکاری بۆ نموونەی هاوشێوە، بە وەرگرتنی را و بۆچوونی جیاوازی کەسانی شارەزا، مەترسی و دەرەنجامی قەیران بەبیری بەرپرسان بێنێتەوە. سروشتی راگەیاندنی ئازاد فرەدەنگییە، بەڵام کاربەدەستان لە وڵاتانی نادیموکراسیدا بەدوای ناوەندگەرایی و یەکگوتاریدا دەگەڕێن. بۆیە زۆر جار ناکۆکی لە نێوان راگەیاندن و دەسەڵاتدا دروست دەبێت و، راگەیاندنی پرۆفیشناڵ لە بەڕێوەبردنی قەیرانی سیاسیدا، بە رهچاوکردنی ئەم بابەتە، پێویستە ئەوەندە بەئەزموون و پابەند بە پرەنسیپەکانی راگەیاندنی ئازاد و بێلایەن بێت، بە لایەنگری لە حزبێکی سیاسی، یان کەسانێکی دیاریکراو، تۆمەتبار نەکرێ.
ئەرکێکی گرنگی تری راگەیاندن نزیککردنەوەی هاووڵاتی و دەسەڵاتدارانە لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسیدا. هاووڵاتیان رەنگە بیرۆکە و باوەڕی هەڵەیان لە توانای حکوومەت لەلا دروست بووبێت و، ئەم هەڵەیە لە پڕۆپاگەندەی نادروستی حکوومەت، یان لە رێگەی نەیارانیانەوە بەئەنقەست دروست بووبێت، کە هەم حکوومەت و هەم نەیارانی، راگەیاندن بۆ ئامانجی خۆیان بە مەبەستی چەواشەکاریی هاووڵاتی بەکار دێنن. لە کاتێکدا راگەیاندنی خاوەن ئەزموون، پێویستە بە دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی گشتی، بیروباوەڕی هاووڵاتیان نسبەت بە حکوومەت راست بکەنەوە و داواکاریی راستەقینەی هاووڵاتیان بخەنە بەر چاوی دەسەڵات؛ بەم شێوەیە هاوسەنگی و هاوهزری لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیاندا رادەگیرێت.
پەخشکردن و دووبارە گوتنەوەی قەیران وەکوو هەواڵ، قۆناغێکیترە لە بەڕێوەبردنی پرسی قەیران، چونکە راگەیاندن بە هۆی تایبەتمەندیی خۆیەوە، دەتوانێت قەیرانەکان بە شێوەی جۆراوجۆر بڵاو بکاتەوە. بە سەرنجدان لەوەی کە قەیرانە سیاسییەکان هەستیاریی تایبەتییان هەیە و، هەمیشە بەرژەوەندیی هەندێ لایەن دەخەنە مەترسییەوە و زۆر جاریش بڵاوکردنەوەی ئامانجی تایبەتیی لە پشتەوەیە، بۆیە پێویستە راگەیاندن لەم کاتەدا زیاتر گرنگی بە لایەنی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بدات و، کەمتر لایەنی ریکلام و دروشمی پێوە دیار بێت و تەنیا بۆ راکێشانی و بەدەستهێنانی بینەر نەبێت و، لە شیکاری و راڤە بۆ قەیرانی سیاسی، لە فریودانی خەڵکانی ئاسایی و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی نەشارەزا دووری بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی قەیران و، لە ئاکامدا راگەیاندن رۆڵی ناوبژیوانی و بێلایەنی بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیران لەدەست دەدات. چونکە ناوبژیوانی و ئاشتی لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیدا یەکێکە لە ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانی هەر راگەیاندنێکی دڵسۆز و، پێویستە لە نێوان داواکاریی یاسایی و لۆژیکیی هاووڵاتیان و توانای حکوومەتدا هاوسەنگی دروست بکەن و هەوڵی نزیککردنەوەی هەر دوو لایەن بدەن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و سەقامگیریی ئاسایش و ئارامی لە کۆمەڵگەدا. بەپێچەوانەوە، ئاراستە و کۆنتڕۆڵی قەیران لە دەستی راگەیاندن و، بگرە دەسەڵاتیش دەردەچێت و، دەکەوێتە دەست کەسانی نادیار کە رەنگە لە بەرژەوەندیی خۆیان، یان لایەنێکی دیاریکراوی دەرەکیدا بەکاری بێنن و، لەم بارەدا راگەیاندنی نیشتمانی ناچارە ئاماژە بە وێرانیی وڵات و رووخانی سیستەمی سیاسی بکات، کە خۆی لە خۆیدا لاوازیی دەزگای راگەیاندن بەدەر دەخات کە چۆن نەیانتوانیوە لە هێزی نەرمی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆمەڵگەی خۆیان، کەڵکی لێوەرگرن.