سێ بێژەری دیاری كەناڵی كەی ئێن ئێن، لەگەڵ هەواڵسازێكدا دەستلەكاردەكێشنەوەو كەناڵەكە بەجێدەهێڵن. سەرچاوەیەك لەكەناڵی كەی ئێن ئێن، بەسایتی هاوڵاتی وت “هەریەكە لەبێژەران بێستون فایەقو محەمەد رەوفو دابان محەمەد لەگەڵ فازڵ رەوف هەواڵساز ئێوارەی ئەمرۆ دەستیانلەكاركێشایەوەو كەناڵەكەیان بەجێهێشت”.
وتیشی “هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ بونی ناكۆكی لەگەڵ بەرێوەبەری كەناڵەكە دەگەڕێتەوە”. سایتی هاوڵاتی پەیوەندیدكرد بەو بێژەرانەوە هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەكەیان پشتراستكردەوە بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن. هۆشیار عەبدوڵا بەرێوەبەری كەناڵی كەی ئێن ئێن هەواڵەكەی پشتراستكردەوەو بەتەنها وتی “ئەوە كارێكی ناوخۆیی ناو كەناڵەكەیە”.