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆر جار راگەیاندن بە هۆی نەشارەزایی و بێلایەننەبوونی لە کاری خۆیدا، دەبێته هۆکاری قەیران و، بگرە گەورەبوونی. چونکە بە گوتەی مەک کارتی، ئامانجی سەرەکیی بەڕێوەبردنی پرسی قەیران، بەدەستخستنی رێگەچارەی گونجاوە بۆ رەواندنەوەی هەلومەرجی نائاسایی؛ بە شێوەیەك کە بەرژەوەندی و بەها سەرەکییه پارێزراوەکان دابین بکات. بەڵام لە باشووری کوردستان راگەیاندن، قەیرانی کۆمەڵگە بە قەیرانی خۆی نازانێت و لە جێگەی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو و ساڕێژکردنی، بە هۆی سەربەخۆنەبوونیانەوە لە هەوڵی ئەوەدان لایەنێکی دیاریکراو بە بەرپرس بزانن و لە رێگەی کەناڵەکانیانەوە دادگهییی بکەن و وەکوو تاوانباریش بە هاووڵاتی بناسێنن و، ئەو دابەشبوونەی کۆمەڵگە، کە حزبە سیاسییەکان هۆکاری سەرەکین، قووڵتر بکەنەوە.
قەیرانی سیاسیی نێوخۆیی، ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، بە رووخاندنی دەسەڵات لە ناخەوە کۆتاییی پێ دێت و، لەم قۆناغانەی خوارەوە دەست پێ دەکات:
– پەرەسەندنی ناکۆکی و پێشبڕکێ لە نێوان کاربەدەستان و نوخبەكان کە کاریگەرییان لە ناوەندی بڕیاردا هەیە.
– دابەشبوونی تاکی کۆمەڵگە لە نێوان دەسەڵات و نەیاران.
– زۆربوونی رێژەی کردەوەی توندوتیژی.
– بەرجەستەبوونی جیاوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
– کردنەوەی دەرگهی دەستێوەردانی دەرەکی.
کۆبەند:
راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە شەقام بەڕێوە دەبات، کاریگەریی گەورەی لەسەر بڕیاری حزبەکانیش هەیە، بەڵام ئەم راگەیاندنە بەهێزە بەو بوودجە زەبەڵاحەوە نەیتوانیوە لەو دابەشبوونەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی گرتووە و، بڕیار بوو هەوڵی رەواندنەوەی بدات، رزگاری بێت و، خۆی بووەتە بەشێک لەو دابەشبوونە و، بگرە قووڵتری کردۆتەوە. بۆیە لە پرسێکی نیشتمانیی گرنگی وەکوو سەربەخۆیی، چاوەڕێی فەرمان لە ناوەندە حزبییەکانەوە دەكات، تاوەکوو ئاراستەی پرۆگرامی کەناڵەکهی دیاری بکات؛ لە کاتێکدا رۆڵی راگەیاندن بە دوو روانگەی ئاوهدانکردنەوە و وێرانکاریی خۆی، لە رەوەندی وەڵامدانەوەی پێداویستیی نیشتمانی و هەڕەشەی نێودەوڵەتی بەدیار دەکەوێت: رووی وێرانكەری، دابڕانە لە رابردوو و بیرنەکردنەوەیە لە داهاتوو، ناکاراکردنی هزری کۆمەڵگە لەژێر بارانی زانیاریی هەڵە، هەواڵی دوور لە راستی و پێچەوانەکردنی راستییەکان؛ بەڵام رووی ئاوەدانكەری راگەیاندن لەم ساتە مێژوویییەدا، دەرفەتێکە کە پێویستە، خواستی گەلی کورد گەورەتر لە هەر بەرژەوەندییهکی حزبی و خودی راگەیاندن بزانن، تاوەکوو لە دڵی هەموو قەیرانەکاندا کوردستانی سەربەخۆ لەدایک بێت.
سهرچاوه: سایتی پێنووس، رۆژی بڵاوكردنهوهی (06.07.2017)